بوومەلەرزە رۆژهەڵاتی كوردستانی هەژاند

:: AM:09:25:24/09/2018 ‌

ئەمڕۆ دووشەم سەعات 1:17 خولەكی سەرلەبەیانی، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.1 بە پێوانەی ریختەر پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی كوردستانی هەژاند.

بەگوێرەی "مێهرنیوز" ناوەندی بوومەلەرزەكە شاری مێهران بووە. بوومەلەرزەكە لە قووڵایی هەشت كیلۆمەتری زەوی رووی داوە و هیچ زیانێكی گیانی و مادیشی بەدواوە نەبووە. لە دوای بوومەلەرزەكە كۆمەڵیك بوومەلەرزەی تر رووی دا، بەڵام گوڕەكەیان نزم بوون.

پارێزگای ئیلام كەوتووەتە خوارووی پارێزگای كرماشان كە زۆرترین بوومەلەرزەی تێدا تۆمار كراوە. ساڵی رابردوو لە مانگی تشرینی دووەم بوومەلەرزەیەكی بەهیز بە گوڕی 7.3 بە پێوانەی ریختەر كرماشانی هەژاند كە بە هۆیەوە سەرووی 600 كەس گیانیان لە دەست دا و بە دەیان هەزاری تر بریندار بوون.

مانگی رابردووش لە كرماشان بوومەلەرزەیەك بە گوڕی نزیكەی شەش پلە بە پێوانەی ریختەر رووی دا كە چەند كەسێك گیانیان لە دەست دا و بە سەدانی تر بریندار بوون.

لە ماوەی ساڵی رابردوو بە هەزاران بوومەلەرزە لە ناوچەكە رووی داوە كە دەیان لەو بوومەلەرزانە هەست پێ كراون و بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵك لە ماڵەكانیان بێنە دەرەوە و تووشی ترس و دڵەڕاوكێ بن.



وشە - سلێمان تاشان