ژماردنی دەستی دەنگەكان لە هەولێر دەستی پێ‌ كرد

:: AM:08:56:12/07/2018 ‌
دوای گواستنەوەی سندووقەكانی دەنگدان لە كۆگای سایلۆی هەولێر بۆ یەكێك لە هۆڵەكان كە دوێنێ‌ ئەنجام درا، ئەمڕۆ پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە هەولێر دەستی پێ‌ كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی تەمووز/ یۆلیۆ، حاكم جاسم سەرپەشتیاری بنكەكانی ژماردنەوەی دەستی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرا كرد، ئەمڕۆ جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان لە پارێزگای هەولێر دەست پێ‌ دەكات و بڕیارە جیاكردنەوە بۆ 214 سندووق بكرێت.

ئەو سەرپەرشتیارە گوتی، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەولێر، دەچینە پارێزگای دهۆك و ئەمڕۆش كۆمسیۆنی عێراق ئاگەداری لایەنەكانی كردووەتەوە كە نوێنەریان بنێرن بۆ هۆڵی شادی لە هەولێر بۆ پرۆسەی دووبارە ژماردنەوەی ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" نوێنەر و چاودێری زۆربەی لایەنەكان ئامادەی پرۆسەكەن، بڕیارە بە چاودێری ئەو لایەنانە وەك پارێزگاكانی تر پرۆسەكە بەڕێوە بچێت و جیاكردنەوەكە دەست پێ‌ دەكات.

دوێنێ ئەو سندووقانەی بڕیارە دەنگەكانیان بە دەست بێنە ژماردن، لە سایلۆی هەولێرەوە گواسترانەوە بۆ ناو هۆڵی شادی بە چاودێری سەرجەم لایەنە سیاسییەكان.

جیاكردنەوەی دەنگەكانی پارێزگای كەركووك و سلێمانی كۆتایی هاتووە و بڕیارە دوای تەواوبوونی سەرجەم بنكەكانی كە لە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانی دەستی بۆ كراوە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دادگای فیدڕاڵ ئەنجامەكان ڕابگەیەنن.

دوای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە، یاساكە دەسەڵاتی دادوەری ڕاسپارد، دادوەران وەك ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و بەرپرسی نووسینگەكانی كۆمسیۆن دابمەزرێنێ و دەست بە پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان بكرێ.

دادگای فیدرالی عێراق بڕیاری ژماردنەوەی سەرجەم دەنگەكانی بە دەست ڕەتكردەوە و كۆمسیۆنی ڕاسپارد تا تەنیا ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە و گومانیان لێ دەكرێ بە دەست بژمێردرێنەوە و ماوەی هەفتەیەكیشە پرۆسەكە دەستی پێ كردووە.

هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایار/مایۆی ئەمساڵ ئەنجام درا، لە كۆی زیاتر لە 22 ملیۆن دەنگدەر تەنیا 11 ملیۆن كەس بەشداریان كرد و سیستەمی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردن كە بۆ یەكەمجاربوو لە عێراق كاری پێ كرا، گرفتی زۆری دروستكرد و متمانەی نێوان لایەنەكانی بە تەواوی لەناوبرد.



وشە - رامیار جەواد