قه‌یسه‌ری نه‌قیب له ساڵی 1900 له سلێمانی دامه‌زراوه و كۆنترین قه‌یسه‌رییه له شاره‌كه‌دا كه وه‌ك خۆی مابێته‌وه و دیزاینه هونه‌رییه‌كه‌ی له‌ده‌ست نه‌دابێت.
مام عبدولڕه‌حمان محه‌مه‌د كه ته‌مه‌نی 86 ساڵانه و دووكاندارێكی كۆنی قه‌یسه‌رییه‌كه‌یه و له ساڵی 1963 له‌و قه‌یسه‌رییه سه‌رقاڵی به‌ڕێوه‌بردنی دووكانه‌كه‌ی بووه و تا ئێسته‌یش دووكانی هه‌ر ماوه و بابه‌تی جوانكاری ژنان و پیاوان ده‌فرۆشێت، مێژووی قیسه‌رییه‌كه و چۆنێتی كاركردنی ناو قه‌سه‌ریه‌كه‌ی بۆ "وشه" گێڕایه‌وه.
قه‌یسه‌ری نه‌قیب یه‌كێكه له شوێنه بازرگانییه هه‌ره كۆنه‌كانی سلێمانی، له ساڵی 1900 شێخ مسته‌فای نه‌قیب كه ده‌كاته مامی شێخ مه‌حموودی حه‌فید دروستی كردووه، له‌سه‌ر ده‌ستی وه‌ستا و كرێكاری ڕۆژهه‌ڵاتیدا دروست كراوه و چه‌ندان شێوازی هونه‌ری جوانی بیناسازییان له دروست كردنی قه‌یسه‌رییه‌كه‌دا به‌كارهێناوه.
قه‌یسه‌رییه‌كه پانی دیواره‌كانی نزیكه‌ی 60 سانتیمه‌تر ده‌بێت و ئه‌ستووری پایه‌كانیشی نزیكه‌ی مه‌ترێك ده‌بێت، قه‌یسه‌رییه‌كه 110 دووكان له‌خۆده‌گرێت، شه‌ش ده‌رگای چوونه ژووره‌وه‌ی هه‌یه، له سه‌قفه‌كه‌یدا چه‌ندان كڵاو ڕۆژنه‌ی بۆ هه‌وا گۆڕكێ و ڕووناكی تێدا دروست كراوه، ئێسته‌ش و له وه‌رزه گه‌رماكاندا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له خشت دروستكراوه ناو قه‌یسه‌رییه‌كه هه‌وایه‌كی فێنكی هه‌یه.
مام عه‌بدولڕه‌حمان گوتی، له سه‌ره‌تای دروست كردنیدا هه‌موو جۆره شتێكی تێدا ده‌فرۆشرا، به‌ڵام كاسبكارانی ئه‌م قه‌یسه‌رییه زیاتر بریتی بوون له به‌رگدوور و سه‌رتاشخانه و وشكه فرۆشى، به‌ڵام له‌دوای ساڵی چله‌كانه‌وه شێوه‌یه‌كی تری به‌خۆیه‌وه گرت و زیاتر بوو به بازاڕی كه‌لوپه‌لى تر، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌و قه‌یسه‌رییه‌دا سه‌رچاوه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانیش بازرگانه‌كان خۆیان ده‌چوونه وڵاتانی به‌غدا و سووریا و ئێران و كه‌لوپه‌له‌كانیان ده‌هێنا.
زیاتر گوتی، ئه‌و قه‌یسه‌رییه له سه‌رده‌می خۆیدا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان كاره‌ساتی وه‌ك لافا و سووتاندن بووه‌ته‌وه و كه یه‌كێك له لافاوه‌كان به‌ناوبانگه به ساڵی 1957 كه زیانێكی گه‌وره‌ی به‌م قه‌یسه‌رییه گه‌یاندووه و دووكانداران له‌و كاته‌دا هیچیان له دووكانه‌كه‌یاندا بۆ ده‌رنه‌چوو و هیچ قه‌ره‌بوویه‌كیش له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئه‌و كاته‌وه نه‌كرانه‌وه و خۆیان دیسان هه‌وڵیان دایه‌وه و دوكانه‌كانیان نۆژه‌ن كرده‌وه.
مام عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌وه‌یشی گوت، كه له ساڵی 1988یش له رووداوێكی تردا قه‌یسه‌رییه‌كه سوتێندرا له‌لایه‌ن پیاوانی سه‌دام له سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسدا كه دووكانداره‌كان تووشی زیانێكی تری مادی قورس بوون، ئه‌و زیانه‌یش دیسان قه‌ره‌بوو نه‌كرانه‌وه و هه‌ر خاوه‌ن دوكانه‌كان خۆیان دووكانه سووتاوه‌كانیان چاككرده‌وه.
"ده‌یان پیاوی ناسراو و كاسبكار و بازرگان له موسڵمان و گاور و جوو له‌م قه‌یسه‌رییه‌دا كاسبییان كردووه و جگه له پێوه‌ندییه‌كی بازرگانی پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێزیشیان له نێواندا هه‌بووه و جووه‌كان نیشته‌جێی سلێمانی و خاوه‌ن دووكانی ناو قه‌یسه‌رییه‌كه له‌دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 1948 زۆرینه‌ی جووه‌كان كۆچیان كرد بۆ ئیسرائیل دووكانه‌كانیان فرۆشت به هاووڵاتییانی تر سلێمانی" مام عه‌بدولڕه‌حمان وای گوت.
كڕیاره‌كانی قه‌یسه‌ری نه‌قیب له هه‌موو ڕه‌گه‌زێك و هه‌موو ته‌مه‌نێك پێكهاتووه، به‌ڵام ڕێژه‌ی سه‌ردانیكه‌رانی ژن بۆ قه‌یسه‌رییه‌كه زیاتره، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كه‌لوپه‌له‌كانی ناو دووكانه‌كانی قه‌یسه‌رییه‌كه تایبه‌ته به ژنان، هه‌ر له جلوبه‌رگ و بابه‌تی جوانكاری و بابه‌تی درومان و ماكیاژ، بۆیه و موور و ملوانكه و زۆر بابه‌تی تری ژنان.
ئه‌وه‌ى جێگای تێڕامانه كه تا ئێسته قه‌یسه‌ری نه‌قیب هه‌ر وه‌ك خۆی ماوه‌ته و ڕۆژانه جمه‌ی دێت له كڕیار و هاووڵاتییانی بیانی و ناوخۆ بۆ بینینی نه‌خش و نیگار و شێوه بیناسازییه‌كه‌ی سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
سلێمانی/لۆڤه محه‌مه‌د