لە سلێمانی 150 داواكراو گیران

:: AM:11:47:22/09/2018 ‌
قایمقامی سلێمانی ئاشكرای كرد، لە 20 ڕۆژی ڕابردوودا نزیكەی 150 تاوانبار لە سلێمانی گیراون و هەركەسێكیش لەسەر لێدانی نانەواكە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات كە گرتە ڤیدیۆكەی بڵاو بووەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 22ـی ئەیلوول، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ئێستە بارودۆخی شاری سلێمانی زۆر ئارامە و حكوومەتی خۆجێیەتی سلێمانیش حكوومەتێكی بنكەفراوانە و ئارامی شارەكەش ئەركی هەموومانە.
 
قایمقامی سلێمانی ئاشكرای كرد، تەنیا لە 20 رۆژی رابردوودا 150 داواكراو لە لایەن هێزە تەناهییەكانی سلێمانییەوە گیراون و هەڵمەتەكەشمان بۆ ئارامی زیاتر بەردەوام دەبێت.

لەبارەی بڵاوكردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی كە هێرش دەكرێتە سەر هاووڵاتییەك و سووكایەتی پێ دەكرێت، ئاوات ئاماژەی دا، حكوومەتی خۆجێیەتی سلێمانی حكوومەتێكی بنكەفراوانە و پارێزگاری سلێمانی كە سەرۆكی لیژنەی تەناهییە لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕانە و ناكرێ ئەو ڤیدیۆیەی كە بڵاو كراوەتەوە تەنیا لایەنێكی بێ تۆمەتبار بكرێت.
 
هەركەسێك سكاڵای لەسەر ئەو كەسە هەیە كە بە دەمانچە هێرشی كردووەتە سەر گەنجەكە، بچێت سكاڵای لەسەر تۆمار بكات. ئاوات وای گوت.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو بووەتەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە كەسێك بە دەمانچە هێرش دەكاتە سەر هاووڵاتییەك و سووكایەتی پێ‌ دەكات و جنێوی پێ دەدات، بۆیە دەنگی ناڕەزایەتی لێ‌ بەرز بووەوە.



وشە - رامیار جەواد