هەر دۆلارێك بۆ پەروەردە خەرج بكرێت 15 دۆلار بەرهەمی دەبێت

:: PM:01:31:10/10/2018 ‌
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە كەرتی پەروەردە هەر دۆلارێك خەرج بكرێت، 15 دۆلار بەرهەمی لە داهاتوودا دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی تشرینی یەكەم، پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پێویستە لەوە تێبگەین كە پرسی پەروەردە چەندە گرنگە و گرنگی پێ بدەین و پڕۆژەی پەروەردەیی هان بدرێت.
 
وەزیری پەروەردە گوتی، هەر دۆلارێك لە كەرتی پەروەردە خەرج دەكرێت، بێگومان لە ئایندەدا بەرهەمەكەی بۆ ئێمە 15 دۆلار دەبێت و هەر كەسێك لەپێناو گەشەكردنی پەروەردە هەنگاوێك هەڵبگرێت، بێگومان پاداشتیان دەدرێتەوە.

ئاشكرای كرد كە لە ڕابردوودا تەنیا 900 بینای قوتابخانەمان هەبووە، بەڵام ئێستە نزیكەی شەش هەزار باڵەخانە و ناوەندی خوێندنمان هەیە، ئەوكات نزیكەی 20 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەییمان هەبووە، بەڵام ئێستە 180 هەزار مامۆستا و فەرمانبەرمان لە هەرێمی كوردستان هەیە.

ئاماژەی دا ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆر لە قوتابی پۆلی یەكەم لە پرۆسەی خوێندن بەشدارییان كردووە، بۆیە پێویستمان بە 410 قوتابخانەی نوێیە تەنیا بۆ پۆلی یەكی بنەڕەتی.



وشە - رامیار جەواد