ناوی شەش كەس وەك كاندیدی سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی عێراق ئاشكرا كران

:: PM:06:37:17/09/2018 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 17ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، هاوپەیمانی بنیاتنان بە سەرۆكایەتی هادی عامری و نووری مالیكی ناوی شەش كاندیدیان بۆ سەرۆكایەتی حكوومەتی داهاتووی عێراق ئاشكرا كرد. ئەوە لەكاتێكدا هێشتا ڕێككەوتنی سیاسیی لە نێوان لایەنەكان لەبارەی پڕكردنەوەی ئەو پۆستەوە نەكراوە.

لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا عامر فایەز سەركردە لە هاوپەیمانی بنیاتنان رای گەیاندووە كە شەشە كەس وەك كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دیاری كراون و  سێ كاندید لە لایەن هاوپەیمانی سائیروون و سێ كاندیدی تریش لە لایەن هاوپەیمانی فەتحەوە بە شێویەكی فەرمی پێشكەش كراون .

روونیشی كردووەتەوە كە كاندیدەكانی سائیروون بریتیین لە عادل عەبدولمەهدی  و ئەسعەد عیدانی و  عەبدولوەهاب ساعدی. هاوكات  كاندیدەكانی هاوپەیمانی بنیاتنانیش  بریتیین لە عادل عەبدولمەهدی  و فالح فەیاز و عەلی شوكری، بەڵام تا ئێستە هیچ رێككەوتنێك بۆ پێشكەشكردنی تاكە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران نەكراوە.

هاوكات هەر ئەمڕۆ سەركردەیەكی حزبی دەعوە ئاشكرای كرد، حزبەكە لە بەرانبەر كاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران مەرجی هەیە و هێما بۆ ئەوەیش دەكات، دەعوە كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەبێ.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم