حزبەكەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردن تووشی شكستی گەورە بوو

:: AM:11:10:25/06/2018 ‌


بەپێ ئەنجامە نافەرمییەكان بێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان براوەی كاندیدانی سەرۆكایەتی كۆمار بووە، بەڵام حزبەكەی ئەردۆغان كەمترین  كورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە بە بەراورد بە چوار هەڵبژاردنی رابردوو، ئەگەرچی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش زیادی كردووە. ئۆپۆزسیۆنی توركیاش پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن دەسەڵات دەستكاری دەنگەكانی كردووە.

دوێنێ 24ی حوزەیران، هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری و پەرلەمانی توركیا ئەنجام درا، زیاتر لە 56 ملیۆن دەنگدەر لەناوخۆی توركیا و نزیك سێ ملیۆن دەنگدەریش لە دەرەوەی توركیا بەشدارییان تێیدا كرد و رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكە وەك ئەردۆغان شەوی رابردوو رای گەیاند نزیك بووە 90%.

دەوڵەتی توركیا كە ساڵی 1922 وەك شوێنگرەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانی لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرا، سیستەمی سیاسی لە وڵات، دیموكراتی نوێنەرایەتی پەرلەمانی بووە.

ئەتاتورك لە 1923 تا مردنی لە 1938 سەرۆكی وڵات بووە، حزبی دەسەڵاتدار تا ساڵی 1945 حوكمی تاكڕەوی وڵاتی كردووە و پاشان توركیا بووە بە وڵاتی فرەحزبی.

لە توركیا، سوپا دەسەڵاتی فراوانی هەبووە، ساڵی 1960 و 1971و 1980 و 1997 كودەتای سەربازی بەسەر حكوومەتی مەدەنی كراوە، بەڵام ئەردۆغان لە راپرسی ساڵی رابردوو سیستەمی سیاسی وڵاتی لە دیموكراسی نوێنەرایەتی پەرلەمانی بۆ كۆماری گۆڕی و پۆستی سەرۆك وەزیرانی هەڵوەشاندەوە و گۆڕانكاری لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و داواكاری گشتی و دامەزراوە سەربازییەكان كرد بەپێی هەمواری 18 مادەی دەستووری توركیا.

داد و گەشەپێدان دوای چوار خول پەرلەمان دەدۆڕێنن
حزبی داد و گەشەپێدان كە ساڵی 2001 دامەزراوە وەك پاشماوە رەوتە ئیسلامییەكانی توركیا كە نەجمەدین ئەربەكان سەركردایەتی دەكرد، ساڵی 2002 بەشداری یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیایان كرد، بەپێی راپۆرتێكی "جەزیرە" لە بارەی پارتی داد و گەشەپێدان، ئەو حزبە لە یەكەم هەڵبژاردن 363 كورسی لە كۆی 550 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. لە هەڵبژاردنی 2007 ژمارەی كورسییەكانی بۆ 331 دابەزی و 47%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، ساڵی 2008 دادگای دەستووری داوای داخستنی پارتی داد و گەشەپێدانی رەت كردەوە بە تۆمەتی لادان لە سیستەمی عەلمانی و چوون بەرەو ئیسلامی، ئەمە وایكرد داد و گەشەپێدان سەركەوتوو بن لە یەكەم هەمواری دەستووری لە راپرسی 2010، لە هەڵبژاردنی 2011 جارێكی تر داد و گەشەپێدان براوەی هەڵبژاردن دەبێت، بەڵام بە بەراورد بە هەڵبژاردنی یەكەمیان 36 كورسی كەم دەكەن و 327 كورسی بەدەست دەهێنن.

بەپێی هەمواری دەستووری 2010، ساڵی 2014 یەكەم هەڵبژاردنی راستەوخۆ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكرێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە زۆرینەی دەنگ دەبێتە یەكەمین سەرۆكی راستەوخۆ هەڵبژێرا و 12یەمین سەرۆك توركیای نوێ.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2015، پارتی داد و گەشەپێدان 40.87%ی دەنگەكان كە دەكاتە 258 كورسی بەدەست دەهێنێت و بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2002 ئەوا 105 كورسی كەم كردووە.

بەڵام دوای نەگەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بڕیاری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن درا لە هەمان ساڵ، ئەمجارە حزبەكەی ئەردۆغان 316 كورسی بەدەستهێنا كە دەكاتە 49.58%ی دەنگی دەنگدەران و توانی حكوومەت پێك بهێنێت بە بەستنی هاوپەیمانی.

لە هەڵبژاردنی دوێنێ بۆ پەرلەمان كە بەپێ هەمواری دەستووری ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان بۆ 600 كورسی زیاد كراوە، پارتی داد و گەشەپێدان بە پێی ئاژانسی "ئانادۆڵو"ی فەرمی دەوڵەت بێت، لە جیاكردنەوەی 99.10%ی دەنگەكان، 42.49%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە كە دەكاتە 293 ئەندامی پەرلەمان، بەمە داد و گەشەپێدان لەگەڵ ئەوەی 50 كورسی بۆ پەرلەمان زیادی كردووە، بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی رابردوو 23 كورسی كەمی كردووە و لەگەڵ هی یەكەمیش لە 2002دا، ئەوا 70 كورسیی كەم كردووە.

ئەنجامە نافەرمییەكان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بە پێی "ئەنادۆڵو" دوای جیاكردنەوەی 99.98%  لە دەنگدان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی، ئەوا رەجەب تەیب ئەردۆغان 52.38%ی دەنگەكانی هێناوە و بەو ئەنجامەش بێت پێویست بە گەڕی دووەم ناكات و بە دەسەڵاتێكی زۆرەوە بە پێی هەمواری دەستووری لە دەرئەنجامی راپرسی 16ی نیسانی 2017 كە سیستەمی سیاسی وڵات لە پەرلەمانییەوە بوو بە سەرۆكایەتی، دەبێتە یەكەمین سەرۆكی توركیای نوێ.

ئەمە دووەمین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیایە كە دەنگدەر راستەوخۆ سەرۆك دەستنیشان دەكات دوای دامەزراندنی دەوڵەتی توركیا لە 1922، كە مستەفا كەمال ئەتاتورك یەكەمین سەرۆكی ئەو وڵاتە بووە لە 1923 تا 1938.

سیستەمی سیاسی لە توركیا، سیستەمێكی دیموكراسی نوێنەرایەتی پەرلەمانییە، سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرێت، هەروەها سەرۆك وەزیران و بەرنامەی بۆ حكوومەتیش هەر لە پەرلەمانەوە دەنگی پێ دەدرێت، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە، 24ی حوزەیران كە هەڵبژاردنی پێشوەخت بووە و بەپێی هەمواری دەستوور كە ساڵی رابردوو لە راپرسییەك دەنگی لەسەر درا، سیستەمی سیاسی لە توركیا لە پەرلەمانییەوە بوو بە كۆماری و پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵوەشایەوە و دەسەڵاتەكانی دران بە سەرۆك كۆمار، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 550 كرا بە 600 و هەڵبژاردنیش پێنج ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت.

سەرۆك كۆمار خۆی وەزیرەكانی كابینەكەی دەستنیشان دەكات و پەرلەمان بۆی نییە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات تەنیا لە یەك حاڵەتدا نەبێت كە پەرلەمان داوای كردنەوەی دۆسیەی لێپرسینەوەی لە سەرۆك كۆمار و كابینەكەی بكات، لەم كاتەشدا سەرۆك كۆمار بۆی نییە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات. جگە لەمە پەرلەمان بۆی هەیە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی ئەندامانی.



وشە - فه‌رمان سادق