شێرپەنجەی كۆم "ڕێكە" لە كوردستان شێرپەنجەیەكی بەربڵاوە

:: AM:08:31:11/10/2018 ‌
شێرپەنجەی كۆم یەكێكە لە شێرپەنجە باوەكان لە هەموو دنیادا و بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوە. لە كوردستانیشدا ئەم نەخۆشییە تەشەنەی كردووە و زیاتر لە پیاواندا باوە بە بەراوردی ژنان. 

ئەم جۆرەی شێرپەنجە بە ڕێكە یان شێرپەنجەی كۆم ناسراوە، دكتۆر ئەحمەد ئاغا پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، بۆ "وشە" وردەكاریی ئەم نەخۆشییە دەخاتە ڕوو و دەڵێت، "زۆرجار نەخۆش هەست بە نیشانەكانی دەكات و دەتوانرێ بە ئاسانی بناسرێتەوە، بەڵام هەندێك جاریش ناسینەوەی ئەستەمە، چونكە لەگەڵ نەخۆشیی مایەسیری تێكەڵ دەبێت".

ئەم نەخۆشییە زیاتر لەو كەسانەدا ڕوو دەدات كە بەساڵاچوون، هەندێك جاریش لە گەنجدا تۆمار دەكرێت، بەپێی لێكۆڵینەوە زانسیتییەكان زیاتر هۆكارەكەی گۆڕانی "كڕۆمۆسۆمی بۆماوەیییە"، بۆ نموونە كە ئەم نەخۆشییە لەناو ئەندامانی یەك خێزان هەبێت بەتایبەت "برا، باوك، ئامۆزا" ئەگەری تووشبوونی شێرپەنجەی هەیە بۆ ئەندامەكانی تری هەمان خێزان، بۆیە دكتۆر ئەحمەد ئاغا پێی باشە لە حاڵەتی بوونی ئەو نەخۆشییەدا، "سەرجەم ئەندامانی خێزان پشكنین بكەن لەڕێی ئەنجامدانی (نازووری كۆلۆن) تا ڕێ بگیرێت لە دروستبوونی هەر گرێیەك كە مەترسی دروستبوونی شێرپەنجەی لێ دەكرێت".

دكتۆر ئەحمەد دەستنیشانی دەكات كە نیشانەكانی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە ئەمانەی خوارەوەن كە پێویستە لەكاتی هەست پێكردنیان كەسی گومانكەر بە زووترین كات ڕاوێژی پزیشك بكات:

* تێكچوونی كاتەكانی پیساییكردن، بەتایبەتی زۆربەی جار نەخۆش پیسایی دەكەن.
* بوونی خوێن لەگەڵ پیسایی، زۆر گرنگە لە كاتی بینینی خوێن لەگەڵ پیساییدا، بە زووترین كات سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێ بۆ دڵنیابوون لە بوونی گرێی شێرپەنجە، بەداخەوە زۆركات هەڵە تێگەشتنێك هەیە كە ئەم خوێنبینینە مایەسیرییە، زۆرجار نەخۆش چارەسەی مایەسیری وەردەگرێت، یا نەشتەرگەری بۆ دەكرێت، بەڵام ئەگەر شێرپەنجە بوو، بەو نەشتەرگەرییە دەكەوێتە قۆناغێكی مەترسیدار.
* گۆڕانی قەبارەی پیسایی كە باریك دەبێتەوە.
* كەمبوون یاخۆ دابەزینی كێشی نەخۆشەكە.
* بوونی ئازارێكی زۆر لە كۆمدا، بەهۆی قەبزی بەردەوام، بە جۆرێك نەخۆش لە كاتی پیسایی هەست دەكات كۆمی بەتاڵ نەبووە.

پزیشكە پسپۆڕەكە روونی دەكاتەوە كە دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی كۆم یان رێكە بەم ڕێیانە دەكرێ:
* وەرگرتنی مێژووی نەخۆشەكە و پرسیاركردن لەو نیشانانەی پێشتر هەستی پێ كراوە.
* پشكنینی كۆمی نەخۆش لە ڕێی پەنجە یاخۆ بەكارهێنانی ئامێری نازووری كووت بۆ بینینی هەر گرێیەك.
* ئەنجامدانی ناوزوور بۆ تەواوی ڕیخۆڵە ئەستوورە بۆ دڵنیابوون لە گرێی شێرپەنجەیی كە گرێی تریش ئەگەری پەیدابوونی هەیە.
* گرتنی تیشكی رەنگاوڕەنگ (ئەشیعە) بۆ زانینی قۆناغی نەخۆشییەكە كە لە چ ئاستێكدایە بۆ دیاریكردنی جۆری چارەسەر.
* وەرگرتنی نموونەیەك لە گرێكە و ناردنی بۆ پشكنین بۆ ئەوەی بزانین گرێیەكی سەلامەتە یاخۆ پیس.
* پشكنینی خوێن بۆ نەخۆش دەكرێ بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو گرێیە چ كاریگەریی لەسەر جەستەی دروست كردووە.

دكتۆر ئەحمەد ئاغا پسپۆڕی نەشتەرگەری ئەوە روون دەكاتەوە كە چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی كۆم یان رێكە دەكەوێتە سەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە كە پزیشكان دەبێ پشتی پێ ببەستن.

* جۆری خانەكانی شێرپەنجە، توندی یا خراپی جۆری گرێكەمان پێ دەڵێ، بۆ هەڵبژاردنی چارەسەر، ئایا چارەسەرەكە بە تیشك و دەرمانی كیمیایی دەكرێت، یا لەڕێی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە.
* ئاستی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە، بۆ نموونە نەخۆشییەكە هەر لە شوێنی خۆیەتی یا تەشەنەی كردووە و گەیشتووەتە گرێ لیمفاوییەكان و جگەر.
* ئەگەر گرێكە لە شوێنی خۆی بێت و زۆر تەشەنەی نەكردبێت، دەتوانین لە ڕێی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەوە نەخۆشییەكە بنبڕ بكەین. بەڵام ئەگەر نەخۆشییەكە تەشەنەی كردبوو، دەبێت بەشێكی چارەسەرییەكە بە تیشك و دەرمانی كیمیایی بكەین. 
لەبەرئەوەی شێرپەنجەی كۆم یەكێك لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان و لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی تووشی دەبن و بە ڕاستی جۆری نەخۆشییەكەیش نازانن، بۆیە پێویستە ڕێیەكانی خۆپاراستن بزانن بۆ ئەوەی لە بنچینەوە ڕێگری لە تووشبوون بكەن كە بەگوتەی پزیشكەكە بریتین لە:
* وەرزشكردنی بەردەوام.
* كەمكردنەوەی كێشی لەش.
* خواردنی سەوزە و میوە و سووپ و خواردنە سووكەكان و دووركەوتنەوە لە خواردنی خێرا "فاسفود" و چەوری و گۆشتی سوور.
* لەگەڵ هەستكردن بەهەر نیشانەیەكی سەرەتایی نەخۆشییەكە، ڕاوێژ بە پزیشك بكرێت بێ شەرمكردن، چونكە زۆرجار شەرمكردن و دواخستنی پرسیاركردن، نەخۆشییەكە دەگەیەنێتە قۆناغێكی ئاڵۆز و مەترسیدار.



وشە - تایبه‌ت