چی وای لە قەتەڕ كرد كە رووبەڕووی ترەمپ بێتەوە و پاڵپشتی لە توركیا بكات؟

:: PM:06:15:16/08/2018 ‌

دوێنێ قەتەڕ تاڵاوی بانگەشەی دۆستایەتی و هاریكاری چەشت كە لە میانی پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا باسی لێوە دەكرد، كە بریتییە لە پێوەندییەكی تۆڵەسەندنەوە و ناچاری دۆحە لە گەڵ هەریەك لە ئەنكەرە و تاران لە بەرانبەر وڵاتانی كەنداودا، ئەوەیش دوای ئەوەی هەریەك لە سعوودیە و ئیمارات و بەحرێن و میسڕ گەمارۆیان خستە قەتەڕ و پێوەندییەكانیان لەگەڵدا پچڕاند.

دوێنێ چوارشەم قەتەڕ بڕیاری دا بە وەبەرهێنانی راستەوخۆ لە توركیا بە بەهای 15 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی، لەو كاتەی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر توركیا بەردەوامن، ئەوەیش بێگومان ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ توڕە دەكات و كار دەكاتە سەر پێوەندییەكانی دۆحە و واشنتن.

قەتەڕ بۆچی وای كرد؟
ئەو هەنگاوەی قەتەڕ وەڵامدانەوەی پاڵەپەستۆیەكی توركیا بوو لە دوای شكستهێنانی لە رازیكردنی كوێت بە پاڵپشتیكردنی ئابوورییەكەی بە هەنگاوێكی هاوشێوەی قەتەڕ كە ئێستە ئابووری توركیا دووچاری تەنگژەیەكی سەخت هاتووەتەوە، وەك لە هەواڵەكاندا هاتووە وەزارەتی دارایی كوێت پێدانی قەرزی بە توركیا رەت كردووەتەوە كە بەرائەت بەیراق، وەزیری گەنجینە و دارایی توركیا هاوكات زاوای ئەردۆغان لە میانی سەردانێكی بۆ كوێت ئەو داوایەی لەو وڵاتە كردبوو. 

بە پێی زانیارییەكان وەزیری گەنجینەی توركیا داوای لە وەزیری دارایی كوێت كردبوو كە وڵاتەكەی بە بڕی 500 ملیۆن دیناری كوێتی (1.6 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی) پاڵپشتی لە ئابووری توركیا و رزگاركردنی لیرەی توركی لە داڕمانی زیاتری بەهاكەی بكات، بەڵام دوای رەتكردنەوەی ئەو داوایە لەلایەن كوێتەوە، ئەردۆغان پێوەندییەكی تەلەفۆنی بە میری قەتەڕ كردووە و هانی داوە بۆ پێشكەیشكردنی پاڵپشتییەكی بەپەلەی دارایی بۆ وڵاتەكەی بۆ سووككردنی تەنگژەی دارایی كە تێی كەوتووە.

قەتەڕ لە ژێر پاڵەپەستۆكانی ئەردۆغان و بوونی چەند هەڕەشەیەكی توركیا كە دروستیان ساغ نەكراوەتەوە، توركیا هەڕەشەی داخستنی بنكەی سەربازی توركیای لە قەتەڕ كردووە كە لە دوای گەمارۆی وڵاتانی كەنداو بۆ سەر قەتەڕ هاتە دامەزراندن و ئەو كات توركیا بەڵێنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی قەتەڕی دا، لەوانە پاسەوانیكردن لە كۆشكی میری قەتەڕ و فەرمانگە گرنگەكانی دەوڵەتی قەتەڕ.

بەییروەچوونی قەتەڕ بۆ داواكەی ئەردۆغان و توركیا دوای هەڵمەتێكی راگەیاندنی توركیا هات لە دژی قەتەڕ كە سەرەتا رۆژنامەی "تەقویم"ی نزیك لە حكوومەتی توركیا دەستی پێ كرد كاتێك گوتی، دۆخێكی نائومێدی كۆمەڵگەی توركیای گرتووەتەوە بەهۆی بێدەنگیی قەتەڕ لە بەرانبەر ئەو تەنگژە داراییەی تووشی توركیا هاتووەتەوە و ئەوەی بە بیر دۆحە هێنایەوە كە پێشتر ئەنكەرە لە تەنگژەی قەتەڕ پاڵپشتی لێ كردووە و تا ئێستەیش بەردەوامە، هەروەها رۆژنامەكە باسی پاڵپشتییەكانی تری ئەنكەرەی بۆ دۆحە كردووە لە دوای دابڕانی لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی كەنداو بەوەی قەتەڕ پاڵپشتی لە تیرۆر دەكات و دەست لە كاروباری وڵاتانی تر وەردەدات و پێوەندی لەگەڵ ئێران هەیە.

رۆژنامەكە زیاتر گوتی، توركیا لەو ساتەوە دەیان گەشتی باری ئاسمانی بۆ قەتەڕ رێك خستووە و پاڵپشتی لێ كردووە، بەڵام پێویستە بگوترێت كە ئێستە حكوومەتی قەتەڕ خۆی لە دۆخی توركیا بێ بەری كردووە و پاڵپشتی پێویستی سیاسی و ئابووری و مرۆیی پێشكەیش ناكات.

بۆیە رۆژنامەكە ئەو پرسیارەی ورووژاندووە كە ئەو دۆستایەتییە چۆن دەكرێت؟، هەروەها بێدەنگیی دۆحەی وەك ناپاكی وەسف كرد، رۆژنامەی "سەباح"ی سەر بە حكوومەت ئەوەیش باسی بێدەنگیی قەتەڕی كرد، بەڵام بەشێوەیەكی سووكتر.

ئەرۆدغان بە تەنیایە
لە تەنگژەی دوایی توركیا ئەردۆغان بۆی دەركەوت كە لە سەركێشییە بێ حیساباتەكان كەس لەگەڵی ناوەستێتەوە، وەك پێشتر ئەگەر وڵاتانی كەنداو و میسری بۆ حیساباتێكی تەسكی خۆی توڕە نەكردایە ئێستە پاڵپشتیی گەورەی دەبوو، بۆیە پاڵەپەستۆكانی توركیا بۆ سەر قەتەڕ و هەڕەشەكانی سەركەوتن و دوێنێ چوارشەم میری قەتەڕ سەردانی ئەنكەرەی كرد و باڵوێزی ئەو وڵاتەیش لە ئەنكەرە دووپاتی كردەوە كە توركیا هاوبەشێكی ستراتیجی ئێمەیە و ئێمە لە پاڵپشتیكردنی دوودڵی ناكەین. 

سوپرایزەكانی رۆژانی داهاتوو
رۆژانی داهاتوو لەو دۆسیەدا پڕ دەبێت لە سوپرایز، چونكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەستە وەستان ناوەستێت كاتێك دەبینێت قەتەڕی هاوپەیمانی پاڵپشتی لە نەیارێكی (ئەردۆغان) دەكات و پەتی رزگاركردنی بۆ هەڵدەدات، ئەگەرچی شارەزایانی ئابووری دەڵێن كە چەندان ملیار دۆلارەكەی قەتەڕ ناتوانێت بەهانای ئابووری شەكتبووی توركیا بێت.

ناوەندەكانی توركیا وای دەبینن كە یەكەم هەنگاو بۆ رێگرتن لە داڕمانی بەهای لیرەی توركیا بریتییە لە ئازادكردنی ئەندڕۆ برانسن قەشەی ئەمەریكایی و دەرگەكەیش بۆ ئەوە كراوەیە كاتێك ئەو قەشەیە داوای ئازادكردنی لە دادگای توركیا كردووە، بەڵام ئەو هەنگاوە بە رێنوێنیی ئەردۆغان یان میانگیرییەكانەوە دەبێت بۆ داگیرسانی خاڵێك رووناكایی لە كۆتایی توونێلە تاریكەكەی ئەو تەنگژەیە.

سەرچاوە/ حەفریات 
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل