لە 2007ەوە نزیكەی 50 هەزار كرێكاری بیانی هاتوونەتە كوردستان

:: PM:01:42:21/08/2018 ‌

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، وێڕای ئاشكراكردنی ئاماری فەرمی هاتنی كرێكارانی بیانی بۆ هەرێمی كورستان، رەتی دەكاتەوە لە هەرێمی كوردستان بازرگانی بە مرۆڤ بكرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە مانگی حوزەیراندا دواین راپۆرتی خۆی لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ و بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە سەرانسەری دنیا لەژێر ناوی "بازرگانی بەمرۆڤ" بۆ ساڵی 2018 بڵاو كردەوە و عێراق و هەرێمی كوردستانیش لەو شوێنانەن كە لە راپۆرتەكەدا باسیان كراوە. لەم راپۆرتەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا چەندان تۆمەتی داوەتە پاڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و باس لەوە دەكات كە دیاردەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دیاردەیەكی زۆر باوە و لەبەر ئەوەی هەرێم هیچ یاسایەكی نییە بۆ دژایەتیكردن و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ، ئەم دیاردەیە بەردەوام لە تەشەنەسەندندایە.

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا لە وەڵامی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا گوتی، بە پێی فەرمانی وەزاری حكوومەتی هەرێم بۆ مەبەستی رووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە، چەند لیژنەیەكی لاوەكی لە پارێزگاكانی (هەولێر، دهۆك، سلێمانی) پێكهێنراوە و بە نووسراوی ئەنجوومەنی دادوەری بڕیار دراوە بە دانانی دادوەری تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و وەزارەتی ناوخۆ چەندان هۆبەی لێكۆڵینەوەی داناوە بۆ لێكۆڵینەوە لەم كەیسانە.

ئەو پێی وایە هێنانە كایەی سیستەمی ڤیزە ئۆنلاین لە هەرێمی كوردستاندا هۆكارێكی باش بووە بۆ رێگریكردن و كەمكردنەوەی بازرگانی بە مرۆڤ، چونكە سیستەمی ڤیژە ئۆنلاین بە شێوەیەكی مۆدێرن و پڕۆفیشناڵ كار دەكات و كۆنترۆڵی گشت سپۆنسەری كەسە بیانییەكان دەكات و  ئەم سیستەمە لە كاتی پێدانی لە نێوان 30 تا 50  ڤیزە بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی سیستەمەكە رادەوەستێت، چونكە هەر كۆمپانیایەك كۆدی تایبەتی خۆی پێ دەدرێت و ئەم كۆدە بە پێی ئەو ژمارەیەی سەرەوە كار دەكات، دەبێت سپۆنسەر یان كۆمپانیا چارەنووسی ئەو كەسانەی كە ڤیزەی بۆ وەرگرتوون یەكلای بكاتەوە و پاشان كۆدەكەی دەخرێتەوە كار بە پێچەوانەوە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێت و ئەم سیستەمە بووەتە هۆی كەمكردنەوەی هەندێك لە كارەكانی لیژنەی باڵا و لاوەكییەكان.

لە درێژەی قسەكانیدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم رای گەیاند، حكوومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك كاری كردووە بۆ پاراستنی مافی كرێكاران و بۆ پاراستنی مافی كرێكاران كار بە یاسای كاری عێراقی ژمارە 37ی ساڵی 2015 دەكرێت. بۆیە لە دوای ساڵی2007ــەوە تا ئێستە 49 هەزار و 317 كرێكاری بیانی بەشێوەیەكی فەرمی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و دوای هاتنیان لەلایەن فەرمانگەی نیشتەجێی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ناویان تۆمار دەكرێ لەسەر ئەو كۆمپانیانەی كە دەیانهێنن و زانیارییان هەیە لەبارەی مانەوە و گەڕانەوەیان، هەروەها پشكنینی تایبەتیان بۆ ئەنجام دەدرێت و لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوونی بۆ دەكرێ.

دیندار زێباری رای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێكی تەناهیی پێویست بۆ پاراستنی كەمپەكانی پەنابەرە سوورییەكان. بۆ ئەم مەبەستەش چەندان بنكەی پۆلیس و ئاسایش و نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژن لەناو ئەو كەمپانە كراونەتەوە. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2013 نووسینگەیەكی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی كراوەتەوە لە كەمپی دۆمیز كە گەورەترین كەمپی پەنابەرانە لە كوردستان و عێراق. ئەركی ئەم نووسینگەیە پێشوازیكردن و وەرگرتنی ئەو سكاڵا و داواكارییانەیە كە هاووڵاتییان بە گشتی و ژنان بەتایبەتی بەرزی دەكەنەوە لە بارەی توندوتیژی خێزانی یان دەستدرێژی سێكسی، بەڵام تا ئێستە هیچ سكاڵایەك لەبارەی بوونی دیاردەی بازرگانیكردن بە ژنان یان دەستدرێژی سێكسی یان لەشفرۆشی بۆ ئەم نووسینگەیە بەرز نەكراوەتەوە، بەڵكو ئەو سكاڵایانەی هەبوون بەشی هەرەزۆریان سكاڵای ئاسایی بووە كە پێوەندییان بە گرفت و كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتییەوە هەبووە. 

زێباری گوتی "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رژدی كار دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە  توندوتیژییەك دژی ژنان و بازرگانیكردن بە ژنان و منداڵان و بە توندی سزای ئەو كەسانە دەدات كە تاوانەكان ئەنجام دەدەن، ئەم جۆرە تاوانانە لە كۆمەڵگای كوردستانی بە كاری نامۆ دادەنرێن و پێچەوانەی ئاین و دابونەریتی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردستانی و لەبارەی دەستدرێژی سێكسی و سووكایەتیكردنی ئاوارەكان، بەڵام تا ئێستە لەلایەن كارمەندان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، هیچ كێشەیەكی لەو جۆرە دروست نەبوو كە تۆمار كرابێت و ئەگەر كێشەش ڕوو بدات چارەسەری بۆ دەكرێ.



وشە - سلێمان تاشان