دادگا بڕیاری وەستانی بەنزینخانەكەی سەرچناری دەركرد

:: AM:09:06:18/08/2018 ‌
بەپێی بڕیارێكی داواكاری گشتی، بڕیاری وەستانی كارەكانی بەنزینخانەی سەرچنار دەردەچێت و داواش دەكرێ هەر كەسێك ئەو كارەی كرد، ئاگەدارمان بكەنەوە بۆ ئەوەی داوای یاسایی لەسەر تۆمار بكرێت.

بەپێی بڕیارێكی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی بە ژمارە 11269 كە ئاراستەی پارێزگای سلێمانی كردووە و تێیدا هاتووە، دوای نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی، دوای ئەوەی پشكنین كرا بۆ ئاوی تاڤگەی سەرچنار، دەركەوت دروستكردنی ئەو بەنزینخانەیە كاریگەری هەیە لەسەر ئاوی ناوچەكە.

لە بەشێكی نووسراوەكەدا ئاشكرا كراوە دروستكردنی بەنزینخانەكە ڕادەگیرێت و هەرلایەكیش هەوڵی دروستكردنی بەنزینخانە بدات لەو جێیە، ئـەوا داواكاری گشتی سكاڵای یاسایی لە دژ دەجووڵێنێت.

پێشتر هەفتەنامەی "وشە" لە ڕاپۆرتێكی مەترسی دورستكردنی بەنزینخانەیەكی لە سەرچنار ئاشكرا كردبوو كە دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی كانی سەرچنار كە لەلایەن بەرپرسێكی ئەو شارە دروست دەكرا.

سەرچنار جگەلەوەی ئێستە گەڕەكێكی شاری سلێمانییە، لە هەمان كاتدا شوێنێكی گەشتیاری گرنگیشە بەهۆی بوونی ئاو و داروبارێكی زۆر و لەلایەن هاووڵاتییانی شاری سلێمانی گرنگی خۆی هەیە.





وشە - رامیار جەواد