مەترسییەكانی سەردانی نەتنیاهۆ بۆ رووسیا بۆ سەر ئێران چین؟

:: PM:08:11:11/07/2018 ‌

لە ماوەی دوو مانگدا ئەمڕۆ چوارشەم بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووەم سەردانی بۆ مۆسكۆ ساز كرد و بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتنی سەرۆكی رووسیا لێكەوتەكانی دۆخی سووریا بەتایبەتی باس بكات، بەڵام گفتوگۆكان تا چەند بۆ ئێران كاریگەرن؟.

ئێران یەكێكە لە وڵاتانی پێوەست بە دۆخی سووریا و لە ماوەی رابردوو رۆڵی گەورەی بینی لە پاراستنی رژێمی بەشار ئەسەد لە كەوتن، ئەو راستەوخۆ و ناراستەوخۆ رۆڵی گەورەی لە كردە سەربازییەكانی سەر گۆڕەپانی سووریا هەیە و چاوی لە دەستكەوتی گەورەیە لە داهاتووی ئەو وڵاتە، بەڵام هاوكات ترسیشی لە رێككەوتننێكی ئەمەریكا و ئیسرائیل و رووسیا هەیە لە سنوورداركردنی بوون و دەستكەوتەكانی لەو وڵاتەدا.

نەتنیاهۆ وا سەیری پووتن دەكات كە ناونیشانی سەرەكیی هەموو ئەوانەیە كە لەسەر گۆڕەپانی سووریا روو دەدەن، لەو كاتەی پووتن وا سەیری نەتنیاهۆ دەكات ئەو پردەیە كە بە كۆشكی سپی و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكای دەگەیەنێ، لەو كاتەی ئیسرائیل سوورە لەسەر رەوانەكردنی پەیامێك بۆ ئێران بەوەی پێویستە هێز و میلیشیاكانی پاڵپشتیان دەكات، لە سووریا دوور بكەونەوە. 

مستەفا فەحس، نووسەر و چاودێر بۆ كاروباری ئێران لەو بارەوە بە"سكای نیوز"ی راگەیاند، ئیسرائیل ناچێتە ناو جەنگێكی راستەوخۆ لە سووریا بۆ وەردەرنانی ئێران، بەڵكو ئامانجی نەتنیاهۆ لە سەردانەكەی بۆ مۆسكۆ تەناهی و ستراتیجییە بەپلەی یەك و روونی كردەوە، ئیسرائیل دەیەوێت سنوورەكانی خۆی لە رێگەی دوورخستنەوەی هێزەكانی ئێران بپارێزێت، لەو كاتەی دەیەوێت خۆیشی لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە ناوچەكە بەدوور بگرێت.  

زیاتر گوتی، نەتنیاهۆ باش دەزانێت كە تەنیا رووسیایە كە بتوانێت قسە لەگەڵ ئێران بكات بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، بەڵام هاوكات مۆسكۆ قەناعەتی بەوە هەیە كە ناتوانێت رووماڵی گۆڕەپانی سەر زەوی سووریا بكات ئەگەر ئێران لە سووریا وەدەر بنرێت، بەتایبەتی كاتێك ئێران هاوبەشی رووسیایە لە دەستكەوتەكان لە سووریا. 

فەحس لە وتارێكی لەوبارەوە لە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" نووسیویەتی، لەسەر گۆڕەپانەكەوە تەلئەبیب توانوویەتی مەرجەكانی تەناهی و سەربازی خۆی بەسەر مۆسكۆ بسەپێنێت، لەو جەنگەی رژێمی سووریا بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگای دەرعا دەیكات، بۆیە مۆسكۆ وەڵامی خواستی ئیسرائیلی دایەوە بە دوورخستنەوەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە سنوورەكانی باكوری لە رێگەی دابەشكردنی جەنگی باشوور بۆ دوو بەش، بەشێكیان بەرەو سنوورەكانی ئوردن و بەشەكەی تر بەرەو سنوورەكانی ئیسرائیل كە لەوەی دووەمیان ئیسرائیل مەرجی بەشداری نەكردنی میلیشیاكانی سەر بەئێرانی دانا و مەرجەكەی جێبەجێ بوو. 

ئەو نووسەرە ئاماژە دەكات، ئەو كارە لە چوارچێوەی دەستەوارەیەك هات لە نێوان مۆسكۆ و واشنتن كە رێگە بە هێزەكانی سووریا دەدات بۆ فرەوانكردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی، لەو كاتەی ئەمەریكا رۆڵی چاودێر و بوونێكی سنووردار و بێ تێچوو لە سووریا دەبینێت و رووسیایش بوونێكی درێژخایەن و نادیار، هەرچی تارانە لەناو زەڵكاوەكانی سووریا نقووم دەبێت و تا دێت دەربازبوونی سەختتر و ئەویش لاوازتر دەبێت، لەو كاتەی ئیسرائیل بەتەنیا ئامانجە راگەندراو و رانەگەندراوەكانی دێنێتە دی، چونكە زۆرینەی شارەكانی سووریا وێران بوون و زیاتر لە 10 ملیۆن هاووڵاتیی سووریا ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆنیشیان كوژران، بەو شێوەیە هیوا و ئاواتی زۆرینەی سووریایی بە گەیشتن بە دەسەڵات لەناو چوو، چونكە بۆ تەلئەبیب زۆرینەی سووریا قوڵایی مێژوویی بۆ گەلی فەڵەستین و یەدەگی ستراتیجی لە تەنگژەكان پێك دێنن.

بەپێی بۆچوونی ئەو نووسەرە ئەو جەنگەی حكوومەتی سووریا لەدژی گەلەكەی كردی، خەمێكی گەورەی پێوەست بە بوونی لەكۆڵ تەلئەبیب كردەوە، كاتێك خێوەتگەی یەرمووك لەلایەن سوپای سووریا و فڕۆكەكانی رووسیا تەخت كرا و بەوەیش دۆزی فەڵەستین یەكێك لە كارتە بەهێزەكانی لە دانوستان لەگەڵ تەلئەبیب لەدەست دا لە مافی فەڵەستینییەكان بە گەڕانەوە. هەروەها سووریا هیچ هەوڵێكی نەداوە بۆ گەڕاندنەوەی بەرزاییەكانی جۆلان كە لەژێر كۆنترۆڵی ئیسرائیلە و هیچ بەرگرییەكیشی تیادا نەكراوە، بۆیە هەلێكی باش هەیە بۆ رازیكردنی ترەمپ بۆ داننانی فەرمی بە دەسەڵاتی ئیسرائیل بەسەر جۆلاندا. 

هەر لەو بارەوە رامی عەبدورەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی سووریا دەڵێت، رێككەوتن لە نێوان پووتن و نەتنیاهۆ كراوە بە رێگری نەكردن لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی سوپای ئەسەد بۆ سنوورەكان لەگەڵ ئیسرائیل لەبەرانبەر هێشتنەوەی هێزەكانی ئێران و میلیشیاكانی دوور لە سنوورەكانی ئەو وڵاتە. 

لەبارەی ئەنجامی گەشتەكەی نەتنیاهۆ بۆ سووریا ئاماژەی كرد، رەنگە ئەنجامەكان رانەگەندرێن، بەڵام رووسیا بەكردەنی دەستی كردووە بە سنوورداركردنی رۆڵی ئێران لەناو سووریا و ئاماژەی كرد، ئێران ئەو هەڵوێستەی ئەسەد لە بەرانبەری بە ناپاكی دادەنێت بەهۆی ئەو قورانییە زۆریەی لە سووریا داویەتی.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل