پڕۆژە ئاشتەوایییەكەی حەكیم لە بازنەی ئێران دەخولێتەوە

:: PM:04:12:10/12/2016 ‌

ئەمڕۆ شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە بەسەرۆكایەتی عەماڕ حەكیم رووی لە تاران كرد بۆ باسكردنی چەند پرسێكی هاوبەش كە گرنگترینیان پڕۆژەی یەكلاكردنەوەی سیاسییە لە عێراق، لەناو ناڕەزایی و هەوڵەكانی مالیكی بۆ بەربەستكردنی جموجۆڵەكانی حەكیم.

لە تشرینی یەكەمی رابردوو عەماڕ حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) لە میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چیای زەرتك لە میحوەری خازر، رای گەیاند كە بۆ قۆناغی دوای داعش، پڕۆژەیەكی یەكلاكردنەوەی سیاسی مێژوویی و فرەوانیان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەدەستەوەیە.

ئەمڕۆ شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی رووی لە ئێران كرد لەدوای سەردانیكردنی ئوردن لە هەفتەی رابردوو، ئەوەش بۆ باسكردنی چەند پرسێكی هاوبەش لە سەروویانەوە پڕۆژەی یەكلاكردنەوەی نیشتمانی ستراتیجی بۆ دوای داعش.

سێشەمی رابردوو شاندێكی باڵای هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) سەردانی ئوردنی كرد، بەڵام بەر لە سەردانەكە عەماڕ حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانییەكە لەگەڵ حەسەن دانایی فەڕ باڵوێزی ئێران لە بەغدا كۆ بووەوە و باسی چەند پرسێكی هاوبەشیان كردووە، حەكیم باسی دۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق و پڕۆژە ئاشتەوایییەكەی بۆ دانایی فەڕ كرد.

دوای ئەو دیدارە حەكیم بەسەرۆكایەتی شاندێكی سیاسی و پەرلەمانی گەیشتە عەمانی پایەتەختی ئوردن و چاوی بەهەریەك لە شای ئوردن و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە و رەوەندی عێراقی كەوت، باسی ئاشتەوایی و یەكلاكردنەوەی تەنگژەی نێوان پێكهاتەكانی عێراقی كرد و رای گەیاند، ئوردن لە دۆخی ناوەخۆی عێراق ئاگەدارە و ئامادەشە بۆ سەركەوتنی پڕۆژەكە پاڵپشتی عێراق بكات.  

حەكیم لە ئوردن داوای كردووە كە ئەو وڵاتە هەوڵی رازیكردنی لایەنە سوننەكانی نەیار بۆ حكوومەتی عێراق بدات بە بەشداریكردن لە وتوێژی ئاشتەوایی، ئەو كات راگەیەندرا كە هەروەها حەكیم دوای ئوردن سەردانی هەریەك لە ئێران و میسر دەكات.

لای خۆیەوە خەمیس خەنجەر ئەمینداری گشتیی پڕۆژەی عەرەبی و یەكێك لە سەرانی كاریگەری سوننەی عێراق كە لە ئوردن دادەنیشێت، لە میانەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ یان كۆبیچ نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رای گەیاند كە ئەو پڕۆژەی عەماڕ حەكیم ئەگەری سەركەوتنی دوورە، ئەوەش بەهۆی لاوازی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی دوای تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لەناو پەرلەمانی عێراق بەبێ بوونی تەوافوق لەبارەیەوە. 

لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی حەكیم بۆ سەرخستنی پڕۆژەكەی، بەرەی نەیار بۆ ئەو پڕۆژە دەستەوەستان نەوەستاون، گەورە نەیاری حەكیم كە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە لە هەموو بۆنەیەكەوە دووپاتی دەكاتەوە كە ناكرێت ئاشتەوایییەكە هەمووان بگرێتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ سەرانی سوننە لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و عێراق، ئەو لە وتەیەكی لە كۆنگرەیەكی هۆزەكان لە پارێزگای زیقاڕ دووپاتی كردەوە كە نابێت ئاشتەوایی بەعسییەكان و ئەوانەشی تیرۆریستانیان هێنایە ناو عێراق بگرێتەوە یان ئەوانەی دەستیان بە خوێنی عێراقییەكان سوورە، بەڵكو ئەوانە بەشدار دەبن كە باوەڕیان بە پرۆسەی سیاسی هەیە. 

مالیكی مەبەستی لەو قسانەی ئەو سیاسییە سوننانەن كە لە ناوەخۆی وڵات بەرهەڵستی بۆچوونەكانی حكوومەتی شیعەی عێراق دەكەن وەك ئەسیل نوجێفی و تا رادەیەك سەرانی هاوپەیمانی موتەحیدوون و لە دەرەوەش تاریق هاشمی و رافیع عیساوی و خەمیس خەنجەر و بەعسییەكانی ئوردن و سەرانی بزاو و رەوتە ئیسلامییە سوننەكانی عێراق لە ئوردن.

زیاتر لەوەش مالیكی هەڕەشەیەكی تری كرد كە رەنگە ئاماژە بێت بۆ بژارەیەكی لایەنگرانی و ئەوانەی لە بەرەی ئەوەوە وەستاون، وەك بەشی زۆری سەركردەكانی حەشدی شەعبی و رێكخراوی بەدر و عەسائیب و نوجەبای نزیك لە ئێران بەوەی باسكردنی پرسی هەرێمەكان رەنگە رێگەیەك بێت و وڵات بە جەنگێكی نوێ بگەیەنێت.  

هەفتەی رابردوو عزەت شابەندەر سیاسەتوانی سەربەخۆی عێراقی دووپاتی كردەوە كە پڕۆژەی چاكسازی لە عێراق كە لەلایەن هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) باسی لێوە دەكرێت، ناوەڕۆكەكەی بەتەواوەتی روون نییە و ئەوەشی یانكۆبیچ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەیكات، وەك دەڵاڵییە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ بەرژەوەندیی هاوپەیمانی نیشتمانی.

شابەندەر لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاند كە ئەو یەكلاكردنەوەی نێوان سیاسەتوانەكان كە باسی لێوە دەكرێت، بۆ دابەشكردنەوەی دەسەڵات و دزییە لە نێوان خۆیاندا لەژێر چەتری ئەو پڕۆژەی كە باسی لێوە دەكەن.

ئاماژەی كرد كە ئەو ناكۆكییانەی لەناو كۆمەڵگەی عێراق دروست بوون، سەرانی سیاسی و بەرپرسانی تایفی خۆیان دروستیان كرد و هانیان بۆ دا، ئەوەش لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵات دوای ئەوەی نووچیان خوارد لە بنیاتنانی دەوڵەتێكی تۆكمە، لەو كاتەی پێكهاتەی كۆمەڵگەی عێراقی لە بنەڕەتدا پتەو و یەكویست بووە.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانی نیشتمانی بەتەواوەتی خۆی لە پڕۆژەكە نەكردووەتە خاوەن. زۆرینەی لایەنەكانیش رەتی دەكەنەوە كە لەگەڵ ئەو سیاسییانە دابنیشن كە پرۆسەی سیاسی لە عێراق رەت دەكەنەوە. 

سەرچاوە: بەغداد تایمز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل