حودەیدە..ستراتیجیترین ناوچەی یەمەن لە نێو گەرد و غوباری جەنگ دا

:: PM:02:28:13/09/2018 ‌
دوای شكستی لوتكەی جنێڤ، ئەمەریكا و ئەنجوومەنی ئاسایش گڵۆپی سەوز بۆ لێدان لە حووسییەكان هەڵدەكەن و هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعوودیە نزیكە لە چوونە ناوەوەی حودەیدە. چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی پێگەی ستراتیژی شارەكە كاریگەری گەورە لەسەر باڵانسی هێز بە ململانێكانی داهاتووی یەمەن دادەنێت.

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گڵۆپی سەوز بۆ دژ بە حووسییەكان هەڵدەكات
شكستی دانوستاندنەكانی جنێڤ لە نێوان بەرەی حكوومەتی شەرعی بە سەرۆكایەتی عەبد رەبە مەنسوور هادی، لەگەڵ بەرەی حووسییەكان بە سەرۆكایەتی، دواجار پشتگیری زۆرینەی وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە بۆ لێدوان لە حووسییەكان لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعوودیە.

هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی عەرەبی هاوشانی پێشڕەوی هێزەكانی حكوومەتی شەرعی ئێستە پارێزگای حودەیدەى كردووه‌تە ئامانج، دوای ئەوەی ئەمەریكا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكردن و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رای گەیاند كە وڵاتەكەی بە كۆنگرێسی راگەیاندووە سعوودیە و ئیماڕات رێكارێكی روونیان گرتووەتەبەر بۆ كەمتركردنەوەی مەترسییەكان لەسەر هاووڵاتییانی سڤیل و نەكردنە ئامانجیان لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەیان بۆ سەر ئەو شارە.

بایكۆتی حوسییەكان لە بەشداریكردنیان لە لوتكەی ژنێڤ سێ كە نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتی دەكات، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایە ئەو باوەڕە كە حوسییەكان دەیانەوێت یاری بە كات بكەن نەك دانوستاندن بكەن.

ئەنوەر قرقاش وەزیری دەرەوەی ئیماڕات دەڵێ حودەیدە گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە دۆخی یەمەن دەهێنێتە پێشەوە و كۆتایی بە دوژمنكارانەی حووسییەكان دەهێنێت لە دیوە سیاسییەكەی.

پێشوەچوونەكانی حودەیدە لە كاتێكدایە لە كۆبوونەوەی رۆژی سێ شەمی رابردووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر یەمەن، رەخنەی توند لە حووسییەكان گیردرا دوای شكستی لوتكەی جنێڤ، ئەمەشیان خستە ئەستۆی حووسییەكان بەوەی ئامادەی لوتكەكە نەبووە.

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئارامی لەسەر رەفتارەكانی حووسییەكان نەماوە، هەروەك نیكی هایلی نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان رای گەیاند پێویستە لەسەر حووسییەكان رێز لە هەوڵەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بگرن.

هاوكات لە بەیاننامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە لەسەر داوای بەریتانیا كۆ ببوەوە، نیگەرانی لە ئامادەنەبوونی حووسییەكان لە لووتكەی جنێڤ خستەڕوو، داوای جێبەجێكردنی سەرجەم بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی لە یەمەن كرد بە تایبەت بڕیاری 2216.هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنیش پشتگیری خۆیان لە هەوڵەكانی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ یەمەن دووپات كردەوە لە هەوڵەكانی بۆ گفتوگۆ لە داهاتوودا.

حودەیدە و.. گرنگی ستراتیژی
حودەیدە دەكەوێتە سەر كەناراوەكانی دەریای سوور و لە سەنعای پایتەخت تەنیا 226 كیلۆمەتر دوورە، دانیشتووانی ئەو شارە كە دوو ملیۆن و 500 هەزار كەس دەبێت، 11%ی دانیشتووانی یەمەن پێكدەهێنن و لە رووی دانیشتووانەوە دووەهەمین گەورە شاری یەمەنە دوای پارێزگای توعز.

لە رووی كارگێڕییەوە بەسەر 26 بەڕێوەبەرایەتی دابەشبووە و حودەیدە ناوەندی شارەكەیە و كشتوكاڵیش چالاكترین سێكتەری پارێزگایەكەیە كە پلەی یەكەمی هەیە لە یەمەن لە چاندنی دانەوێڵە بە رێژەی 26%ی بەرهەمی گشتی وڵات. لە رووی بازرگانیش، بەندەری ستراتیجی حودەیدە ئەو شارەی كردووە بە دووەهەمین گرنگترین شاری وڵات كە 70%ی هاوردە و هەناردەی پێدا تێپەڕ دەبێت، جگە لەوە لەو شارە كۆمەڵێك كارگەی پیشەسازی و چەندان سامانی سروشتی وەك گرانیت و لمی رەش و سیرامیك و.. هەن.

لە رووی شوێنەوار و گەشتوگوزارەوە، ئەوا شاری زەبیدی ئیسلامی كە مزگەوتی گەورەی لێیە هەروەها مزگەوتی ئەشاعر لە شاری بەیت فەقێ و شاری خوخەی كەناراوای و حەمامی گەرمی سروشتی، لە دیارترین ناوچە شوێنەوارییەكانی شارەكەن.

خاڵە هەرە جەوهەرییەكانی گرتنی حودەیدە لەلایەن حكوومەتی شەرعییەوە ئەوەیە كە دەبێتە هۆی پەكخستنی گەورەترین سەرچاوەی داهاتی چەكدارانی حووسی، دەستگرتن و كۆنتڕۆڵ كردنی كۆمەكی نێودەوڵەتی بۆ یەمەنییەكان لە رێی بەندەری ستراتیجی حودەیدە، پچڕاندنی كۆمەكی ئێرانییەكان بۆ حووسییەكان لە مووشەك وتفاق و چەك و لە دەستدانی سەربازگەكانی راهێنان لەو شارە.


نەخشەی سەربازی لە حودەیدە
بەگوێرەی دوا زانیاری لەبارەی پێشڕەوییەكانی هێزەكانی سەر بە حكوومەتی شەرعی بە پاڵپشتی هاوپەیمانی عەرەبی، ئەو هێزە توانیویەتی نزیك ببێتەوە لە رێی سەرەكی گرێدانی حودەیدە بە سەنعای پایتەخت كە هەردوو شارەكە لە دەستی حووسییەكان دایە، ئەو ڕێیەش لە سێگۆشەی كیلۆ 16 كە ناوچەیەكی ستراتیجییە، شارەكە بە سەنعای پایتەخت و شارەكانی تر دەبەستێتەوە.

چاودێرانی سەربازی دەڵێن داخستنی ئەو ڕێیە و دەستبەسەر داگرتنی سێگۆشەی كیلۆ 16 ناوچەكە لەلایەن هێزەكانی شەرعیەت، دەبێتە هۆی دابڕاندنی حودەیدە لە سەنعای پایتەخت و ناوچەكانی باشوور و رۆژهەڵات، بەمەش كاریگەری یەكلاكەرەوەی دەبێت لە ئاراستەی شەڕەكە بەوەی چەكدارە حووسییەكانی ناو حودەیدیە تەنیا دەروازەی باكورییان لە دەست دەمێنێت بۆ هەڵاتن، یانیش چاریان نابێت دەبێت رووبەڕووی هێرشی بەرفراوانی هاوپەیمانان و هێزەكانی شەرعیەت ببنەوە، حووسییەكان هیچی تر پشتگیریان لە سەنعا و باشوور و رۆژهەڵات بۆ نایەت.

عەلی حەمید ئەهدەل رۆژنامەنووسی یەمەنی دەڵێ سێ گۆشەی كیلۆ16 تا دەگات بە كیلۆ10 دەبێتە ناوچەیەكی سەختی رووبەڕوو بوونەوەی سەربازی تا دەگات بە ناوچەی رۆژهەڵاتی حودەیدە.
هاوكات لە باشووری شارەكە هێزەكانی شەرعیەت توانیویانە خۆیان نزیك بكەنەوە لە بەندەری حودەیدە بە پاڵپشتی بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی عەرەبی.

ئەو رۆژنامەنووسە یەمەنییە دەڵێ ئێستە رووبەڕووبوونەوەكان لە رۆژئاوای حودەیدە و گەڕەكەكانی باشووری رۆژئاوا بەردەوامی هەیە، بەتایبەت بە ئاراستەی بینای زانكۆ و دەستەی پێشخستن و گەڕەكی رەبسە.

سەرچاوەكانی هەواڵ باس لە كوژرانی 16 سەركردەی حووسییەكان دەكەن لە سێگۆشەی كیلۆ16 و برینداربوونی دەیانی تریش بەهۆی هێرشی فڕۆكە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی عەرەبی.

عەقید ئەحمەد قاید ئەلسوبحی سەركردەی ئۆپراسیۆنی ئەلویەی عەمالیقە لە رۆژهەڵاتی حودەیدە دەڵێ سوپای شەرعی توانیویەتی پردی پێوەندی نێوان سەنعا و حودەیدیە بپچڕێنێت و سێ گۆشەی كیلۆ 16 رزگار بكات، گوتی "چەكدارانی حووسییەكان ئێستە لەناو شاری حودەیدە گەمارۆ دراون و تەنیا دەتوانن سوود لە هێڵی سڵێف وەرگرن تا كۆمەكیان پێ بگات، بەڵام سوپای شەرعی لە ڕێی لمەوە لە پێشڕەوی دایە بۆ بڕینی ئەو رێیەش".

جگە لە رۆژهەڵات، ئەوا لە رۆژئاوای حودەیدەش هێزەكانی شەرعی لە پێشڕەوی هێرش بۆ سەر حووسییەكان بەردەوامن بە ئاراستەی بینای زانكۆ و كۆڕنیش و خولانەوەی جەمیل تا دەگات بە كۆلیژی دەریایی دوای ئەوەی توانیان ناوچەكانی مەنزەر و مەنسە ئازاد بكەن، ناوچەكانی تری خولانەوەی فڕۆكەخانە و یەمەن مۆبایل و رەبسە و ناوچەكانی تریش لەژێر تۆپبارانی سوپای هاوپەیمانن، كە ئەو شوێنانە راستەوخۆ بە ئاراستەی بەندەری حودەیدەی ستراتیجی دەڕوات.







وشە - فه‌رمان سادق