هاتوچۆ ئاگەدارییەك ئاراستەی هاووڵاتییان دەكات

:: AM:10:31:10/07/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەك ئاراستەی هاووڵاتییان دەكات كە پێویستە لەكاتی سەردانی بەڵگەنامەی ڕەسەنەكەیان پێ بێت و كۆپی بەڵگەنامە بەتەنیا كاری پێ ناكرێت و مامەڵەی هاووڵاتییان ناكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 1خـی تەمووز/ یۆلیۆ، لە ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هاتووە، ئاگەداری سەرجەم هاووڵاتییانی شاری سلێمانی دەكەین لەكاتی سەردانیكردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، پێویستە بەڵگەنامە ڕەسەنەكانیان پێ بێت.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكە ئاشكرا كراوە ئەگەر هاووڵاتییەك تەنیا كۆپی بەڵگەنامەكانی پێ بێت وەك (كۆپی ساڵانە، مۆڵەتی شۆفێری و كارتی مەرجی توندوتۆڵی) بەبێ بوونی ڕەسەنەكانیان، ئەوا بەهیچ شێوەیەك مامەڵەكانیان بۆ ڕایی ناكرێت لەناو بەڕێوبەرایەتیمان.

ئەو ئاگەدارییەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە كاتێكدایە بەشێكی زۆری هاووڵاتییان لەكاتی مامەڵەی دەرهێنانی كارتی نیشتمانی، ئەوا بۆ ماوەی دوو تا پێنج ڕۆژ سەرجەم ناسنامە و بەڵگەنامەكانی هاووڵاتیبوونی لێ وەردەگیرێت.

لە بەشێكی زۆری دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستە مامەڵەی كاروباری هاووڵاتییان بە كارتی نیشتمانی دەكرێت و پێوستە هاووڵاتییان ئەو كارتەیان دەرهێنابێت و لەكاتی مامەڵەی تر لە دامەزراوەیەك، ئەوا هاووڵاتییان دووچاری كێشە دەبنەوە ئەگەر ئەو بەڵگەنامانەیان پێ نەبێت.



وشە - رامیار جەواد