"فراكسیۆنی گەورە درۆیە و تا ئێستە كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا نەكراوەتەوە"

:: AM:07:57:24/09/2018 ‌
دوای تەواوكردنی پۆستەكانی پەرلەمان، لە ماوەی داهاتوودا پرسی پێكهێنانی حكوومەت گەرمتر دەبێ. بەڵام سەركردە و پەرلەمانتارانی عێراق رەتی دەكەنەوە تا ئێستە كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا كرابێتەوە و ئەوەیش دەخەنە روو كە ئەو گوتانەی لەبارەی حكوومەتی تەكنۆكرات نالۆجیكییە و عێراق بەرەو تونێلێكی تاریك دەڕوا.

رائید فەهمی سەركردە لە هاوپەیمانی سائیروون بە"وشە" دەڵێ، بیرۆكەكە ئەوەیە بگەین بە رێككەوتن لەسەر كاندیدێك كە بۆ پێكهێنانی حكوومەت بخرێتە روو و ئەوكات كێشەی گەورەترین فراكسیۆن دوا دەخرێ و ئەو كاندیدە دەبێتە كاندیدی هەردوو لیستی گەورەی پەرلەمان.

زیاتر گوتی، "پێویستە ئەو كاندیدە لەلایەن پارتە كوردستانییەكانیش قبووڵكراو بێت، ئەو پرسە تا ئێستە یەكلا نەكراوەتەوە و هەوڵی بۆ دەدرێت، زیاتر لە كاندیدێك هەیە و تا ئێستە بۆ یەكیان یەكلا نەبووەتەوە، ئەوەی لە نەجەف لە نێوان موقتەدا سەدر و هادی عامری رووی دا، لێكگەیشتن بوو لەبارەی میكانیزم و بنەماكانی كە دەكرێ رێككەوتنیان لەبارەوە بكرێ بۆ تێپەڕاندنی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە".

د. موسەنا ئەمین پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، بێگومان پێكهێنانی حكوومەت بە رێككەوتنی سیاسی دەڕوا و ئەوەی سەدرییەكان دەیڵێن لۆجیكی تێدا نییە، جاری پێشوو ئەزموونی تەكنۆكراتیان تاقی كردەوە و هەموو ئەوانەی بەناوی تەكنۆكرات هاتبوون، فراكسیۆنێكی سیاسی لە پشتیانەوە بوو، بۆیە ئەو قسانە هیچ مانایەكی نییە و بڕوام نییە سەر بگرێ.

ئەمین دەڵێ "پێم وایە حكوومەتی نوێ بە پێكهاتنی هێزە سیاسییەكان دروست دەبێ. ئەو قسانەی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی دەیكەن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت، وای نابینم لە واقیعێكی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتبێ".  

بەڵام مەحموود عوجێلی جێگری ئەمینداری گشتیی پارتی ئومەی عێراقی، بۆ "وشە" ئەوە دەخاتە ڕوو كە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ جیاواز نابێ لە پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كە چەندان تێبینیمان لەبارەیەوە هەیە، لەوانە كڕین و فرۆشتن بە چەندان ملیۆن دۆلار.

داوایشی كرد بۆ ئەو مامەڵەیە بەو پۆستانەوە دەكرێ داواكاری گشتی و دەستەی نەزاهە و حكوومەت و فراكسیۆنە براوەكانی هەڵبژاردن بێنە وەڵام بۆ ئەوەی متمانە لە نێوان قەوارە سیاسییەكان و گەلی عێراق بگەڕێننەوە، چونكە ئەو پارەیەی كڕین و فرۆشتنی پۆستەكانی پێ دەكرێت، هی گەلی عێراقە.

زیاتر گوتی، "پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە توونێلێكی زۆر تاریكدا تێپەڕ دەبێ و بەهەمانشێوە فراكسیۆنە سیاسییەكان بەدوای بەرژەوەندی خۆیان و دەستكەوتەكاندا دەگەڕێن، پێم وایە ناتوانین شوێنگرەوەیەكی باش پێشكەش بكەین بۆ دەربازكردنی عێراق لەو كێشانەی تێی كەوتووە، دواتر تا ئێستە گەورەترین فراكسیۆن رانەگەیەنراوە تا روون بێتەوە شێوەی حكوومەت چۆن دەبێت، بۆیە ناڕوونییەك لای كورد و شیعە هەیە لەبارەی پۆستەكانی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و پێوەرەكانی پۆستە ویزارییەكان و پرۆگرامی حكوومەتی داهاتوو".

عوجێلی دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانی سائیروون رایان گەیاند كە فراكسیۆنی گەورەیان پێك هێناوە و خاوەنی 177 پەرلەمانتارن، هاوپەیمانی فەتحیش گوتیان ئێمە گەورەترین فراكسیۆنین بە 145 پەرلەمانتار، لێرەدا 322 پەرلەمانتارمان هەیە، جیا لە كورد، بۆیە فراكسیۆنی گەورە درۆیە و تا ئێستە یەكلا نەبووەتەوە، چونكە هەموو پەرلەمانتاران بەدوای بەرژەوەندیدا دەگەڕێن". 

"ئەوەی ئێستە هەیە پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورە نییە، بەقەد ئەوەی پەرلەمانتار بیر لەوە دەكاتەوە چەندی دەست دەكەوێت، ئێمە دەمانەوێ فراكسیۆنی گەورەترین بە هەموو ئەندامانیەوە بێنە پێش راگەیاندنەكان و خۆیان رابگەیەنن و بە نووسراو بێ، بۆیە تا ئێستە گەورەترین فراكسیۆن دروست نەبووە" عوجێلی وای گوت.

روونی كردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بە رێككەوتن بوو و هەموو هێزە سوننەكان ناتوانن 167 كورسی كۆ بكەنەوە، بۆیە لە دوا كۆبوونەوەی نێوان هادی عامری و موقتەدا سەدر لە نەجەف، تێیدا لێكگەیشتن كراوە لەسەر پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و بەڵگەیش ئەوەیە كە یەكەم كاندیدی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لە سائیروون بووە نەك هاوپەیمانەكانی، تەنانەت سائیروون خۆیان دەنگیان بە محەمەد حەلبووسی داوە. بۆیە هەریەك لە سەدر و عامری رێككەوتبوون بۆ تێپەڕاندنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لەسەر هەڵبژاردنی حەلبووسیش رازی بوون.

عوجێلی دووپاتی كردەوە كە لە دوای 2003ەوە مەرجەعی باڵا رۆڵی كاریگەریی هەیە لە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران، بەڵام بۆ قۆناغی داهاتوو ئەگەر ئێران و ئەمەریكا رێك نەكەون، ئەوە قبووڵ ناكرێ لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە، بۆیە تا قاسم سولەیمانی و برێت مەكگۆرك لەسەر كەسایەتییەك رێك نەكەون وەك كاندید بۆ سەرۆك وەزیران، ئەو پرسە لە پەرلەمان تێپەڕ نابێت.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل