لە نێوان لووتكەكانی سووچی و ئاستانا و ئیستانبوڵ و تاران .. چارەنووسی سووریا بەرەو كوێ؟

:: PM:01:30:18/08/2018 ‌
چاوەڕوان دەكرێت سەرەتای مانگی ئەیلوول لووتكەی تاران و لووتكەی ئیستانبوڵ بۆ دوو ئامانجی جیاواز لەبارەی داهاتووی سووریا بەڕێوە بچێت. ئەوروپا دەیەوێت كۆتایی بە ئاوارەكان بهێنێت و توركیا و ئێرانیش بەدوای پێگەی خۆیانن، رووسیا سەركەوتوو دەبێت لە پاراستنی بەرژەوەندی هەموویان و هێشتنەوەی ئەسەد لە دەسەڵات؟

لووتكەی تاران
چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی یەكەمی مانگی ئەیلوولی داهاتوو، لووتكەی تاران پێوەند بە دۆخی سووریا لەنێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا، حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بەڕێوە بچێت.

لەبارەی كۆبوونەوەكە، سكرتێری رۆژنامەوانی سەرۆكی رووسیا دەڵێ، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ بەستنی لووتكەی تاران لە نێوان هەرسێ سەرۆكەكە.

بەگوێرەی هەواڵێكی "سپوتینك" دیمیتری بیسكۆف رەتی كردەوە پوتین بەمنزیكانە سەردانی توركیا بكات و ئاماژەی بەوە دا ئێستە كار دەكرێت بۆ رێكخستنی لووتكەی تاران.

هاوكات ئیبراهیم كالین گوتەبێژ بەناوی كۆشكی سەرۆكایەتی توركیا رای گەیاند، هەفتەی یەكەمی مانگی ئەیلوولی داهاتوو سێ سەرۆكەكە لە تاران كۆ دەبنەوە.

ئاشكرای كرد، دۆسیەی ئیدلب یەكێك دەبێت لەو دۆسیانەی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، چونكە ئەنكەرە نایەوێت ئەوەی لە درعا و حەما و قنیتڕە رووی دا، لە ئیدلب دووبارە ببێتەوە. گوتی "توركیا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ كۆتاییهاتنی جەنگ لە سووریا بە رێی دیپلۆماسیی".

لووتكەی تاران لە كاتێكدایە پێش لووتكەی ئاستانە 10، لە نیسان/ئەپرێلی رابردوو لووتكەی ئەنكەرە لە نێوان ئەو سێ وڵاتە بەسترا.

ئاستانا 10
لە 30 و 31ی تەمووز/ جوڵایی  رابردوو، لووتكەی 10یەمی ئاستانا لە سۆچی رووسی لە نێوان رووسیا و توركیا و ئێران پێوەند بە دۆخی سووریا بەڕێوە چوو، كە ستیڤان دیمیستۆرا نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش تێیدا بەشدار بوو.

بەگوێرەی بەیاننامەی كۆتایی لووتكەكە كە "سپوتینك" بڵاوی كردووەتەوە، بەشداران دووپات لەسەر بەگەڕخستنی هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ یارمەتیدانی سوورییەكان و گەڕانەوەیان بۆ ژیانێكی ئاسایی و گەڕانەوەی ئاوارەكان و پەنابەرەكان.

هەرسێ وڵاتەكە لە ئاستانا 10 رێككەوتن لەسەر هێوركردنەوەی دۆخی سووریا و بەردەوامیدان بە بنیادنانی متمانە لە نێوان لایەنەكانی ململانێكار لە سووریا، پێوەندار بە دۆسیەی بەندكراوەكان، هەروەها رێككەوتن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەجێندایەك كە هەوڵی دابەشكردنی سووریا بدات.

هەر لە لووتكەكە داوایان لە وڵاتانی دنیا كرد هاوكارییەكانیان بۆ سووریا زیاتر بكەن، هاوكات باسی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریش یەكێك بوو لە مژارەكانی لووتكەكە، بڕیار درا لە مانگی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر جارێكی تر كۆ ببنەوە بێ دەستنیشانكردنی شوێنی كۆبوونەوەكە.

بەگوێرەی هەواڵێكی "RT"ی رووسی، یەكێتی ئەوروپا رەخنەی ئەوەی لە لووتكەی ئاستانا گرت كە پرسی وەستاندنی ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكانی لە خۆیەوە نەگرتووە و داواشی لە هاوپەیمانانی بەشار ئەسەد كرد كە پرۆسەی چارەسەری سیاسی دۆسیەی سووریا رادەستی نەتەوە یەكگرتووەكانی بكەن.

بەرپرسێكی باڵای یەكێتی ئەوروپا رای گەیاند، هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپا روونە كە داوای وەستاندنی توندوتیژی دەكات، پێویستە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ ئاشتی و تەناهی بۆ هەموو سوورییەكان، ئەمەش دەبێت لە رێی نەتەوە یەكگرتووەكان بێت.

زیاتر گوتی "لووتكەكانی ئاستانا تا ئێستە باسی وەستاندنی شەڕ و ئازادكردنی بەندكراوەكان و هەڕەشەكانی رژێمی سووریای بۆ سەر ئیدلب و ناوچەكانی تر لە خۆوە نەگرتووە، ئەمەش وادەكات دۆخی تەناهی سووریا هەمیشە لە ژێر هەڕەشەدا بێت".

لووتكەی ئیستانبوڵ و كۆبوونەوەی مێركڵ و پوتین
بڕیارە لە حەوتی ئەیلوولی داهاتوو، بە بەشداری ئەڵمانیا و فڕەنسا و رووسیا، لووتكەی ئیستانبوڵ بەڕێوە بچێت لە بارەی دۆخی سووریا و ئاوارەكان بە تایبەت.

ئەگەرچی یەكێتی ئەوروپا بە گشتی لەگەڵ بەشداری ئەڵمانیا و فڕەنسا نییە لەو لووتكەیە و چارەسەری دۆسیەی ئاوارەكان، بەڵام حكوومەتەكەی مێركڵ لەژێر گوشاردایە بۆ چارەسەری دۆسیەی ئاوارەكانی سووریا كە وڵاتەكەی پێشوازی لە زۆرینەی رەهای ئاوارەكانی سووریا كردووە.

بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵێكی "فڕانس 24"، ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دووپاتی لە بەستنی لووتكەكە كردووەتەوە كە تەوەری سەرەكی باسكردنە لە دۆخی سووریا.

بەگوێرەی راپۆرتێكی تەلەڤزیۆنی "سووری" ئێران ترسی لە لووتكەی ئیستانبوڵ هەیە بەوەی وردە وردە لە دۆسیەی سووریا دەربكرێت, هەروەك چاودێرانی دۆخی سووریا وەها شرۆڤەی دەكەن.

لووتكەی ئیستانبوڵ لە كاتێكدا ئەنجام دەدرێت كە ئەمڕۆ 18ی ئاب/ ئۆگستس، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بەرەو ئەڵمانیا گەشتی كرد بۆ دیدار لەگەڵ ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا.

تەوەری سەرەكی دیداری هەردوو سەركردە، دۆسیەی سووریا دەبێت و چاودێرانیش وای دەبینن جارێكی تر پوتین داوا لە مێركڵ بكات هاریكاری مۆسكۆ بكات بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان كە بەشی زۆریان لە ئەڵمانیان.

رۆژنامەی "نیزافیسمایا غازیتا"ی رووسی دەڵێ، یەكلاكردنەوەی دۆسیەی سووریا بۆ ئەڵمانیا و رووسیا زۆر گرنگە، بەتایبەت تەنگژەی ئاوارەكان كە كێشەی ژیانی بۆ ئەڵمانەكان ناوەتەوە و مێركڵیش لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت بەڵێنی چارەسەری داوە، ئەمەشە وایكردووە پوتین ئەو دۆسیەیە لەگەڵ مێركڵ باس بكات، لە كاتێكدا زۆرینەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا رەتی دەكەنەوە هاریكاری رووسیا بكەن بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان.

ئەگەرچی باس لە بەستنی دوو لووتكە دەكرێت كە كاتەكانیان دەكەوێتە هەفتەی یەكەمی مانگی داهاتوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان هیچ یەكێكیان بە تەواوەتی یەكلا نەكراونەتەوە، لەمەشدا ئێرانییەكان مەبەستیانە لووتكەی ئیستانبوڵ پێش لووتكەی تاران ببەسترێت.

شەهیدی بەهەشتی حەمید رەزا مامۆستا لە زانكۆی تاران دەڵێ، ئێران بە وریایییەوە دەڕوانێتە لووتكەی چواری ئیستانبوڵ، هەوڵیش دەدات لووتكەی تاران دوای لووتكەی ئیستانبوڵ ئەنجام بدرێت.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئێرانییەكان بە سەرسوڕمانەوە لە مۆسكۆیان پرسیوە لەبارەی بانگهێشت نەكردنیان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێ بانگهێشت نەكردنی ئێران بۆ لووتكەی ئیستانبوڵ هەوڵێكە بۆ ئەوەی ئەمەریكییەكان لە لووتكەكانی داهاتوودا بەشداری بكەن.

بەگوێرەی رۆژنامەی" نیزافیسمایا غازیتا" پێشتر ترەمپ و پوتین لە لووتكەی هلسنكی كۆك بوون لەسەر بەستنی لووتكەی ئیستانبوڵ بێ بەشداری ئێران، بۆیە پێ دەچێ هەردوو سەرۆك لەسەر خاڵی هاوبەش گەیشتبنە رێككەوتن لە بارەی چارەسەرێكی مامناوەند بۆ دۆخی سووریا.

شارەزایەكی رووسی باوەڕی وایە تێگەیشتنی نێوان مۆسكۆ و واشنتن لەسەر دۆخی سووریا، یەكێك لە سیناریۆكانی بەشداریكردنی وڵاتانی ئەوروپایە لە پرسی دووبارە نۆژەكردنەوەی سووریا بە مەبەستی گەڕانەوەی  ئاوارەكان. گوتی "لووتكەی ئیستانبوڵ، پێ دەچێت سەرەتای ئامادەكارییەكان بێت بۆ قۆناغی دوای جەنگ لە سووریا و سەرەتای دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو وڵاتە".




وشە - فه‌رمان سادق