ئەنجوومەنی پارێزگا: بەشە ئاردەكەی سلێمانی بۆ خۆراكی ئاژەڵ بەكار دێت نەك مرۆڤ

:: PM:12:21:14/08/2018 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گفتوگۆ لەسەر هۆكاری خراپی بەشە ئاردی مانگانە كرا و لەلایەن ئەندامێكی ئەنجوومەن دووپات لەوە كرایەوە، ئەو بەشە ئاردە بۆ ئاژەڵ بەكار دێت نەك مرۆڤ.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئاب، رەمەزان نامیق ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند، دوو شوێن هەیە كە گەنمی تێدا بێت و گومانی لەسەر دروست ببێت، گلەیییان لە سایلۆكان نییە، بۆیە گومان لەو ڕێیەیە كە لە سایلۆوە بۆ ئاشەكان دەردەچێت و گومان دەكرێت لەوێوە دەستكاری گەنمەكە بكرێت.

ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ گوتی، ئەو خۆڵەی خراوەتە ناو گەنمەوە لەكاتی دوورینەوەی گەنمدا تێی نەكراوە، چونكە ناتوانرێت ئەو چەو و خۆڵە بكرێتەوە ناو گەنمەوە، بەڵكو دواتر دەخرێتە ناویەوە.

ئەو ڕاپۆرتەی لیژنەی كشتوكاڵ پێشكەشیان كرد لەسەر خراپی بەشە ئارد، بەدواداچوونیان كردبوو و تێیدا هاتووە، ئەو بەشە ئاردەی دراوەتە هاووڵاتییان بۆ خواردن شیاو نەبووە، بەجۆرێك بۆ ئاژەڵ بەكار دێت نەك بۆ مرۆڤ.

هاوكات كاسترۆ مەعرووف سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، سەردانی كارگەكانی ئاردیان كردووە و  بۆیان دەركەوت ئاردەكە ناتەندروستە و ئەگەر هاووڵاتی ئەو گەنم و ئاردە ببات بۆ ئەو كارگانە وەریناگرن، چونكە بۆ خواردن شیاو نییە، بەجۆرێك ئەو ئاردە بۆ خواردنی ئاژەڵ بەكار دێت نەك هاووڵاتی.



وشە - رامیار جەواد