بە پەلە سەردانی ئەم فەرمانگەیە بكەن بۆ دامەزراندن

:: PM:12:27:10/10/2018 ‌
لە یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی سەر بە پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان، داوا لە هاووڵاتییان دەكرێت بەپەلە سەردانی بكەن بۆ تەواوكردنی مامەڵەی دامەزراندنیان.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی تشرینی یەكەم، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەڵەبجە كە تێیدا هاتووە، ئاگەداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەكەینەوە كە ناویان بۆ نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هاتووەتەوە، سەردانیان بكەن.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە ئاشكرا كراوە، ئەوانەی تا ئێستە نەهاتوون بۆ كاری مامەڵەكانیان كە دامەزراندنەكەیانە، ئەگەر تا ڕۆژی دووشەمی داهاتوو سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نەكەن و مامەڵەكەیان تەواو نەكەن، مافی دامەزراندنیان دەفەوتێت.

ئەو ئاگەدارییەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە لە كاتێكدایە كۆتایی ساڵی 2017 بڕیاری دامەزراندنی چەندان هاووڵاتی دەرچوو بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانەی تایبەت بە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دەستبەكار بن و سەرەتای مانگی ئایاریش نەخۆشخانەكە تەواو بوو.

پارێزگەی هەڵەبجە بەدووری 60 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی و بەدرێژایی 75 كیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقی ئەو شارە كیمیاباران كرا.



وشە - رامیار جەواد