پێوەری ئاو نەبەستن 200 هەزار سزا دەدرێن

:: PM:12:29:18/07/2018 ‌
بەستنی پێوەرەكانی ئاوی ماڵان گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە و بەرپرسانی ئەو شارەیش دووپات لەوە دەكەنەوە، هەر كەسێك پێوەری ئاو نەبەستێ بە بڕی 200 هەزار دینار سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی تەمووز/ یۆلیۆ، كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پێویستە پێوەری ئاو ببەسترێت، چونكە نەبەستنی بە هەدەردانی ڕێژەیەكی زۆری ئاوی پارێزگاكەیە.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، نادادپەروەرییەكی زۆر لە بەكارهێنانی ئاودا هەیە و  نابێت ئەو ماڵانەی بڕی ئاوی زۆر بەكار دەهێنن وەك ئەو ماڵانە بێت كە بڕی ئاوی كەم بەكار دەهێنن، بۆیە ئەگەر ئەم پێوەرە ببەسترێت، بە هەدەردانی ئاو كەم دەبێتەوە.

ئەلەند تۆفیق بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە گوتی، پاش سەردانیی كۆمپانیا بۆ ماڵان و ئاگاداركردنەوەیان، پێویستە لەماوەی مانگێكدا پێوەری ئاو ببەستن، بەپێچەوانەوە لە نەبوونی پێوەرەكەدا سزا هەیە.

بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە گوتی، بڕی سزا 100 هەزار دینار وەك كرێی ئاو بۆ ئەو ماڵانەیە كە پێوەر نابەستن، ئەگەر تا سێ مانگیش بەردەوام بن لە نەبەستنی، ئەوا دەبێت 200 هەزار دینار غەرامە بدەن، بۆیە هیوادارین هاووڵاتییان پێوەر ببەستن.

بەستنی پێوەری ئاو لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك ئەنجام دراوە و بەمنزیكانە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت و دەست دەكرێت بە كۆكردنەوەی بڕی پارەی ئاوی بەكارهاتوو.



وشە - رامیار جەواد