به‌ هۆی چی‌ بۆنی ده‌مت ناخۆش ده‌بێ؟

:: PM:01:37:19/07/2018 ‌
بۆنی ناخۆشی دەم دەبێتە هۆی بێزاربوونی كەسی بەرامبەر و شەرمەزاربوونی كەسی تووشبوو، چەندان ڕێ هەیە بۆ چارەسەركردنی بۆنی ناخۆشی دەم، بەڵام باشترە پێش چارەسەركردنی ئەم گرفتە بیر لە هۆكاری دروستبوونی بكرێتەوە، بۆ ئه‌مه‌یش له‌ خواره‌وه‌ هه‌ندێ هۆكارتان پێ ئاشنا ده‌كه‌ین، كه‌ ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی تووشی گرفتی ناخۆشی بۆنی ده‌م ببن.

یەكەم: پاكڕانەگرتنی دەم، بەكتریا دەتوانێت لەناو ددان و بۆشاییەكانی دەم كۆ ببێتەوە و لە ئەنجامدا بۆنی ناخۆش دروست دەكات و دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ددان و دروستبوونی نەخۆشییەكانی پووك، بۆیه‌ باشترە زوو زوو ددانت بشۆیت، بۆ ئەوەی ڕێ لە كۆبونەوەی بەكتریا بگیرێت و نەبێتە هۆی دروستبوونی بۆنی ناخۆشی دەم.

دووەم: وشكبوونەوە، وشكبوونەوەی لەش بەهەمانشێوە هۆكارێكە بۆ دروستبوونی بۆنی ناخۆشی دەم، بۆیه‌ شاره‌زایان ڕێنماییمان ده‌كه‌ن كه‌ دوای ژەمەكان بڕێكی زۆر ئاو بخورێتەوە، بۆ ئەوە تەنۆچكەی خواردن لە دەم دا نەمێنێتەوە، كه‌ هۆكارێكی دروستبوونی بۆنی ناخۆشی ده‌مه‌.

سێیەم: زیادەرۆی لە وەرزشكردن، بەپێی توێژینەوەكانی كۆمەڵەی پزیشكی هەناسە لە ئەوروپا، ئەوە پشتڕاست كراوه‌تەوە، بۆنی ناخۆشی دەم بە ڕێژیەكی زیاتر تووشی وەرزشوانان دەبێت، چونكە بڕێكی زیاتر هەوا دەچێتە دەمەوە و بەمەش دەبێتە هۆی وشكبوونەوەی ناوپۆشی دەم و دروستبوونی بۆنی ناخۆش.

چوارەم: مەترسی نەخۆشییەكانی دڵ، زۆرێك لە ئێمە ئەوە نازانین كە نەخۆشی دڵ و نەخۆشییەكانی پووك پێوەندیان بە یەكەوە هەیە، لە راستیدا هەوكردنی پووك بۆ بوونی نەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن دەگەڕێتەوە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بۆنی ناخۆشی دەم .

پێنجەم: هەوكردنی لیمفه‌گرێكان، بۆنی ناخۆشی دەم بەشێوەیەكی بەردەوام بۆ ئازاری قورگ و هەوكردنی لیمفه‌گرێكان دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەهۆی كۆبوونەوەی بڕێكی زۆر بەكتریا له‌ قوڕگ دروست دەبێت.

شەشەم: برینی گەدە، بوونی برین و ئازاری گەدە و دڵەكزێ‌ هۆكارێكن بۆ دروستبوونی بۆنی ناخۆشی دەم، چونكه‌ ئه‌مانه‌ به‌هۆی به‌كتریاوه‌ دروست ده‌بن، بۆیه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی برین و ئازار له‌ گه‌ده‌ دروست ده‌كه‌ن، بۆنی ده‌میش ناخۆش ده‌كه‌ن.


وشە - ئاوات ئازاد