له شه‌وی ڕابردووه‌وه گه‌رده‌لوول و بایه‌كی به‌هێز و بارانێكی به‌خوڕ ناوچه‌كانی مه‌ككه‌ی گرتووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه زیاتر له ملیۆنێك مسوڵمان بۆ ته‌واوكردنی ڕێوڕه‌سمی حه‌جی ئه‌مساڵ له مه‌ككه و مه‌دینه كۆبوونه‌ته‌وه.
وێنه و ڤیدیۆی باو و بارانی به‌هێز له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به چڕی بڵاوبووه‌ته‌وه و بایه‌كه هێنده به‌هێز بووه په‌رده ڕه‌شه‌كه‌ی سه‌ر كه‌عبه‌یشی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵداوه‌ته‌وه.
شه‌پۆله‌كه جیا له شاری
مه‌ككه چیای عه‌ره‌فیشی گرتووه‌ته‌وه، ئه‌و مسوڵمانانه‌ی بۆ حه‌جكردن له ناوچه‌كه‌ن كۆبوونه‌ته‌وه و تا به‌ره‌به‌یان ماونه‌ته‌وه و نوێژیان كردووه، چونكه ئه‌مڕۆ به‌ره‌و چیای عه‌ره‌فه ده‌ڕۆن و ڕێوڕه‌سمی حه‌ج به كۆتا ده‌هێنن.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فریاگوزاری سعوودیه له ناوچه‌كه ئاشكرای كرد، به‌هۆی ئه‌و ڕه‌شه‌با و بارانه به‌خوڕه هیچ زیانێكی گیانی نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مبۆلانس و تیمه‌كانی فریاكه‌وتن به ته‌واوی له ناوچه‌كه بڵاوبوونه‌ته‌وه، تا له هه‌ر ئه‌گه‌رێك ئاماده بن و هاوكاری سه‌رجه‌م مسوڵمانان بكه‌ن كه بۆ حه‌جكردن ڕوویان له سعوودیه كردووه.
ده‌سته‌ی گشتی كه‌شناسی و پاراستنی ژینگه‌ی سعوودیه له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا هۆشداری دا له دروستبوونی هه‌وره برووسكه‌ی به‌هێز و بارانی به‌خوڕتر، له ئه‌نجامی ئه‌و بارانه زۆره‌یش ئاو له ناوچه‌ی مه‌ككه و عه‌ره‌فات و موزده‌لیفه و مه‌نی كۆ ده‌بێته‌وه.