هاتوچۆ هۆشداری لە بارانبارین بۆ شوفێران دەدات

:: AM:10:14:10/10/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان ، هۆشداری بە شوفێران دەدات كە ئاگەداربن لە یەكەمین بارانبارین لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی لە ڕووداوی هاتوچۆ بە دوور بن.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی تشرینی یەكەم، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێكی بەهۆی دەست پێكردنی وەزری بارانبارین، چەند ڕێنوێنییەك بۆ شوفێران بڵاو كردەوە و داوا دەكات، ماوەی سەلامەتی لەگەڵ ئۆتۆمبێلی پێش خۆتدا بۆ سێ هێندە زیاتر بكە و هەوڵ بدە سێ هێندە هێواشتر لێ بخورێت، ئەگەر لە خێرایی 50 لێدەخوڕیت، هەوڵ بدە ماوەی نێوانت لەگەڵ ئۆتۆمبێلی پێش خۆتدا 75 مەتر بێت.

لە بەشێكی ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ ئاماژە دراوە، هەوڵ بدە ئەو خێرایییە تێنەپەڕێنیت كە دیاری كراوە و سنووردارە، بەڵكو بگەیتە نیوەی ئەو خێرایییە و لەكاتی ستۆپكردندا بە فشارێكی زۆر و یەكسەر نەبێت، چونكە زەوییەكە خز دەبێ و ڕەنگە بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەكە بسووڕێتەوە و بخلیسكێت، هەروەها لە ناوەڕاستی ڕێیەكاندا بڕۆیت، لەو رێیانەی كە دیزاینی لێژایییە و قوڕ و ئاو كۆ دەبێتەوە.

لەكاتی بارانبارینی زۆردا مەودای بینین كەم دەبێتەوە، هەوڵ بدە بە وریایییەوە تێپەڕیت و ماوەیەكی زۆر بهێڵیتەوە بۆ ئەگەری فریاكەوتن، هەروەها دەبێ بەر لەوەی بچیتە دەرەوە، دڵنیا بیتەوە لە سەلامەتیی ستۆپ و میكانیكی ئۆتۆمبێلەكە و بازنە كارەبایییەكان، فڵچە و بوونی ئاو لە شوێنی فڵچەدا. هاتوچۆ ئاماژە پێ داوە.

لە كۆتایی ڕێنوێنییەكاندا ئاشكرا كراوە، دەبێ لەكاتی تێپەڕبوون بەلێژایی و پێچەكان و ئاستەنگەكاندا، بە وریایی و بەهێواشی لێ بخوڕیت تا هەڵمی ئاو لەسەر شووشە و جامەكان كۆ نەبێتەوە، هەوڵ بدە پەنجەرە بكەیتەوە بۆ هەواگۆڕكێ ئەگەر كەمیش بێت، بۆ نوێبوونەوەی هەوای ناو ئۆتۆمبێلەكە.



وشە - رامیار جەواد