بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ئاگەداری هاووڵاتییان دەكاتەوە خۆیان لە تیشكی خۆر بپارێزن و لە سەعات 10 بۆ سەعات سێی ئێوارە نەچنە بەرتیشكی خۆر.
ئەمڕۆ چوارشەم چواری تەمووز/ یۆلیۆ، لە ئاگەدارییەكەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر هاتووە، زۆر ئاگاداربن لە مار و دووپشك، چونكە لە كاتی گەرما بە شێوەێكی بەرچاو دێنە دەرەوە بۆ گەڕان بەدوای شوێنی سارد و فێنك.
لە بەشێكی ئاگەدارییەكەی تەندروستی هەولێر هاتووە، خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەكان و پاراستنی بوتڵی غاز لە تیشكی خۆر و كوژاندنەوەی گیزەری ئاو گەرمكردن پێویستە.
تەندروستی هەولێر داوا دەكات زیادەرۆیی نەكرێت لە ئیش پێكردنی ئامێرە كارەباییەكان بۆ پاراستنی (محەویلەكانی) كارەبا و خۆپاراستن لە تیشكی خۆر بە تایبەتی لە سەعات 10ـی بەیانی تا سەعات سێی پاش نیوەڕۆ، لەگەڵ دانانی ئاو لەسەر دیوار و پەنجەرەكانتان بۆ باڵندەكان.
ئەو ئاگەدارییەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر لە كاتێكدایە پێشبینی دەكرێت لەو هەفتەیە پلەكانی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێپەڕێنێت و شەپۆلی گەرمای هاوین درێژ بێتەوە، بەرگریی شارستانیش دوێنێ هۆشداری بە هاووڵاتییان دا لە كاتی نیوەڕۆ بەنزین لە ئۆتۆمبێلەكانیان نەكەن.