ئاژانسی فەرمی وڵاتی چین بڵاوی كردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی كانێكی بچووكی خەڵووز لە هەرێمی قویتشو لە باشووری ڕۆژئاوای
چین، چوار كرێكاری ناو كانەكە گیانیان لە دەست داوە و ژمارەیەكی تریشیان بێسەروشوێنن.
ڕووداوەكە لە كانی خەڵووزی زیموجیا ڕووی داوە و كۆمپانیای تایبەتی شاری بانتشو وەبەرهێنانی تێدا دەكات و ساڵانە 300 هەزار تۆن خەڵووزی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
ئاژانسەكە هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، كە تا ئێستە هۆكاری تەقینەوەی كانە خەڵووزەكە نازانرێ و چوار لە كرێكاران گیانیان لە دەست داوە و نۆی تریش بێسەروشوێن بوون.
ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە پێشتریش لە مانگی حوزەیران/یۆنیۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی پڕۆژەیەكی ئاسنی خام لە ناوچەی لیاونینگی چین، 11 كەس گیانیان لە دەست دا.
لە مانگی نیسان / ئەپریلی ڕابردوو فەرمانگەی بەڕێوەبەردنی كەرتی وزە لە هەرێمی قویتشو، سەردانی كانە خەڵووزەكەی كرد و كۆمپانیای وەبەرهێنەری ئاگادار كردەوە كە بە وردی مەرجەكانی سەلامەتی لە كانەكە دەستەبەر بكات و هەنگاوی تەواو بگرێتەبەر، بەڵام پێچەوانەی داواكان كۆمپانیاكە پابەندی ڕێنوێنییەكان نەبووە، بەوهۆیەوە ئەو ڕووداوەی لێ كەوتەوە.