ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی نوێ‌ دەستی بەسەردا گیرا

:: PM:04:22:21/06/2018 ‌
بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای كرد، دەستیان بەسەر چەند فلاتێكی ئۆتۆمبێلی كیلۆمەتر سفردا گرتووە بەهۆی ئەوەی هیچ ژمارەیەكی كاتی بە ئۆتۆمبێلەكانەوە نەبووە و ئەوەیش پێچەوانەی ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی حوزەیران، فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزەكانی هاتوچۆی ناوشارەوە دەستگیراوە بەسەر چەند فلاتێكی ئۆتۆمبێلی كیلۆمەتر سفری بێ تابلۆ كە ژمارەیان 93 ئۆتۆمبێل بووە و لە گەراجی هاتوچۆی هەولێر ماونەتەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو ئۆتۆمبێلانە پێچەوانەی ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ هیچ تابلۆیەكی كاتیان پێوە نەبووە لە كاتێكدا لە ماوەی رابردوو سەرجەم كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل ئاگادار كرانەوەتەوە كە بەهیچ شێوەیەك ئۆتۆمبێل داخڵی ناو هەرێمی كوردستان نەكەن بەبێ بەستنی تابلۆ یا ژمارەی‌ كاتی بۆیان.

بەرپرسەكەی هاتوچۆی هەولێر دووپاتی كردەوە كە ئەو سەرپێچییە وەك ئەوەی پێشتر كۆمپانیاكان ئاگادار كرابوونەوە بڕی ملیۆنیك دینار بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك غەرامە دەكرێ.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم