لە ساڵیادی ڕیفراندۆم ئەم شتانە لە دهۆك بە خۆڕایی دەبن

:: PM:03:52:24/09/2018 ‌
بەبۆنەی تێپەربوونی ساڵێك بەسەر پڕۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان ژمارەیەك كلینكی جیاواز لە سنووری دهۆك ئامادەیی خۆیان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان بە خۆرای راگەیەند.

بەهدین دەشتانی یەكێكە لە پارێزەرانی دهۆك و نووسینگەكەی سبەی دەكاتە خۆڕایی و بە "وشە"ی راگەیاند، بەبۆنەی تێپەربوونی ساڵێك بەسەر بەرێوەچوونی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان بریارمانداوە سبەی هەموو دۆسیە یاساییەكان بەبێ بەرانبەر بەرێوە ببەین.

زیاتر گوتی، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان هەنگاوێكی گرنگ بوو لە پێناو بەدی هێنانی مافە رەواكانی گەلی كوردستان، بەڵام بەهۆی پیلانی خیانەتكاران تێكدرا و هاووڵاتییانی دهۆك هەرگیز پەشیمان نین لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەنگدانیان بۆ سەربەخۆی كوردستان.

لای خۆیەوە دیندار سلێمان خاوەنی قاوەخانە و كتێبخانەی قوبەهان بە "وشە"ی راگەیاند، بەبۆنەی تێپەربوونی ساڵێك بەسەر ریفراندۆم بۆ سەربەخوی كوردستان ژمارەیەك كتێب بە دیاری دەداتە خوێنەران و داشكاندنیش دەكات.

" ریفراندۆم ئەگەر تا ئێستە ئەنجامی نەبووبێت هەر موڵكی خەڵكی كوردستانە و كارتێكی بەهێز دەبێت لەبەر ئەوە كورد دەبێت هەموو ساڵێك لەم ڕۆژەدا چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام بدات و لە رێی حكوومەت و پەرلەمان فشار لەسەر هێزە نێودەوڵەتییەكان دروست بكات بۆ ئەوەی ریفراندۆم بە تەواوەتی بچێتە قوناغی جێبەجێ كردن" ئەو كتێب فرۆشە وای گوت.

ڕۆژە 25ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان بەرێوەچوو كە زیاتر لە 93% ی هاوولاتییانی كوردستان دەنگیان بە بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆی كوردستان دا.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - سه‌رخێڵ هاشم