سلێمانی.. شۆفێرێكی تەكسی خاوەن پێداویستی تایبەت كەسانی تر فێر دەكات

:: PM:10:43:09/10/2018 ‌

خاوەن پێداویستییەكی تایبەت لە شاری سلێمانی ١٧ ساڵە كاری شۆفێری تەكسی دەكات و نۆ كەسی تری خاوەن پێداویستی تایبەت فێری شۆفێری كردووە، ئەو دەڵێت، تا ئێستە تووشی رووداوی هاتوچۆ نەبووە.

حەیدەر عوسمان، لە ساڵی ١٩٧٠ لە سلێمانی لەدایك بووە و هەر لە تەمەنی منداڵیدا بەهۆی رووداوی هاتوچۆ هەردوو قاچی لەدەست دەدات و دەبێتە خاوەن پێداویستی تایبەت و توانای رێكردنی نامێنێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی كە ژیان بۆ ئەو كۆتای پێ بێت، بەڵكو لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە لە بازاڕدا كاری سەرتاشی و ئاڵوگۆڕی دراوی كردووە و دواتر مۆڵەتی شۆفێری دەردەكات و تەكسییەك دەكڕێت و هاووڵاتییانی پێ دەگوازێتەوە.

عوسمان سەبارەت بە پیشەكەی بۆ "وشە" گوتی، لە بازاڕ كارم دەكرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە وەرزی زستاندا زۆر سەرمام بوو، گورچیلەیەكم لەدەست دا، بۆیە بیرم لە كاری تەكسی كردووە و ماوەی ١٧ ساڵە كاری تەكسی دەكەم و تەكسییەكەم بە دەست لێدەخوڕم و هەر خۆیشم وام لێ كردووە كە لەبری ئەوەی پێویستم بە قاچەكانم بێت بە دەست كاری شۆفێری دەكەم و چەندین ئۆتۆمبێلی تریشم بۆ چەند هاوڕێیەكی خاوەن پێداویستی تایبەت وا لێكردووە.

ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە خولیای شۆفێری تەنیا بۆ خۆی نەبووە، بەڵكو چەندین كەسی تری فێری شۆفێری كردووە و وەك خۆی دەڵێت، تا ئێستە نۆ كەسی خاوەن پێداویستی تایبەتم فێری شۆفێری كردووە.

زۆربەی زۆری شۆفێران لە كاتی شۆفێریدا تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبن، بەڵام جێگەی خۆشحاڵییە كە لە دوای ١٧ ساڵ شۆفێری بۆ جارێكیش حەیدەر تووشی رووداوی هاتوچۆ نەبووە و دەڵێت، تا ئێستە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ نەبووم و توانیومە كە لە كارەكەمدا سەركەوتوو بم.

ئەو شۆفێرە ڕۆژانە لە سەعات چواری بەرەبەیانەوە لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و تا ئێوارە سەرقاڵی كاری شۆفێری دەبێت، ژمارەیشی لای زۆر كەس هەیە كە كاتێك پێویستیان بە تەكسی دەبێت پێوەندی پێوە دەكەن و دەڵێت، پارەی زیاد وەرناگرم و ڕێز لە خەڵك دەگرم، زۆرجار خەڵك لەگەڵم سەردەكەون و بۆیان دەردەكەوێت كە خاوەن پێداویستی تایبەتم، ترسیان لێ دەنیشێت، بەڵام دواتر دەبینن كە شۆفێرییەكەم باشە ترسیان نامێنێت.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل