دابەشكردنی زەوی دەست پێ‌ دەكاتەوە

:: AM:09:13:27/06/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی ئاشكرای كرد، لە ماوەیەكی نزیكدا دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان لە سلێمانی دەست پێ دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان هاتووە، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی زەویوزاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بڕیاری دا بە دابینكردنی زەوی لە ماوەیەكی نزیكدا بۆ كەسوكاری شەهیدان.

جەمال حەسەن بەڕێوەبەری بەشی زەویوزاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی، كە بە نوێنەرایەتی وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی سەردانی شارەوانییان كردووە لەگەڵ یوسف یاسین سەرۆكی شارەوانی سلێمانی كۆ بووەوە.

بەڕێوەبەری بەشی زەویوزار گوتی، سەرۆكی شارەوانی بڕیاری دا بە دابینكردنی زەوی لە ماوەیەكی نزیكدا بۆ كەسوكاری شەهیدان.

دابەشكردنی زەوی لە هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێك وەستابوو، بەڵام بەپێی چەند بڕیارێكی وەزارەتی شارەوانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەشكردنی زەوی دەستی پێ‌ كردووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد