له‌م به‌دواداچوونه‌ی "وشه"دا هۆی سه‌ره‌كی خراپیی ئاردی سلێمانی ئاشكرا ده‌بێت. حكوومه‌تی عێراق گه‌نمی خراپی باشوور ده‌كاته ئارد و بۆ كوردستانی ده‌نێرێت و گه‌نمی باشی كوردستانیش ده‌كاته ئارد و بۆ پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌ڕاستی ده‌نێرێت. لیژنه‌ی كشتوكاڵ له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، به تۆن به‌رد تێكه‌ڵی به‌شه ئاردی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌كرێ.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه دانیشتوانی كوردستان به‌رده‌وام نیگه‌رانی ده‌رده‌بڕن له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی له‌رێگه‌ی بریكاره‌كانی خۆراكه‌وه به‌شێوه‌ی مه‌ركه‌زی له عێراق بودجه‌ی بۆ دابین ده‌كرێ، جیا له‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كان كه‌موكرتن، جۆریشیان خراپ و هه‌ندێك جار به‌سه‌رچوون.
كاسترۆ مه‌عرووف سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، گوتی، چه‌ند مانگێكه گه‌نمی به‌شه ئاردی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی له كارگه‌كانی ئاردی عێراق، دێته هاڕین و وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقیش ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كات.
له هه‌رێمی كوردستان گه‌نمێكی باش و جوان به‌رهه‌م دێت، به‌ڵام گه‌نمی كوردستان بۆ ناوچه‌كانی ناوڕاست و باشووری عێراق دێته ناردن و ئه‌مه‌ش سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵی تووڕه كردووه. بۆیه ده‌ڵێت، "به‌داخه‌وه ئه‌و گه‌نمه‌ی خراپه له ناوه‌ڕاستی عێراق دێته هاڕین و بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌رێی كه‌ركووكه‌وه ره‌وانه ده‌كرێ، گه‌نمی ئێره‌ش بۆ باشوور ده‌نێرێت".
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته لیژنه‌ی كشتوكاڵ به‌دواداچوونی كردووه و بۆی ده‌ركه‌وتووه ئه‌و ئارده‌ی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه، ته‌نیا بۆ خۆراكی ئاژه‌ڵ ده‌شێ نه‌ك مرۆڤ.
سه‌رۆكی لیژنه‌كه ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه "ناكرێ وه‌زاره‌ته پێوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێم كه‌مته‌رخه‌م بن به‌رانبه‌ر به ناردنی ئاردی خراپ بۆ كوردستان، چونكه له 500 تۆن ئاردی هاتوو له‌م سێ مانگه‌دا نزیكه‌ی 150 تۆن به‌ردی تێدابووه، بۆیه خه‌ڵك ناچاره ئارده‌كه بفرۆشێت، به‌ڵام پاش فرۆشتنی ئارده‌كه له بازاڕ، ئاردی پێ ناكڕێته‌وه".
كاسترۆف مه‌عرووف دووپاتی كرده‌وه، "وه‌ك لیژنه‌ی كشتوكاڵ داوای دانیشتن ده‌كه‌ین له نێوان به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی ناوه‌ند له‌سه‌ر پرسی ناردنی ئاردی خراپ بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، ئه‌گه‌رنا وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا هه‌ڵوێستی ترمان ده‌بێ و پاشان ده‌یخه‌ینه ڕوو".
شاره‌زایانی كه‌رتی ئابووری باس له‌وه ده‌كه‌ن، كردنه‌وه‌ی كارگه‌ی مۆدێرنی تایبه‌ت به هاڕینی گه‌نم له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان زۆر گرنگه، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێ بۆ داهاتوو له‌رێی كارگه‌كانه‌وه گه‌نمی جووتیارانی كوردستان وه‌ربگیرێت و بكرێت به ئارد.
حه‌سه‌ن خه‌لیل شاره‌زای ئابووری و خۆراك له گه‌رمیان، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه كه مادام گه‌نمی جووتیارانی كوردستان پاش ئه‌وه‌ی ده‌كرێت به ئارد بۆ ناوه‌ڕاست و باشوور دێته ناردن و گه‌نمی جووتیارانی عێراقیش پاش خراپبوونی بۆ كوردستان ده‌نێردرێت، ده‌بێ هه‌نگاوی پێویست بگیرێته به‌ر بۆ دروستكردنی كارگه‌ی مۆدێرینی گه‌وره‌ی تایبه‌ت به هاڕینی گه‌نم له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان".
ئه‌حمه‌د عه‌لی ئه‌ندامی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی سلێمانی و نوێنه‌ری بازرگانانی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان، به"وشه" ده‌ڵێ، به‌ر له دوو ساڵ، لیژنه‌یه‌كی باڵا له ئیداره‌ی گه‌رمیان پێكهێنرا بۆ دروستكردنی كارگه‌یه‌كی تایبه‌ت به ئارد له سنووری گه‌رمیان، ئه‌وانیش وه‌ك نوێنه‌ری بازرگانانی گه‌رمیان ئاماده بوون و دروستكردنی كارگه‌كه‌ش بۆ سه‌رمایه‌دارێك ده‌رچوو به‌ناوی هادی عه‌بدوڕه‌حمان.
"هه‌ر ئه‌وكات لیژنه‌كه ره‌زامه‌ندی ته‌واوی بۆ ده‌ربڕی له ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌جۆرێك كارگه‌كه توانای به‌رهه‌مهێنانی 100 تۆن ئاردی هه‌بێ له رۆژێكدا، به‌ڵام مامه‌ڵه‌كانی له به‌غدا ته‌واو نه‌كرا، پاشان له به‌غداوه گرفتی بۆ دروست بوو، چونكه بێ رازیبوونی ئه‌وان رێ به دانانی كارگه‌ی مۆدێرنی گه‌وره نادرێت، به‌تایبه‌ت كارگه‌یه‌ك گه‌نمه‌كه‌ی حكوومه‌ت دابینی بكات و ئارده‌كه‌ی بۆ هاووڵاتییان و بریكاره‌كان بگوازرێته‌وه" ئه‌ندامه‌كه‌ی ژووری بارزگانی وای گوت.
به‌شێكی به‌رچاو له هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان، هیچ متمانه‌یه‌كیان به‌و ئارده نییه كه له‌رێی بریكاره‌كانی خۆراكه‌وه دابه‌ش ده‌كرێ. ئه‌مه گوته‌ی به‌رزان مه‌عسووم یه‌كێك له بریكاره‌كانی شارۆكه‌ی كه‌لاره.
ئه‌و ده‌ڵێت، زۆربه‌ی هاووڵاتییان بریكاره‌كانیان راسپاردووه به‌شه ئارده‌كه‌یان بۆ بفرۆشێت، بۆیه بریكاره‌كانیش له‌بری ئارده‌كه له‌كاتی هاتنی به‌شه ئارد، پاره به‌هاووڵاتییان ده‌ده‌ن، پاره‌كه‌ش ئه‌گه‌رچی به‌رانبه‌ر به ئارده‌كه هێنده نییه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه خه‌ڵك ئارده‌كه‌ی ناوێت.
وه‌رنه‌گرتنی ئارد له بریكاره‌كان بازاڕی ئه‌و ژنانه‌ی تێكداوه كه خه‌ریكی نانكردنن بۆ ماڵه‌كان. ئامینه محه‌مه‌د یه‌كێك له‌و ژنانه‌یه و بۆ "وشه" گوتی، "پێشتر دۆخه‌كه زۆرباش بوو، ئه‌و ماڵانه‌ی نه‌یانده‌توانی بۆ خۆیان نان بكه‌ن، خۆیان ئارده‌كه‌یان دابین ده‌كرد من و ژنی تریان راده‌سپارد نانیان بۆ دروست بكه‌ین له به‌رانبه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك".
به‌ڵام ئێسته ئه‌و هاووڵاتییانه كه ئارده‌كه‌یان به دڵ نییه، چیتر ئارده‌كه بۆ مه‌به‌ستی نانكردن ره‌وانه ناكه‌ن و ناچار له نانه‌واخانه‌كان نان ده‌كڕن و ئه‌مه‌ش ئه‌و ژنانه‌ی نیگه‌ران كردووه كه نان بۆ خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
گه‌رمیان- سه‌بری هۆرێنی