یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای وازهێنانی له پۆسته‌كه‌ی، تا ئێسته ئاماده نییه پاسه‌وانه‌كانی بداته‌وه وه‌زاره‌تی ناوخۆ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دووجاریش ئاگادار كراوه‌ته‌وه.
به‌پێی یاسا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له پۆسته‌كه‌یدا بۆی هه‌بوو 30 پاسه‌وانی هه‌بێت، به‌ڵام یوسف محه‌مه‌د له‌كاتی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی پاسه‌وانه‌كانی خۆی زیاد كرد بۆ ٤٠ پاسه‌وان، به‌ڵام دوای نه‌مانی له‌و پۆسته پێویسته هه‌ر سه‌رۆكێكی په‌رله‌مان ٣٢ پاسه‌وان بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پاسه‌وانی بگه‌ڕێنێته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دوو جار به نووسراوی فه‌رمی یوسف محه‌مه‌د له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاسه‌وانه‌كانی ئاگادار كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێسته ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاسه‌وانه‌كانی ده‌رنه‌بڕیوه، هه‌رچه‌نده له هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو وه‌ك په‌رله‌مانتار بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌رچوو.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی سه‌ربه وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، دوو جار یوسف محه‌مه‌د ئاگادار كراوه‌ته‌وه مادام له پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان نه‌ماوه و ده‌ستی له پۆسته‌كه‌ی كێشاوه‌ته‌وه، ده‌بێت هه‌شت پاسه‌وانی لا بمێنێت و ئه‌وانی تر بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ئاماده نه‌بووه ئه‌و كاره بكات.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه زیاتر گوتی، "كاری زۆرباش كراوه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاسه‌وانی نایاسایی له به‌رپرسان، به‌ڵام هێشتا كاری تر ماوه بكرێت و هه‌ندێ له به‌رپرسان پابه‌ندی ڕێنوێنییه‌كان نابن و پێویستیان به رێوشوێنی به‌هێزتره بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاسه‌وانه نایاسایییه‌كان لێیان."
یوسف محه‌مه‌د له خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان له پشكی گۆڕان بوو به سه‌رۆكی په‌رله‌مان، دوای دوو ساڵ ئاڵۆزیی سیاسی وای كرد په‌رله‌مان په‌كی بكه‌وێت. دواتر به‌هۆی ئه‌و گرژییانه‌وه رێككه‌وتنی پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شایه‌وه و دوو ساڵه یوسف محه‌مه‌د ده‌وامی نه‌كردووه له په‌رله‌مان و سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیش ده‌ستی له پۆسته‌كه‌ی كێشایه‌وه، به‌ڵام ئیمتیازاته‌كانی نه‌گه‌ڕانده‌وه كه موڵكی گشتین.
"وشه" چه‌ند جارێك پێوه‌ندی كرد به چه‌ند كه‌سێكی نزیك له یوسف محه‌مه‌د، به‌ڵام ئاماده‌ی لێدوان نه‌بوون.
دۆسیه‌ی پاسه‌وانی به‌رپرسان یه‌كێك بوو له به‌رنامه چاكسازییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی له ساڵی ٢٠١٦، بڕیاری له‌باره‌وه درا و تا ئێسته‌یش ئه‌و دۆسیه‌یه كاری تێدا ده‌كرێت.
قادر وه‌تمان ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ له په‌رله‌مانی كوردستان به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی یوسف محه‌مه‌د قبووڵ نه‌كراوه له په‌رله‌مان، به‌ڵام ده‌كرا له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستی له كار كێشاوه‌ته‌وه، پاسه‌وانه‌كانیشی بگه‌ڕاندایه‌ته‌وه.
یوسف محه‌مه‌د جیا له‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر 32 پاسه‌واندا گرتووه، دوو خانووری ڤێلای په‌رله‌مانی لایه كه ده‌كه‌ونه گوندی ئیتاڵی له هه‌ولێر، هاوكات چوار ئۆتۆمبێلی لاندكرۆزه‌ر لێگزسی لایه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی په‌رله‌مان.
بێ له‌وانه‌یش، خانوویه‌كی زانكۆی سلێمانی لا ماوه كه له پێش وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه لایه‌تی و چه‌ندان جار زانكۆ داوای كردووه، به‌ڵام ئه‌ویشی نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانی "وشه" كه له ژماره‌كانی رابردوودا بڵاو كراونه‌ته‌وه، كۆی ئه‌و موڵكه گشتییانه‌ی لای یوسف محه‌مه‌د گل دراونه‌ته‌وه، به‌هاكه‌ی سه‌رووی ملیارێك دیناری عێراقییه.