عێراق.. شیعە و سوننە و كورد كێبەركێی خۆرێكخستنەوە دەكەن

:: PM:07:10:14/08/2018 ‌

لەو كاتەی ئەندامێكی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری رای دەگەیەنێ كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هەردوو هاوپەیمانی فەتح و نەسڕ دەورە دراوە، بژارەی دووەمیشی بە كاندیدێكی بێلایەن بە پێی پێوەرەكانی مەرجەعیەت دانا، ئەو دەڵێت عێراق لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو شكۆی دەوڵەتیی لەدەست دا، بۆیە پێویست بە كەسایەتییەكی بەهێز و ئازا دەكات بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەت.

محەمەد ساحب دەراجی، لەو بارەوە گوتی، لە ساڵانی رابردوو شكۆی عێراق وەك دەوڵەت نەمابوو كە خۆی لە دروستبوونی تەنگژە لە چەندان دۆسیە و كەرت بەرجەستە دەكرد، لەوانە كەرتی بەندەرەكانی پارێزگای بەسڕە كە باندی رێكخراو و بە سیفەتی فەرمی كۆنترۆڵی كارەكانیان دەكرد، لەو كاتەی دەوڵەت چاوی لەو كارەیان دادەخست بەهۆی بەرژەوەندیی سیاسییەوە.

ئەو دووپاتی كردەوە كە هەموو ئەو گفتوگۆیانەی ئێستە هەیە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی كەسییە بێ بیركردنەوە لە بنیاتنانی نموونەیی بۆ دەوڵەتی عێراق، كاتێك زۆرینەی هێزە سیاسییەكان بەدوای بەدەستهێنانی پۆستن و قبووڵی بوون بە ئۆپۆزسیۆن ناكەن، بۆیە دۆزینەوەی شوێنگرەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بەهۆی دەستگرتن بە كورسییەوە سەخت بووە.

هاوكات لەگەڵ كێبەركێی ناوماڵی شیعە و یەكلا نەبوونەوەی لە نێوان هەردوو هاوپەیمانی سائیروونی پاڵپشتیكراو لەلایەن موقتەدا سەدر و فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری، هێزە سوننە و كوردییەكان لە كێبەركێیدان بۆ خۆ كركردنەوە لە ئەگەری پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن و دەست پێكردنی گفتوگۆی پێكهێنانی بارستەی گەورەی پەرلەمانی عێراق. 

ئەمڕۆ شەش قەوارەی سوننە كە نوێنەرایەتیی سیاسیی سوننەی عێراق دەكەن، واژوویان لەسەر بەڵێننامەیەكی نوێی هاوپەیمانی لە نێوانیان كرد، ئەوەیش لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و دەستكردن بە گفتوگۆ لەگەڵ هێزە گەورەكان كە هەوڵی پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان و حكوومەتی نوێی عێراق دەدەن.

لەو بارەوە خەمیس خەنجەر، سەركردەی هاوپەیمانی قەڕار لە بەیاننامەیەك كە لە "تویتەر" بڵاوی كردەوە دەڵێت، ئەو هاوپەیمانیەتییە لەپێناو بەرژەوەندیی عێراقە و ئەوان بەرەو پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی پێشكەوتووی حكوومەت هەنگاو دەنێن كە هەڵەكانی رابردوو چاك بكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم لیستەكانی خەمیس خەنجەر و ئوسامە نوجێفی و سەلیم جبووری و جەمال كەربوولی و ئەحمەد جبووری و فەلاح زێدان، واژوویان لەسەر بەڵێننامەی پێكهێنانی یەك هاوپەیمانی كردووە بەناوی (تەوەری نیشتیمانی) كە نوێنەرایەتیی هێزە سوننە براوەكانی هەڵبژاردن بكات بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هێزە شیعەكان بە مەبەستی پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترینی ناو پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

هاوپەیمانییە نوێیەكە 40 كورسی لە پەرلەمان لەخۆ دەگرێت كە هاوپەیمانی بڕیار بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر 14 كورسی هەیە و هاوپەیمانی بەغداد بە سەرۆكایەتیی جەمال كەربوولی خاوەنی 14 كورسییە و لیستەكەی ئەحمەد جبووری خاوەن دوو كورسییە و لیستەكانی سەلیم جبووری و فەلاح زێدان خاوەنی 10 كورسین، كە ئەوەیش یەكەم هاوپەیمانییە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی 12ی ئایاری رابردوو و بڕیاریشە هاوپەیمانیەتییەكە كاندیدی سەرۆكی پەرلەمانی نوێ دیاری بكات. 

لای خۆیەوە رۆژنامەی "مەدا"ی عێراقی لەبارەوە ناماڵی كورد دەڵێت، هەردوو پارتی سەرەكیی كوردستان (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان) نووسراوێكی گفتوگۆكردنیان لە 24 خاڵ ئامادە كردووە كە دەبێتە بنەما بۆ گفتوگۆكانی كورد لە بەغدا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەیش شاندێكی بچووككراوەی كوردی هەفتانە لەگەڵ لیستە براوەكان لە كۆبوونەوەدان هاوكات لەگەڵ چاوەڕوانی پەسندكردنی ئەنجامەكان لەلایەن دادگای فیدراڵەوە.

رۆژنامەكە لە سەعدی پیرە گوتەبێژی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان دەگوازێتەوە كە شاندی كوردی چاوەڕوانی پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراق دەكات بۆ سەردانیكردنی بەغدا و دەستكردن بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترینی پەرلەمان و حكوومەتی نوێی عێراق و ئاماژەی كرد، چاوەڕوان دەكرێت دادگاكە لە 10ی مانگی داهاتوو پەسندی ئەنجامەكان بكات و گفتوگۆ و پێوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و پارتە سیاسییەكانی تری كوردستان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە.  

بە پێی رۆژنامەكە لە دوای گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی لە مانگی تەمووزی رابردوو، ئەوان نووسراوێكی كوردیان بۆ گفتوگۆكان لە بەغدا ئامادە كردووە كە مەرجی بەدەستهێنانی كوردی بۆ سەرۆكایەتی یەكێك لە سێ سەرۆكایەتییەكانی عێراق و سێ وەزارەت و دوو دەستەی سەربەخۆی تیادایە لە بەرانبەر بەشداریی كورد لە حكوومەتی نوێی عێراق، هەروەها چەند بڕگەیەكی پێوەست بە ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان و دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدرالی و مسۆگەری بەشداری كورد لە دەستە ئابووری و داراییەكانی فیدراڵی لەخۆ دەگرێت.  

لای خۆیەوە سەرچاوەیەكی ئاگەدار رای گەیاند كە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی بڕیاری داوە راگەیاندنی دامەزراندنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق بۆ دوای پەسندكردنی ئەنجامەكان دوا بخات كە دەیویست لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی جیاكردنەوە و ژماردنی بە دەستی دەنگەكان رای بگەیەنێت، ئەوەیش لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە رێك نەكەوتنی فەتح و دەوڵەتی یاسا لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران، لەو كاتەی نەسڕ بۆ هاتنە ناو هاوپەیمانیەتییەكە مەرجی كاندیدبوونی عەبادی داناوە، هەروەها هۆكاری تریش لەوانە وەڵام نەداوەیان لەلایەن كوردەوە بۆ چوونە پاڵیان.  









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل