ئایە مادەی هۆشبەر دەچێتە گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستان؟

:: PM:12:21:19/08/2018 ‌
هەواڵی چوونی مادەی هۆشبەر بۆ ناو گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستان لەناو هاووڵاتییان زۆر باوە و نووسینگەی سلێمانی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، هەندێك جار هەوڵ دەدرێت بگەیەنرێتە دەست سزادراوان.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی ئاب، لە هەواڵێكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان هاتووە، لە پێناو بەرجەستەكردنی مامەڵەیەكی باشتر و بەرپرسیارانە لەگەڵ سزادراوان و دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی ئەو كەموكورتییانەی هەیە، تیمی چاودێری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی سەردانی باڵەخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی كرد.

لە بەشێكی هەواڵەكەدا هاتووە، پێشنیاز كرا كە پێكەوە هاوكار و هاوئاهەنگ بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ لەناو چاكسازی سلێمانی، لە كاتێكدا هەندێك كێشە و ئاریشە بەهۆی كەمی هۆشیاری و مامەڵەی ناتەندروستەوە ڕوو دەدات.

ئاماژە دراوە، یەكێكی تر لەو بابەتانەی لەگەڵ ئیدارەی چاكسازی گەورانی سلێمانی باس كرا، بابەتی كۆنترۆڵكردنی مادەی هۆشبەر بوو، كە دەگوترێت هەندێك جار هەوڵ دەدرێت بگەیەنرێتە دەست سزادراوان تا بەكاری بێنن. پێشنیار كرا فەرمانبەرێكی هۆبەی چاودێری گرتووخانەكان لە نووسینگەی سلێمانی هەفتەی رۆژێك تەنسیب بكرێت و لە چاكسازی دەوام بكات.

ماوەیەك دەنگۆی بردنی مادەی هۆشبەر لە ناو هاووڵاتییان بڵاو بووەتەوە و باس دەكرێت سزادراوان مادەی هۆشبەر و حەبی قەدەغەكراویان بۆ دەچێتە گرتووخانە.



وشە - رامیار جەواد