فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەڤەری برادۆستیان بە سەختی بۆردومان كرد

:: PM:11:32:14/08/2018 ‌

بە پاساوی بۆردومانكردنی ئامانجەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەمشەو سوپای توركیا لە رێگەی فڕۆكە جەنگییەكانییەوە چەند شوێنێكی شارەدێی سیدەكانیان / 180 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر/، بە سەختی بۆردومان كرد.

ملازم دیار هەمزە، ئەفسەر لە هێزی سیدەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە لێدوانێكدا بە "وشە"ی راگەیاند، سەعات ٩ی ئەمشەو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ ماوەی نزیكەی  یەك سەعات دەوروبەری گوندەكانی (لێلكان، خەلیفان، سیران و ناومێرگان) بۆردومان كرد، جیا لە بۆردومانكردنی ناوچەكانی چیادێلی كە بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە نزیك ئەو شوێنانەیە.

 زیاتر گوتی، بەهۆی ئەو بۆردومانەوە هیچ هاووڵاتییەكی دەشتی هێرتێ و لێلكان و دەوروبەری نەبووەنەتە قوربانی و زیانی شەڕوانانی پەكەكەیش نەزانراوە، بەڵام زیانی زۆر بە ژینگەی دەڤەری برادۆست كەوتووە.

بە پێی زانیارییەكانی "وشە" بۆردومانی توركیا لە كاتێكدایە شەڕ و پێكدادان لە نێوان پەكەكە و هێزەكانی توركیا لە دەڤەری برادۆست دروست بووە و  چەكدارانی پەكەكە هێرشیان كردووەتە سەر خاڵە تەناهییەكانی سوپای توركیا لە چیای دێڵ لە سنووری سیدەكان.

لە دوای 1984ەوە پەكەكە و توركیا شەڕی چەكداری لە نێوانیان دەستی پێ كردووە و لە 2011 تا 2013 ئاگربەست لە نێوان هەردوولا ڕاگەیەنرا و پرۆسەی ئاشتی دەستی پێ كرد، بەڵام لە 2014ەوە شەڕ لە نێوان هەردوو دەستی پێ كردەوە و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.

سیدەكان كەوتووەتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئێران، بە دووری 144 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، خاوەنی 250 گوندە  زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی شەڕوانانی پەكەكە و بۆردومان و تۆپبارانەكانی ئێران و توركیا ئاوەدان نەكراونەتەوە.

سیدەكان / موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل