پێكدادانی پاسێك و تانكەرێكی سووتەمەنی مەرگی 21 كەسی لێ كەوتەوە

:: AM:09:26:18/09/2018 ‌

لە پارێزگای كرمانی ئێران بەهۆی پێكدادانی پاسێك و تانكەرێكی سووتەمەنی، 21 كەس گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەكیش بریندار بوون.

محەمەد سابیری سەرۆكی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی كرمان گوتی، 19 كەس بەهۆی رووداوەكە گیانیان لە دەست داوە و هیچ كام لە سەرنشینەكانیش ناناسرێنەوە، چونكە بە تەواوی سووتاون و تەنیا لە رێی DNA دەتوانن قوربانییەكان لە یەكتر جیا بكەنەوە.

ژمارەیەكیش بە هۆی رووداوەكە بە سەختی بریندار بوون. لەو پێنج كەسەی بۆ نەخۆشخانە رەوانە كرابوون، بە گوتەی پۆلیسی ئیسفەهان دووی تر گیانیان لە دەست داوە و بەو پێیەش ژمارەی ئەو كەسانەی بە هۆی ئەم رووداوە مردوون بۆ 21  كەس بەرز بووەتەوە.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" شەوی رابردوو پاسێكی گەورە لە كاتێكدا گەشتیاری لە تارانەوە بۆ كرمان دەگواستەوە دوای ئەوەی خۆی بە تانكەرێكی سووتەمەنیدا دەدا و گڕ دەگرێت.

رێگەوبانەكانی ئێران ناستاندارد و كۆنن و ساڵانە دەیان رووداوی هاوشێوە روو دەدەن. ماوەی رابردوو لە سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەهۆی پێكدادانی پاسێك و تانكەرێكی سووتەمەنی كە لە هەرێمی كوردستانەوە نەوتی بۆ ئێران دەگواستەوە، چەندان كەس گیانیان لە دەست دا.



وشە - سلێمان تاشان