بوینگ و ئێرباس بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ تاران زیانیان بەردەکەوێت؟

:: PM:09:36:18/07/2018 ‌
لەدوای هەڵگرتنی گەمارۆ ئابورییەکانی پێوەست بە کەیسی ناوکی ئێران، ئەو وڵاتە دوو گرێبەستی گەورەی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فڕۆکەی مەدەنی "بوینگ" و "ئێرباس" واژوو کرد، بەڵام دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە رێکەوتنە ناوکییەکە، ئەگەر زۆرە ئەو دوو گەورە کۆمپانیایە نەتوانن فڕۆکەکان رادەستی تاران بکەن.

لە ئەگەری رادەستنەکردنەوەی ئەو فڕۆکانە بە ئێران ئایا ئەو کۆمپانیایانە زیانی زۆریان بەردەکەوێت؟ سەرباری ئەوەی زبەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر تاران زۆربەی فڕۆکەکانی ئەو وڵاتە کۆن و پەک کەوتە بوون و لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا چەندان فڕۆکەی مەدەنی لە ناوخۆی ئێراندا کەوتنە خوارەوە، بەڵام ئەمەریکا هۆشداری ئەوەی بە کۆمپانیاکان داوە کە ئێران بە فڕۆکەی مەدەنی چەک بۆ وڵاتانی وەک سووریا و یەمەن دەگوازێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تەمووز/یۆلیۆ تەلەڤزیۆنی ئێن تیڤی تیشکی خستووەتە سەر ئەو گرفت و زیانانەی هەردوو کۆمپانیای بوینگ و ئێرباس بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئێران تووشیان دێت و ئاماژەی بەو گرفتانە داوە کە کۆمپانیای ئێرباس لەمساڵدا بەهۆی درەنگ رادەستکردنی داواکارییەکانی تووشی هاتووە.

کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بوینگ لە حەوت مانگی رابردوودا توانیویەتی سەرجەم داواکارییەکانی کڕیارانی خۆی جێبەجێ بکات و فڕۆکەکانی لە کاتی خۆیدا رادەست بکات، بەڵام لە بەرهەمهێنان و رادەستکردنی مەکینەی فڕۆکەدا گرفتی بۆ دروست بووە و ئەوەیش وای کردووە نەتوانێ لە داهاتوودا بەپێی کات فڕۆکەکانی رادەستی کڕیاران بکات.

هەردوو گەورە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فڕۆکەی مەدەنی ئەمساڵ داوای زۆریان لەلایەن کۆمپانیای فڕۆکەوانی وڵاتانی جیهان لێ کراوە و تەنیا کۆمپانیای ئێرباس بۆ ساڵی 2018 گرێبەستی درووستکردنی 800 فڕۆکەی مەدەنی لەگەڵ وڵاتە جۆراوجۆرەکانی دونیا واژوو کردووە و ئەوەیش دەکاتە 80 فڕۆکە زیاتر لە ساڵی رابردوو، لەگەڵ ئەوەیشدا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی لە ساڵی 2017 کەمتر بووە.

کۆمپانیای بوینگیش هاوشێوەی ئێرباس بۆ ساڵی 2018 گرێبەستی دروستکردنی 800 فڕۆکەی مەدەنی واژوو کردووە، داواکاری سەر ئەو کۆمپانیایە بە رێژەیەکی بەرچاو لە هەڵکشانە و پێشبینی ئەوە دەکرێت لە ساڵی 2020 ئاستی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بوینگ لە ساڵێکدا بگاتە 900 فڕۆکە.

هەر بەپێی ئەو راپۆرتە شیکارییە تەنیا لە ساڵی 2018 هەردوو کۆمپانیا هەزار و 600 داواکاریان وەرگرتووە و دەبێ تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم ئەو فڕۆکانە رادەست بکەنەوە.

کۆمپانیای بوینگ پێشبینی ئەوە دەکات لە ماوەی بیست ساڵی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنان و داواکارییەکان لێی بگاتە 43 هەزار فڕۆکەی مەدەنی و بەو پێیەیش لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا بە بەهای حەوت هەزار ملیار دۆلار فڕۆکە بەرهەم دەهێنن.

بەپێی لێدوانی پسپۆڕانی ئابووری بۆ ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پاڵەپەستۆیەی لەسەر هەردوو گەورە کۆمپانیای بوینگ و ئێرباس هەیە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکە، پێدەچێت هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ناکات و بگرە هەندێک خێراییش بە پرۆسەی رادەستکردن و بەرهەمهێنانی فڕۆکەکانیان بۆ وڵاتانی تری جیهان دەدات.

ئێران ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بەسەریدا سەپاوە، توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی مەدەنی لێ سەندراوەتەوە و ئەوەیش وای کردووە، نەک فڕۆکەی نوێ هاوردەی وڵێ‌تەکەی بکات، بگرە رێگەی ئەوەیشی لێ گیراوەرر کە پارچەی یەدەگ بۆ ئەو فڕۆکانە بکڕێت کە پێشتر هاوردەی کردوون.

بەهۆی نەبوونی پارچەی یەدەگ و پسپۆڕی شارەزا لە میکانیکی فڕۆکە، ساڵانە چەندان جار هەواڵی پەک کەوتن و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە مەدەنییەکانی ئێران بڵاو دەبێتەوە و هەندێکجار دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی هاوڵاتیان.

ساڵی رابردوو رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور و چاودێرانیمافی مرۆڤی جیهانی لە دوو راپۆرتی جیاوازدا ئاشکرایان کرد کە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە فڕۆکەی مەدەنی چەکدار لە ناوخۆیئێرانەوە دەگوازێتەوە یەمەن و لبنان و سووریا.

هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لەکاتی گرێبەستی هەردوو کۆمپانیای بوینگ و ئێرباس لەگەڵ تاران ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی فڕۆکە مەدەنییەکان و بە فڕۆکەخانەی دیمەشقدا چەک و تەقەمەنی هاوردەی سووریا کردوە و گەیاندوویەتە میلیشیاکانی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئەو وڵێ‌تە.

ئاشکرابوونی ئەو بەڵگانە لەسەر ئێران وای کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان چاوپۆشی لە زیانە گیانییەکانی ناوخۆی ئێران بکات بەهۆی پەک کەوتەیی و داڕزانی فڕۆکە مەدەنییەکانیان و هیچ رێگەیەکی تری جگە لە بێدەنگی بۆ بەرپرسانی ئەو وڵاتە نەهێشتووەتەوە.

سەرچاوە/ دویچەوێلەبی بی سی



وشە - هیدایه‌ت جان