پێنج چارەسەری سروشتی بۆ لەناوبردنی سووربوونەوەی پێست

:: AM:10:37:14/08/2018 ‌
سووربوونەوەی پێست هۆكارێكە بۆ تێكدانی شێوە سروشتیەكەی دەموچاو، ئەگەر بەهۆی خۆرەوە بێت یان هەر هۆكارێكی تر، بە بەكارهێنانی ئەم پێكهاتە و ماسكانە خۆت لەو كێشەیە رزگار بكە.

یەكەم: ماسكی ئاردی شۆفان، ئەگەر پێستت تووشی سووربوونەوە بوو بەهۆی نەخۆشی بیرۆوە ئەوە شۆفان بەكار بهێنە، چونكە ماددەیەكی لووسی تێدایە پێست شێدار دەكاتەوە و بڕێكی زۆر ڕۆن لە پێستدا هەڵدەمژێت. گرنگە بۆ ئەو كەسانەی كە بیرۆ یان زیپكەیان هەیە، باشترە لەگەڵ ئاو تێكەڵ بكرێت تا دەبێت بە گیراوەیەكی گونجاو پاشان بە پێستدا بڵاوی بكەرەوە تا وشك دەبێتەوە و دواتر بە ئاو بیشۆ.

دووەم: زەیتی گوێز هیند، رێیەكی تر بۆ كەمكردنەوەی سووربوونەوەی پێست بەكارهێنانی زەیتی گوێز هیندە، چەند دڵۆپێك لەم رۆنە بخەرە سەر پێستت، ئەمە یارمەتی كەمكردنەوەی ئەو سووربوونەوەیە دەدات كە دروست بووە  برێكی زۆر شێداری بە پێست دەبەخشێت باشترە شەوان بەكاربهێنرێت.

سێیەم: ماسكی خەیار ، یەكێكی تر لەو پێكهاتە سروشتیانەی كە سووربوونەوە كەم دەكاتەوە خەیارە، بەكارهێنانی خەیار یارمەتی هێوربوونەوەی پێست دەدات، دەتوانیت خەیارێك پاك بكەیت و پاشان بە شێوەی بازنەیی بۆ پێستت بەكاریبهێنە بەجێی بهێڵە بۆ چەند خولەكێك دواتر بە ئاو بیشۆ، هەوكردن و سووربوونەوەی پێست چارەسەر دەكات.

چوارەم: گۆرینی ژەمی رۆژانەت، بۆ ئەوەی سووربوونەوەی پێستت كەم ببێتەوە و پێویستە دڵنیا ببیتەوە لەو خواردنانەی كە رۆژانە دەیان خۆیت، خۆت بەدوور بگرە لە خواردنی ناسروشتی، خواردنەوەی كحول، خۆراكی گەرم كە دەبنە هۆی سووربوونەوەی پێست، زیاتر خۆراكە ساردەكان بخۆ وەكو زەڵاتە كە پێست دەپارێزێت لە سووربوونەوە و پێست دەگەشێنێتەوە.

پێنجەم: بەكارهێنانی هەنگوین، یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی هەنگوین بوونی دژە بەكتریایە لەگەڵ دژە هەوكردن، یارمەتی پاككردنەوەی پێست دەدات و ڕێ لە سوربوونەوە دەگرێت باشترە بۆ ماوەی 30 خولەك بە پێستەوە بمێنێتەوە و دواتر بە ئاو بشۆردرێت.



وشە - ئاوات ئازاد