پێنجوێن، یه‌كێكه له‌ناوچه سنووریه‌كانی باشوری كوردستان و به سرووشته جوانه‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه، به‌ڵام تا ئێسته به‌شێك له سه‌یرانگا و شوێنه گه‌شتیاریه‌كانی هه‌رچه‌نده گه‌شتیاران ڕووی تێده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕێگایان بۆ نه‌كراوه و بێ خزمه‌تگوزارین و حكومه‌تی هه‌رێمیش وه‌ك پێویست ئاوڕی له ناوچه گه‌شتیاریه‌كانی پێنجوێن نه‌داوه‌ته‌وه و پشتگوێخراون، قایمقامی پێنجوێنیش، ده‌ڵێت: "شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی سنووره‌كه، پێویستی به‌بودجه‌یه‌كی كه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێك بخرێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه تاكو ئێسته نه‌نراوه".
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 22ى حوزه‌یران، زانا ڕه‌حمان، قائیمقامى شارۆكه‌ى پێنجوێن، له لێدوانێكدا به "وشه"ى ڕاگه‌یاند: "پێنجوێن به‌هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافیاكه‌یه‌وه، خاوه‌نى سرووشتێكى دڵگیر و جوانه و چه‌ندین سه‌یرانگاى تێدایه و به به‌راورد به زۆر شوێنى دیكه‌ى باشورى كوردستان، شوێنێكى زۆر نزیكه له شارى سلێمانى و پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌وه.
گوتیشى، پێشتر كاتێك كه قه‌یرانى دارایی له هه‌رێمدا نه‌بوو، بیر له‌مه نه‌كراوه‌ته‌وه به‌شێك له‌بودجه‌ى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ بۆ بوژاندنه‌وه‌ى كه‌رتى گه‌شتیارى و سه‌یرانگاكانى ته‌رخان بكرێت.
قائمیقامى پێنجوێن، ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد، كه به‌داخه‌وه زیاتر له سێ ساڵه نه‌مانتوانیوه هیچ پڕۆژه‌یه‌ك له بوارى گه‌شتیارى به‌هۆى نه‌بوون و دابین نه‌كردنى هیچ بودجه‌یه‌كه‌وه، بۆ پێنجوێن ئه‌نجام بده‌ین، نه له‌سه‌ر بودجه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان و نه‌بودجه‌ى په‌ره‌پێدان و نه‌بودجه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم.
شارۆكه‌ى پێنجوێن، به‌دووری نزیكه‌ی 100 كیلۆمه‌تر له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سلێمانی له نێو ئامێزی چه‌ند چیایه‌كی سه‌ركه‌شدا شارۆكه‌یه‌كی قه‌شه‌نگه، كه هه‌ڵكه‌وته جوگرافیاییه‌كه‌ی ژماره‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندی پێبه‌خشیوه و سرووشته جوانه‌كه‌ی هۆكاره بۆ شارێكی گه‌شتیاری، به‌ڵام حكوومه‌ت په‌راوێزی خستوه و ئاوڕی لێنه‌داوه‌ته‌وه.
پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێن