كام خۆراك سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەكات؟

:: AM:11:45:26/09/2018 ‌
پاراستنی لەش لە نەخۆشیە جۆراوجۆرەكان پێوەستە بەسیستەمی بەرگری لەشەوە.زۆر میوە و سەوزە هەیە كە پێكهاتە و ئاوێتەی گرنگیان تێدایە كە یارمەتی بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری لەش دەدەن و لەش لە چەندان میكرۆب و مشەخۆر دەپارێزێت، گرنگترین ئەو خۆراكانەیش كە سیستەمی بەرگری لەش بەهێز دەكەن، بریتین لەمانەی خوارەوە.

یەكەم: ئاوی لیمۆ، هەرزانترین و ئاسانترین ئەو خۆراكەی كە سیستەمی بەرگری بەهێز دەكات شەربەتی لیمۆیە. پڕە لە ڤیتامین C توانایی پاراستنی لەشی هەیە لە نەخۆشیە جۆراوجۆرەكان و سیستەمی هەرس بەهێز دەكات.

دووەم: شەربەتی سێو،خواردنی سێوێك لە رۆژێكدا لە نەخۆشی دەتپارێزێت، بەهەمانشێوە شەربەتی سێو یارمەتی بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری لەش دەدات دژی هەر نەخۆشیەك لە لەش. بەڵام باشترە بە توێكڵەوە بكرێت بە شەربەت، چونكە بڕێكی زۆر دژەئۆكسیدی تێدایە.

سێیەم: سركەی سێو، بەهەمانشێوە سركەی سێو لە سێوەوە دروست دەكرێت خواردنەوەی سركەی سێو چەند جۆرە ترشێك بەلەش دەدات لەگەڵ دژەئۆكسید و پێكهاتەی خۆراكی گرنگ كە پێویستە بۆ بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری لەش، باشترە بەیانیان یەك كەوچك سركەی سێو تێكەڵ بە كوپێك ئاوی شلەتێن بكەیت و بیخۆیتەوە.

چوارەم: چای سەوز، خواردنەوەی چای سەوز بە شێوەیەكی ئاسایی دەبێتە هۆی بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری لەش و تایبەتمەندی دژە میكرۆبی هەیە و ڕێ لە نەخۆشیە جۆراوجۆرەكانی شێرپەنجە دەگرێت.

پێنجەم: شەربەتی چەوەندەر، چەوەندەر یەكێكە لەو سەوزانەی كە ڕەنگێكی سوور و تامێكی شیرینی هەیە و بڕێكی زۆر ڤیتامین C و دژەئۆكسیدی تێدایە و یارمەتی بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری لەش دەدات.

شەشەم: شەربەتی كێوی، زانیوتە كە كێوی ڤیتامین C لە پرتەقاڵ زیاترە؟بۆیە خواردنەوەی شەربەتی كێوی یارمەتی بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری لەش دەدات و لەش لە نەخۆشیە جۆراوجۆرەكان دەپارێزێت، بڕێكی دیاریكراو ڤیتامین E،Aیشی تێدایە كە ئەم دوو ڤیتامینە باشن بۆ تەندروستی پێست و چاوەكان.



وشە - ئاوات ئازاد