كاریگەری جەنگی ئابووریی نێوان چین و ئەمەریكا لەسەرمان چییە؟

:: PM:01:50:20/09/2018 ‌

لە نێوان ئەمەریكا و چین جەنگێكی گەورەی ئابووری دەستی پێ كردووە و ئێستە گرنگترین چەك كە ئەو دوو وڵاتە دژ بە یەكتر بەكاری دەهێنن سەپاندنی باجە بۆ سەر بەرهەمەكانی یەكتر، پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەم جەنگە دەستی پێ كرد و دەتوانێ چ كاریگەرییەكی بۆ سەر خەڵكی دنیا هەبێت كە هەوڵ دەدرێ لەم راپۆرتەدا وەڵام بدرێتەوە.

وڵاتانی دنیا بۆ پارێزگاریكردن لە بەرهەمەكانی ناوخۆیان كۆمەڵێك رێوشوێن و باج بەسەر ئەو بەرهەمانەدا دەسەپێنن كە هاوردەی وڵاتانیان دەكرێن. ئەمەش بە مافێكی یاسایی هەژمار دەكرێت. بۆ نموونە هەرێمی كوردستان هیچ باجێكی بۆ سەر هاوردەی ئۆتۆمبێل نییە و تەنیا هەندێك رسوومات وەردەگرێت و پێویستیشی بەوە نییە باج زیاد بكات، چونكە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان هیچ ئۆتۆمبێلێك بەرهەم نایەت، بەڵام وڵاتێكی وەك ئێران كە لە ناوخۆ ئۆتۆمبێل بەرهەم دێنێت باجی زۆر قورس دەخاتە سەر ئۆتۆمبێلی بیانی و زۆر لە هاووڵاتییانی ئێران ئارەزوویانە ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێی وڵاتانی تریان هەبێت، بەڵام لەبەر گرانیی ناچارن ئۆتۆمبێلی ناوخۆ بكڕن.

كێشەی سەرەكی ئەمەریكا لەگەڵ چین ئەوەیە ئەوەندەی لە چینەوە كاڵا و شتومەك بۆ ئەمەریكا دێتە ناردن، ئەوا لە ئەمەریكاوە بۆ چین نایەتە ناردن  و بەو پێیەش لە تەرازووی بازرگانی نێوان ئەمەریكا و چین، ئەمەریكا لە كورتهێنانێكی گەورەی بازرگانیدایە.

چین زۆر شت بۆ ئەمەریكا هەناردە دەكات تەنانەت ئاڵای ئەمەریكاش لە چین بەرهەم دەهێنرێت. ئەمەریكا كورتهێنانی بازرگانی بە خاڵێكی لاوازی وڵاتەكەی بەرانبەر بە چین دادەنێت، ئەگەرچی ئەمە لای ئەوروپییەكان خاڵی لاواز نییە. ئەمەریكا لە چەند دەیەی رابردوودا ئەوەندەی خزمەتگوزاری هەناردە كردووە، شتومەكی هەناردە نەكردووە بۆ نموونە لە بواری وەبەرهێنان، گەشتوگوزار، خوێندن و دارایی ئەمەریكا قازانجێكی زۆری كردووە. ترەمپ حەز ناكات كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە وڵاتی تر شت بەرهەم بهێنن و دواتر بەرهەمەكان بۆ ئەمەریكا بگەڕێنەوە، بەڵكو حەز دەكات كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە ناو خاكی ئەمەریكا بەرهەمهێنان زیاد بكەن بۆ ئەوەی هەلی كار دروست بێت.

قەبارەی بازرگانی ئەمەریكا و چین
دەگوترێ كورتهێنانی بازرگانی ئەمەریكا لەگەڵ چین دەگاتە 375 ملیار دۆلار. لە ساڵی 2017دا ئەمەریكا بایی 130 ملیار دۆلار كاڵای هەناردەی چین كردووە لە كاتێكدا هەر ئەو ساڵە چین بایی 506 ملیار دۆلار كاڵای بۆ ئەمەریكا ناردووە.

بەگوێرەی "بی بی سی" ئەمەریكا لە ساڵی 2017 دا بە گشتی كورتهێنانە بازرگانییەكەی بریتی بووە لە 566 ملیار دۆلار كە پشكی شێری لە پێوەندی بازرگانییە لەگەڵ چین.

دۆناڵد ترەمپ لە كاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردن یەكێك لەو پلانانەی پێداگری لەسەر كردووە، ئەوەبووە لە ئەمەریكا هەلی كاری زیاتر بڕەخسێنێت و پێی وابوو ئەو كورتهێنانە بازرگانییە كاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر بازاڕەكانی ئەمەریكا داناوە.

كۆمپانیاكانی ئەمەریكا بۆ ئەوەی تێچووی بەرهەمهێنان كەم بكەنەوە، لە دەرەوەی وڵات وەبەرهێنانیان كرد و كاڵاكانیان دووبارە بۆ ئەمەریكا ناردەوە بێ ئەوەی هیچ هەلێكی كار بۆ ئەمەریكییەكان دابین بكەن.

كۆمپانیای ئەپڵ یەكێكە لەو نموونانە و ئەو كۆمپانیایە لە چین كاڵاكانی بەرهەم دەهێنێت، چونكە تێچووی هەرزانترە و دواجار بەرهەمەكەش بە هەرزان لە بازاڕەكانی دنیا ساغ دەكاتەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ دژی ئەم جۆرە سیاسەتە بازرگانییەیە و تەنانەت داوای لە ئەپڵ و كۆمپانیاكانی تر كردووە بگەڕێنەوە و لە ئەمەریكا دەست بە بەرهەمهێنان بكەن.

بازرگانیی ئازاد
پێ دەچێت دۆناڵد ترەمپ حەز بە بازرگانیی ئازاد نەكات و ئەمەش پێچەوانەی بۆچوونی كۆماریخوزاەكانی ئەمەریكایە كە پێداگری لە بازرگانیی ئازاد لە دنیادا دەكەن.

ئەوەی ترەمپ دەیەوێ جۆرێكە لە سیاسەتی پاڵپشتیخوازی یان PROTECTIONISM، ئەم سیاسەتە هی پێش جەنگی جیهانیی دووەمە كە وڵاتان پارێزگاریان لە بەرهەمی ناوخۆیی دەكرد.

بە رواڵەت وا دەردەكەوێ كە جەنگی ئابووری نێوان ئەمەریكا و چین زیاتر پێوەندی بە خەڵكی ئەو دوو وڵاتە هەیە و ئەوان كاریگەری وەردەگرن، بەڵام راستییەكەی وانییە و كاریگەریی لەسەر هەموو دانیشتووانی دنیا هەیە.

ئەو دنیایەی ئێمە تیایدا دەژین لەسەر بنەمای بازرگانیی ئازاد بەڕێوە دەچێت، ئەو كاڵایانەی لە بەردەستمانە هیی وڵاتانی ترە، بۆیە گەیشتووەتە دەستمان چونكە توانای كڕینی كاڵایەكەمان هەبووە. ئەگەر بازرگانیی ئازاد نەبووایە زۆر لەو كاڵایانەی ئێستە لە بەردەستماندایە و سوودیان لێ وەردەگرین، لەوانەیە هیچ كاتێك نەمانتوانیایە سوودیان لێ وەربگرین و بە ئاواتیان بووینایە.

بۆ نموونە ئەو ئایفۆنەی بەدەستمانە بە پشتبەستن بە كرێكار و تێچووی هەرزان لە چین بەرهەم دەهێنرێت. ئەپڵ گوتوویەتی ئەگەر ئەو جەنگەی نێوان ئەمەریكا و چین درێژە بكێشێت، ئەوا ئەویش ناچارە نرخی بەرهەمەكانی بەرز بكاتەوە و لەو كاتەشدا هەموو تاكێك لە دنیادا بە نرخێكی گرانتر دەتوانێ ئایفۆن یان هەر بەرهەمێكی تر بكڕێت.



وشە - سلێمان تاشان