پارتی پێشبینی بۆ ژمارەی كورسییەكانی لە دهۆك ئاشكرا كرد

:: PM:09:49:24/09/2018 ‌
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك ڕای گەیاند، پارتی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی داهاتوو دەنگ و كورسییەكانی زیاد دەكەن و تەنیا لە پارێزگای دهۆك زیاتر لە 25 كورسی بەدەست دەهێنێ.

خالید ئەحمەد بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە دهۆك بە "وشە"ی  ڕاگەیاند، بانگەشەی هەڵبژاردن لە سنووری دهۆك زۆر بەباشی بەرێوە دەچێت و توێژە جیاجیاكان لە دەڤەرەكە زۆر بە گەرمی پێشوازی لە لیستی پارتی دەكەن و پشتگیری خۆیانی بۆ دەردەبڕن.

زیاتر گوتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەكەین دەنگ و كورسی پارتی زۆر زیاتر بێت بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو بەجۆرێك لە سنووری دهۆك جاری ڕابردوو 23 كورسیمان هەبوو ئەمجارە زیاتر لە 25 كورسی بەدەست دێنین.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی داهاتوو پارتی زیاتر لە 45 كورسی بەدەست دێنێت لە تەواوی كوردستان، چونكە پارتی خاوەن مێژوویەكی پڕدەستكەوتە و پشتی بە جەماوەری خۆی قایمە.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارە 183 و بەدروشمی "بونیاتنانی كوردستانێكی بەهێز" دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردووە .

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم