توركمان له‌ كه‌ركووك پۆستێكى هه‌ستیار وه‌رده‌گرێت

:: AM:11:39:17/08/2018 ‌
‌پۆستێكی هه‌ستیاری شارى كه‌ركووك درایه‌ توركمانێكی شیعه‌ مه‌زهه‌ب، و ئه‌فسه‌رێكى دژه‌ تیرۆرى عێراقیشى ئاشكراى ده‌كات، ئه‌و پۆسته‌ مافى كورد بووه‌ و ماوه‌یه‌ك به‌ چۆڵى ماوه‌ته‌وه‌، ناچار به‌غداد كه‌سێكى ترى له‌ شوێنى نه‌ته‌وه‌ى كورد داناوه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17ى ئاب، تورکمانێکی شیعە مه‌زهه‌ب به‌ فه‌رمى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆیى عێراقى كرایه‌ بەڕێوەبەری هەواڵگریی شارى كه‌ركووك، به‌م پێیه‌یش بێت كورد له‌ شارى كه‌كووك ئێسته‌ هیچ پۆستێکی سه‌ربازى گرنگى به‌ده‌ست نەماوە. 

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کە واژۆی د.عەقیل مەحمود خەزعەلی، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی لەسەرە و پاڵپشت بە بڕیاری قاسم ئەعرەجی، وەزیر ناوخۆى عێراق، بڕیاردراوە "عەمید ئورهان خەلیل جومعە وەلی"، بکرێتە بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەرەنگاربونەوەی تیرۆری کەرکووک.

بەپێی نووسراوەکەیش بێت، پێشتر فەرمانی کارگێڕی بۆ عەمید ئۆرهان دەرکراوه‌ بە گواستنەوەی بۆ سەر میلاکی کارووباری پۆلیس، بەڵام دواتر فەرمانەکە هەڵوەشێنراوەتەوە و هەر لە کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ماوەتەوە و دواتریش کراوه‌ته‌ بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەرەنگاربونەوەی تیرۆری شارى کەرکووک.

نه‌قیب سوفیان ئه‌فسه‌ر له‌ هێزى دژه‌ تیرۆرى عێراقی له‌ لێدوانێكدا به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، ئه‌و پۆسته‌ مافى كورد بووه‌ و ماوه‌یه‌ك به‌ چۆڵى ماوه‌ته‌وه‌، ناچار به‌غداد كه‌سێكى ترى له‌ شوێنى نه‌ته‌وه‌ى كورد داناوه‌. 

زیاتر گوتى، عەمید ئۆرهان تورکمانێکی شیعە مەزهەبە و نزیکە لە ڕێکخراوی بەدر، بە سەرۆکایەتی هادی عامری، کە وەزیری ناوخۆیش یەکێکە لە بەرپرسانی ڕێکخراوه‌كه‌، پێشتریش بەرپرسێکی کوردی نزیک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو پۆستەی بەڕێوە دەبرد، به‌ڵام دواى 16ى ئۆكۆتبه‌ر له‌ كورد سێنرایه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌.

لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، رووداوەكانی كوشتن و تەقینەوە لە شاری كەركووك ڕووی لە زیادبوون كردووە و ئەوەیش پێوەندی بەو بۆشایییە تەناهییەوە هەیە كە لە ئەنجامی داگیركردنی شارەكە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دروست بووە.


وشە - محەمەد میران