لە سنە سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیەنرا

:: AM:09:13:11/07/2018 ‌

بەهۆی رووداوێكی دڵتەزێنی هاتوچۆ لە سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان، 11 كەس گیانیان لە دەست دا و هەر بەم هۆیەشەوە پارێزگاری سنە سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند.

بەگوێرەی "ئیرنا" پێكدادانەكە لە نێوان تانكەرێكی نەوت و پاسێك رووی داوە. تانكەرە نەوتەكە لە پشتەوە خۆی بە پاسەكە داداوە و لەگەڵ ئەم رووداوەش تەقینەوەیەكی گەورە رووی داوە و پاسەكە بە تەواوی بووەتە ئاگر و سووتاوە.

زۆرینەی سەرنشینەكانی پاسەكە گیانیان لە دەست داوە و چوار كەسیشیان بریندار بوون. پۆلیسی سنە وردەكاری زیاتری ئاشكرا نەكردووە و گوتوویەتی خەریكی لێكۆڵینەوەن لە رووداوەكە.

دەگوترێت لە دەرەوەی تەرمیناڵی سنە پاسەكە لە تەنیشت شەقام وەستاوە و ویستوویەتی چەند سەرنشینێكی تر هەڵبگرێت و لەو كاتەشدا تانكەرە نەوتەكە خۆی پێ راكێشاوە.

دوێنێ سێشەمیش پاسێكی هێڵی تاران مەریوان بە تەواوی سووتا، بەڵام هیچ زیانێك بەر سەرنشینەكانی نەكەوت.

پێ دەچێت ئەو تانكەرە نەوتە لە هەرێمی كوردستانەوە هاتبێت و بەگوێرەی سەرچاوەكانی ئێرانیش رۆژانە ژمارەیەكی زۆری تانكەری نەوت بە پارێزگای سنەدا تێدەپەڕن و زۆر جاریش ئەم تانكەرانە دەبنە هۆی رووداوی هاتوچۆ یان دەكەونە ناو دۆڵەكانەوە.

ژمارەی دانیشتووانی شاری سنە نیو ملیۆن كەسە و پارێزگاكەش هاوسنوورە لەگەڵ پاریزگای سلێمانی.



وشە - سلێمان تاشان