پەرلەمانتارێك: پەرلەمانتاران ڕۆڵیان لە یەكتر نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكان هەبوو

:: PM:06:15:18/08/2018 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، پەرلەمانتارانی كوردستان ڕۆڵیان لە لەیەكتر نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان هەبووە.

دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی قبووڵ نەكردنی ئەنجامەكان لەلایەن چوار لایەنی سیاسییەوە لێك دوور كەوتنەوە، بەڵام ئێستە بەپێی ئەو لێدوانانە بێت كە لەلایەن بەرپرسانی چوار لایەنە ناڕازییەكە و پارتی و یەكێتییەوە دەدرێت، لەیەكتر نزیك دەبنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئاب/ ئۆگستس، عەباس غەزالی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، فراكسیۆنی حزبەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵیان هەبووە لە یەكتر نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكان.

زیاتر ڕوونی كردەوە كە ئەنجامدانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بەبێ‌ كێشە و هاوڕا بوون لەسەر پڕۆژەكان هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لە یەكتر نزیك ببنەوە.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، پێویستە دوای جەژنی قوربان لایەنە سیاسییەكان پێداچوونەوە بە پێوەندییەكاندیاندا بكەن و هەنگاوی گرنگی یەكڕیزی بنێن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو سەرۆك بارزانی لە گوتارێكدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی ڕای گەیاند، پێویستە لایەنە سیاسییەكان بیر لە یەكڕیزی بكەنەوە و دووپاتی لەوە كردەوە كە پارتی ئامادەی هەموو یەكڕیزییەكە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم