ژیانی 17 هەزار "كەمئەندام" خراوەتە ژێر واژووی چەند كەسێك

:: AM:07:57:13/09/2018 ‌
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی پشكنینەوەی كەمئەندامان لە هەرسێ‌ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی بە وەكالەت، بەشێك لە كەمئەندامان مووچەیان بڕاوە كە ئاستی شایستییان نەزانراوە. هاوكات كەمئەندام هەیە بەشێك لە جەستەی نییە یان ناتوانێ بە قاچی خۆی بڕوات، بێ مووچە كراوە.

هەژار سوارە كەمئەندامێكی دەڤەری سۆران، بەشێك لە دەستی نەماوە، تاكە شت ژیانی خۆی پێ‌ بەڕێ دەكرد ئەو مووچە 100 هەزارییە بوو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی دەدا، بەڵام ئێستە بەهۆی نەهاتنەوەی ناوی لە لیستە نوێیەكاندا، باری ژیانی شێواوە و نازانێت چی بكات بۆ ئەوەی مووچەكەی نەبڕن.

هەژار بۆ "وشە" گوتی، ناتوانم هەموو كارێك بكەم، سنوورەكەی ئێمەش شارێكی گەورە نییە هەموو كارێكی لێ بێت، من جگە لەو مووچەیەی هەمبوو، لە ڕۆژانی هەینی خەریكی پاككردنەوەی هاوینەهەوارێكم كە خاوەنەكەی بۆ مانگێك بڕی 120 هەزار دینارم پێ دەدات.

بۆیە دووپاتی دەكاتەوە كە بەو دوو بڕە پارە ژیانی خۆی رێكخستبوو، بەڵام كە مووچە حكوومییەكەی بڕاوە نایشارێتەوە "ژیانێكی سەخت بەڕێ دەكات".

هەمزە زێوەیی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بۆ "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان، ژمارەیەك لە كەمئەندامان ناڕەزایەتییان هەبوو لە ئەنجامەكان. هەمزە گوتی، "هەموو كەمئەندامێك دەتوانێ لە بەڕێوەبەرایەتی شارەكەی سكاڵا تۆمار بكات و تانە بدات لە بڕینی مووچەكەی، تا 24ـی ئەم مانگە، سكاڵاكەی وەردەگیرێت بۆ ئەوەی جارێكی تر پێداچوونەوەی بۆ بكرێت".

ئاماژەی دا، لە دوای 24ـی ئەیلوول، لیژنەیەكی تایبەتی پزیشكی پێك دێت و بڕیار لەسەر شایستەیی كەمئەندامی سكاڵاكەر دەدات و بەوەش مووچەكەی یەكلا دەكرێتەوە، هەروەها دواتر بڕیار دەدرێت بە پێدانی مووچەكان یان فەوتانی تایبەت بەو ماوەیەی مووچەیان وەستاوە بەهۆ دەرنەچوونی ناوەكانیان".

دوای دوو ساڵ پێداچوونەوە بە فۆڕمی كەمئەندامان، لەلایەن لیژنەی شارەكانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری كۆمەڵایەتی، مانگی ڕابردوو ناوی 17 هەزار مووچەخۆری كەمئەندام سڕانەوە بەهۆی ناشایستەییان.

بەڵام ڕێبوار شێخانی سەرۆكی ڕێكخراوی ژیانی ئێمە بۆ كەمئەندامان، ئاشكرای كرد، كەمئەندام هەیە یەك قاچی هەیە و بە ناشایستە دانراوە ناوی ڕەش كراوەتەوە و مووچەكەی ڕاگیراوە، بۆیە پێویستی بە پێداچوونەوەی تەواو هەیە.

ڕێبوار بۆ "وشە" دووپاتی دەكاتەوە كە خەڵك هەیە كەمێك بیستنی تەواو نییە (گوێ گرانە)، ناوی هاتووەتەوە و كەسانێكیش هەن كەمئەندامن و بەشێكی جەستەیان نەماوە، ناویان ڕەش كراوەتەوە و بە ناشایستە دانراون.

"ئێستە سەرقاڵی سەردانی دامەزراوەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتین، ئەگەر سكاڵا و تانەكان بەزوویی یەكلا نەكرێنەوە، ئەوە دێینە سەر شەقام و مانگرتن ڕادەگەیەنین. كەسێك نەتوانێت بڕوات، چۆن ناشایستەیە؟ بۆیە ئەركە لەسەر حكوومەت یارمەتی بدات" سەرۆكی رێكخراوەكە وای گوت.

ئەوەیشی نەشاردەوە كە تێبینیان هەیە لەسەر كاری ئەو لیژنانە، لەوكاتەی كەسێك ببینن نەتوانێت بە قاچی خۆی بڕوات، چۆن بە كەمئەندامی نازانن.

چاكسازی لە لیستی كەمئەندامان بەهۆی گەندەڵی زۆر بوو لەو هاوكارییانەی وەزارەتی كار بە چەند چینێكی كۆمەڵگەی دەبەخشی، بەڵام لە 2014 كە تەنگژەی دارایی بەسەر كوردستاندا سەپێنرا، حكوومەت بڕیاری پێداچوونەوەی بەو لیستانەدا دا كە وەزارەتەكە هاوكارییان دەكات.

شەیما عەلی لە ڕێكخراوی نابینایانی كوردستان، ئاماژەی دا، ژیانی كەمئەندامان لەژێر واژووی چەند كەسێكدا بەناوی لیژنە لە دوای 24ـی ئەیلوول، یەكلا دەبێتەوە، بۆیە داواكارین وەزیر ئەوەمان لێ قبووڵ بكات و لەو لیژنەیە با كەسێكی ڕێكخراوەكانی كەمئەندامان ئامادە بێت.
شەیما بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو كە ئەوان وەك داواكاری ئەگەر ڕێزی كەمئەندامان دەگیرێت، با وەزیر ڕێ بدات لەو لیژنەیەی دوای 24ـی ئەیلوول بڕیار لەسەر سكاڵاكان دەدات، نوێنەری ڕێكخراوەكانی كەمئەندامان هەبێت بۆ ئەوەی شیاوی یان نەشیاووی كەمئەندامەكە ببینن.

زیاتر گوتی، "بۆ ئەمجارە چارەنووسی ئەو 17 هەزار مووچەخۆرەی كەمئەندامن و مووچەبڕ كراون لەژێر دەستی ئەو لیژنەیەدایە، لە كاتێكدا هەزار كەسیان خێزاندارن و ڕەچاوی ئەوە بكرێت كە خێزاندار ژیانیان سەخترە".


وشە - رامیار جەواد