ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان دابەزیوە

:: PM:03:42:19/08/2018 ‌
بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ڕای دەگەیەنێت، ئاستی ئاو لە بەنداوەكە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سێ‌ مەتر كەمی كردووە و بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویش دەڵێت، چەند ئاوی بەنداوەكە كەم بكات ئاوی ژێرزەویش لەو ناوچەیە كەم دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئاب/ ئۆگستس، محەمەد تاهیر بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕێژەی ئاو لە بەنداوی دووكان زیاتر لە 3.6 ملیار مەتر سێجایە و لە مانگی حوزەیرانەوە بەرنامەی هاوینەمان داڕشتووە بۆ پێدانی ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵ بۆ ئەوەی كاریگەری نەبێتە سەر كەمبوونەوەی ئاوەكە.

ڕوونی كردەوە كە لە دوای مانگی حوزەیران زیاتر ئاو بۆ خواردنەوە بەردەدرێتەوە كە سلێمانی و چەمچەماڵ و ناوچەكانی دەوروبەری سەرچاوەی ئاویان ئەو بەنداوەیە.

وەك بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ئاماژەی بۆ كرد بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ تا ئێستە سێ‌ مەتر ئاوی بەنداوەكە كەمی كردووە و بڕی ئاویش لە بەنداوەكە سێ‌ ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجایە، لە كۆی حەوت ملیار مەتر سێجا كە بەنداوەكە دەیگرێت.

لای خۆیەوە عەباس عەلی بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەرزبوونەوە و دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان كاریگەری لەسەر كەمبوونەوە و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی هەیە.

ڕوونی كردەوە كە چەند ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان بەرز بێتەوە، ئاوی ژێرزەوی ئەو سنوورەیش زیاد دەبێت، بەپێچەوانەیشەوە چەند ئاوی بەنداوەكە دابەزێت، ئاستی ئاوی ژێرزەویش كەم دەبێتەوە.

پێشتر "وشە" بڵاوی كردەوە لە چەند ناوچەیەكی سنووری سلێمانی بە تایبەت لە سیتەك و قەرەداغ بەهۆی لێدانی بیری نایاسایی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە 30 مەترەوە بۆ 60 مەتر دابەزیوە.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم