ئەمەریکا لە یەمەن لە نێوان بەرداشی حوسیەکان و یاسای نێودەوڵەتیدا

:: PM:10:59:12/10/2016 ‌

هێرشی حوسیەکان دژ بە ئەمەریکا

بەرپرسانی ئەمەریکی ئەمڕۆ چوارشەمم، بڵاویانکردەوە، کەشتیەکی جەنگی دەریایی ئەمەریکی کراوەتە ئامانج، بە مووشەک لە ناو خاکی یەمەنەوە کە چەکدارەکانی حوسی هاوپەیمانی ئێران تێدا باڵادەستن، ئەوە دووەم رووداوی لەو شێوەیە لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا، بەڵام هێرشەکە شکست خواردبوو ئامانجی نەپێکاوە.

راشیگەیاندوە، کەشتیەکە ناوی (یو ئێس ئێس ماسۆن) چەکە بەرگریەکان رەتیان داوەتەوە موشەکەکە هیچ زیانی بە کەشتیەکە نەگەیاندووە، ئێستە کار دەکات و لە گەرووی بابلمەندەبە.

پەستانی یاسایی بۆ سەر فرۆشتنی چەک بە سعودیە

لەلایەکی ترەوە پەیوەست بە شەڕ یەمەن، ئەندامێکی کۆنگرێس داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا باراک ئۆباما کردووە، هاوکاریەکانی سعوودیە رابگرێت بۆ هێرش کردنە سەر یەمەن لەگەڵ هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعوودیە، لەبەر ئەوەی رۆژی چوارشەممی رابردوو لە ئەنجامی هێرشەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ سەر یەمەن ژمارەیەکی زۆر مەدەنی بوونە قوربانی (کە بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەکران).

ئەندامی دیموکراتەکان، تێد لیۆ، لە گووتارێکیدا بۆ وەزیری دەرەوە دەڵێت، هاوپەیمانیەکە 70 هێرش زیاتریان ئەنجامداوە، بە نایاسایی لە یەمەندا.

لیۆ دەڵێت، هاوپەیمانیەکە کە سعودیە سەرکردایەتی دەکات، مەدەنی بە ئاوەز دەکەنە ئامانج و جیاوازی ناکەن لە نێوان مەدەنی و ئامانجی سەربازی کە تاوانی جەنگە.

لیۆن لێکۆڵەر لە یاسای جەنگ و وەک پارێزەر کاری کردووە لە چەکە ئاسمانیەکانی ئەمەریکا، نامەکەی زیاتر بۆ پەستان خستنە سەر کۆشکی سپیە لەبارەی یەمەنەوە دوای ئەوەی رۆژی شەموو کارگێڕی ئەمەریکا بەڵێنیدا هەڵسەنگاندنێک بۆ هاوکاریەکانی هاوپەیمانیەکە بکات لە یەمەن، دوای ئەوەی سعوودیە لە هێرشە ئاسمانیەکانیدا 140هاوڵاتی مەدەنی کووشت لە عەزا.

لیۆ دەڵێت، کارگێڕی ئۆباما بەردەوامە لەسەر فرۆشتنی چەک بە سعوودیە لەگەڵ ئەو مەترسیانەی هەندێک لە بەرپرسان هەیانە لەوەی ئەمەریکا لە تاوانی جەنگەوە بگلێت لەسەر هاوکاری کردنی هەڵمەتە ئاسمانیەکانی ئەو هاوپەیمانیە بە سەرکردایەتی سعوودیە.

هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعوودیە رایگەیاند، بەرپرسیارەتی خۆیان جێبەجێ دەکەن و رژدن لەسەر ئەوەی هێرشەکانیان بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بێت، پابەندن بە پاراستنی مەدەنیەکان لە یەمەندا.

هەرچەندە ئەو هەوڵانەی کۆنگرێسی ئەمەریکی داویەتی بۆ وەستاندنی فرۆشی چەک بە سعوودیە شکستی هێناوە بەڵام کۆنگرێس بەردەوامە لە ئاستەنگ خستنە بەردەم پەیوەندیەکانی سعوودیە و ئەمەریکا.

شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن، ئەگەری ئەوە هەیە جگە لە رێگە فەرمیەکە رێگەی نافەرمی و پەستانی دەرەکی هەبێت وەک لۆبیەکان بۆ ئەوەی سعوودیە لەلایەن ئەمەریکاوە فەرامۆش بکرێت و هێزی لەبەر ببڕێت.

بەڵام، کارگێڕیەکانی ئەمەریکا لەو تێگەیشتوون سعوودیە چەند گرنگە بۆ ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لە رووی سیاسی و سەربازی و ئابوریەوە، بۆیە بەردەوام لەگەڵ کۆنگرێسدا ناکۆکن لەسەر ئەو پرسە، هەواڵگری ئەمەریکاش دژی بڕیارەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکایە و پاڵپشتی هاوکاریەکانی حکوومەتی ئەمەریکی دەکەن.

بەڵام کۆشکی سپی رۆژی شەموو بڵاوی کردەوە، دەست دەکات بە پێداچوونەوەی خێرا بە هاوکاریەکانی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعوودیە دوای ئەوەی بۆردمانێکی ئاسمانی لە عەزا ئەنجامدا.

سعوودیەش گووتی، لە ئەنجامەکانی بۆردمانەکە لێکۆڵینەوە دەکەین.

لە نامەکەی لیۆ هاتووە، هەموو هاوکاریەکان و فرۆشتنی چەک بە هاوپەیمانیەکە رابگیرێت تا پێداچوونەوەکە تەواو دەبێت و ئەنجامەکەی لە کۆشکی سپیەوە بڵاو دەکرێتەوە.

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هیچ وەڵامێکی بۆ ئەم گووتارەی کۆنگرێسمانەکەی دیموکراتەکان نەبووە.

هاوپەیمانی ئیسلامی کێن ؟

هاوپەیمانی ئیسلامی سەربازی بۆ دژایەتی کردنی تیرۆر، هاوپەیمانیەکی سەربازیە لە مانگی کانونی دووەم/ دیسەمبەری 2015 راگەیندراوە بە سەرکردایەتی سعوودیە، مانجی لێدانی تیرۆرە، بە هەموو جۆرەکان و دەرکەوتەو و مەزهەبەکانەوە.

ئەندامەکانی بریتین لە 40 ئەندام لە دەوڵەتانی ئیسلامی، ژوورێکی هاوبەشی پرۆسە سەربازیەکانیان هەیە، ناوەندەکەی لە ریازە.

کار لەسەر دژایەتی کردنی بیری توندڕۆی دەکەن، لەگەڵ هەموو هەوڵەکان بەرەو تیرۆر ئاراستە بکرێت، لە چوارچێوەی دەستپێشخەریە راگەیاندن و دارایی و سەربازیەکاندا، هەوڵ دەدەن هەموو کردەوەکانیان لەگەڵ یاسا و رێسا و عورفە نێودەوڵەتیەکاندا بێتەوە.

لە دەوڵەتە ئیسلامیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها (جەزائیر و ئێران و عێراق و سوریا) بەشداری هاوپەیمانیەکەیان نەکردووە و بە نەخێر وەڵامیان داونەتەوە و بگرە دژایەتیشیان دەکەن.

سێ گرووپی چەکداری و سیاسی هەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ ئەو ووڵاتانە دژایەتی خۆیان بۆ دەربڕیوون( حزبوڵای لوبنانی، تەیاری موستەقبەلی لوبنانی، جەبهە شەعبیە لتەحریر فەلەستین).

هەردوو ووڵاتی ئۆگەندا و عەمان، وەڵامی داواکاری بەشداریکردنەکەیان نەداوەتەوە بە بەڵێ یان نەخێر، بە بێلایەنی مامەڵەیان لەگەڵ هاوپەیمانیەکە کردووە.

ئەوە لە کاتێکدا ئەمەریکا، گیرۆدەی دووبەرداشی نێوان، حوسیە شیعیەکانی یەمەن و یاسای نێودەوڵەتیدا گیرماوە.

ئەگەر هاوکاری لەو هاوپەیمانیە ببڕێت ئیدی حوسیەکان ئەگەری ئەوەیان هەیە یەمەن داگیر بکەن و ببێتە ووڵاتێکی هاوپشتی ئێران و بەشار ئەسەد و شیعەکانی عێراق، لە دوای ئەوەش هاوپەیمانی رووسیای تاکە رکابەری سەرسەختی ئەمەریکا لە جیهاندا.

ئێران

ئێران بەردەوام بێ گوێدانە یاسای نێودەوڵەتی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان سەرباز و چەکەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەستی هاوپەیمانەکانی بڵاو دەکاتەوە بۆ ئەوەی بیانپارێزیت، هێزی هاوشێوەی سوپای قودس و پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامی لەو ووڵاتانە دروست دەکات بەدەر لە سوپای نیشتمانی ووڵاتەکان بۆ ئەوەی بە هێزی مەزهەبی ئاینی شەڕەکان یەکلای بکاتەوە.

زیاتر لە پێنج ساڵە بەو شێوەیە رژێمی بەشار ئەسەدی هێشتۆتەوە سەرەڕای بوونی دژایەتی کردنێکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، عێراق و حکوومەتی شیعەی بە بیرۆکەکانی لە چنگی داعش زگار کرد.

بۆیە لەگەڵ ئەوەی یەمەن سنورەکانی دوورە لەگەڵ ئێران بەڵام توانیویەتی لە رێگەی ئاوی و ئاسمانیەوە خۆی بگەیەنێتە یەمەن و هاوکاریەکانی بۆ چەکدارە حوسیەکان بگوازێتەوە، بۆیە لەسەروو ئەو هەموو هاوکاری و هێزەی لە جیهانەوە بۆ دژی حوسیەکان هەیە بەڵام هێشتا حووسیەکان دەتوانن بمێننەوە بەرگەی شەڕەکە بگرن.

وشە/ رۆیتەرز، میدیاکان، رێبین محــەمـەد



وشە - ڕێبین محه‌مه‌د