دیناری عەلاق یان سڕینەوەی مێژووی سوننە.. پەرلەمان لەسەری كۆ دەبێتەوە

:: AM:11:21:11/10/2018 ‌

چەند رۆژێكە جۆرێكی نوێی دراوی 250 دیناری و 500 و 1000ی لە بازاڕەكانی عێراقی بڵاو بووەتەوە كە بە "دیناری عەلاق" ناسراوە، كۆمەڵێك گۆڕانكاری بنەڕەتی تێدا كراوە، لەوانە لابردنی "سوورەتی ئیخڵاس" كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسییەكان، پەرلەمانتارانیش دەڵێن ئەوەی كراوە نایاسایییە و لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر پێكدەهێنین. بانكی ناوەندیش دەڵێ لە دەسەڵاتی بانكدایە هەر گۆڕانكارییەك لە دراو بكات.

لەسەر دراوی عەلاق پەرلەمان دێتە دەنگ
چاوەڕوان دەكرێ ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، پرسی گۆڕانكارییەكانی بەسەر دراوی عێراقیدا هاتووە لەلایەن بانكی ناوەندی، مژارێكی گەرمی دانیشتنی پەرلەمان بێت، سەرچاوەیەكیش دەڵێ ئەگەر رێژەی یاسایی ئەندامانیش ئامادەی دانیشتنەكە نەبن، ئەوا لیژنەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر پرسی دەستكاریكردنی بنەڕەتی لە دراوی جۆری 250 دیناری و 500 و 1000 دیناری دەكرێت، كە دیارترینیان لادانی سوورەتی ئیخڵاس، ئایەتی "قل هو الله احد.." لەسەر دراوی 1000 دینار كە شوێنەوارێكی عەباسییەكانە و تا ئێستە لەسەر دراوی عێراقی ماوەتەوە، لە جێی ئەودا ئەهواڕی باشووری عێراق كە بەمدوایییە خرایە لیستی شوێنەوارە جیهانییەكان دانراوە، سوننەكانیش پێیان وایە ئەمە بەردەوامی هەوڵی سڕینەوەی شوێنەواری سوننەكانە لەسەر سیمای دەوڵەتی عێراقی.

جگە لەمە عەلی موحسین عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی بە وەكالەت، ناوی خۆی لەسەر دراوەكان نووسیوە كە ئەمە پێچەوانەی یاسایە و پێشتر لەسەر دراوی عێراقی تەنیا ناوی پارێزگار و واژووەكەی هەبووە.

ئەوەی جێی سەرنجە كۆی ئەو گۆڕانكارییانەی كراوە، حكوومەت و پەرلەمانی عێراقی لێ ئاگادار نەكراوەتەوە، لە قۆناغی یەكەمیشدا حەوت ملیار دینار لەو دراوە خراوەتە بازاڕ و 40 ملیاری تریشی لێ چاپ كراوە و ئامادەیە بۆ ئەوەی بخرێتە بازاڕەوە.

پێوەند بەو پرسە، جگە لەوەی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی لەسەر ئەنجام دەدات، ئەوا پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر و حزبی شیوعی و هاوپەیمانی میحوەر داوای هەڵدانەوە و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی بانكی ناوەندی بە گشتی دەكەن لەو تۆمەتانەی دەخرێتە پاڵ بانكەكە لە مامەڵەكردن بە دراوی عێراقی و رێدان بە هەندێك كۆمپانیای دراو و كڕین و فرۆشتنی دۆلار، هاوكات بە هۆی مانەوەی پۆستی پارێزگاری بانك بە وەكالەت بۆ ماوەی چوار ساڵ كە تا ئێستە بەردەوامی هەیە.

بەرپرسێك لە فەرمانگەی یاسایی پەرلەمان دەڵێ، لە دانیشتنی ئەمڕۆ پێنجشەم ئەو پرسە گەنگەشە دەكرێت، ئەگەریش رێژەی یاسایی ئەندامان ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون، ئەوا لەسەر داوای ئەو پەرلەمانتارانەی داوای بەدواداچوونیان كردووە، لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنرێت.

بانكی ناوەندی كە عەلی عەلاق سەركردە لە حزبی دەعوە ماوەی چوار ساڵە بە وەكالەت بەڕێوەی دەبات، پێشتریش لە هەردوو كابینەكەی حكوومەتەكەی نووری مالیكی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بووە.

بانكی ناوەندی روونكردەوە دەدات
بانكی ناوەندی عێراقی دەڵێ، لە دەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایە لیستی رێكخستنی جۆرەكانی دراوی كاغەزی و كانزایی لە قەبارە و شێوە و جۆری پێكهاتە و ناوەڕۆك و قورسایی و نەخشەسازی و تایبەتمەندییەكانی تری رێك بخات.

ئەوەش دەخاتەڕوو كە دراوی زۆر لە وڵاتان ناوی پارێزگاری بانك لەسەر دراو دەنووسرێت و واژووی دەكات، هەندێكیش هەن تەنیا ناوەكە دەنووسن و هی تریش هەن تەنیا واژووی لەسەر دراوەكە دەكات.

جێی باسە بانكی ناوەندی دراوی دیناری ساڵی 1932 دەركردووە كە سوورەتی ئیخڵاسی لەسەر جێگیر كراوە وەك شوێنەوارێكی دەسەڵاتی عەباسییەكان لە بەغدا، بەڵام شیعەكان ئەو شوێنەوارەشیان لەسەر دراوی عێراقی لاداوە و لە جێیدا ئەهوارشەكانی باشووریان جێگیر كردووە.

 دەوڵەتی عەباسی دوای ئەوەی شۆڕشیان دژ بە ئەمەوییەكان ئەنجام دا، ساڵی 750ی زاین دەسەڵاتیان گرتە دەست، پایتەختیان لە دیمەشق گواستەوە بۆ كوفە، پاشان ساڵی 766 پایتەختیان گواستەوە بۆ بەغدا تا ساڵی 1258، دواتر بۆ قاهیرە تا ساڵی 1517 كە كۆتایی بە دەوڵەتی عەباسی هات.

بوونی تەنیا واژوو لەسەر دراوی عێراقی شێوازێكە لە میسڕ، سعوودیە، لبنان، توركیا و ئیمارات و زۆر لە وڵاتان پێڕەوی لێ دەكرێت، بەشێك پێیان وایە ئەوەی عەلی عەلاق كردوویەتی پڕوپانگەندەیەكی سیاسییە بۆ خۆی، پەرلەمانتارێكیش دەڵێ ئەو دەستكاریكردنە بێ گەڕانەوە بۆ حكوومەت و پەرلەمان، بەڵگەی لاوازی ئەو دوو دامەزراوەیە دەگەیەنێت.

ناڕەزایی شەقام دەهەژێنێت
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی حەوت ملیار دینار لە هەرسێ جۆری دراوەكە لە رێی بانكی حكوومەت و بانكە تایبەتەكان، لە شەقامی عێراقیدا ناڕەزایەتی توندی لێ كەوتەوە و رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەسعەد عەبادی پەرلەمانتار دەڵێ، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی بە وەكالەت دوو پێشێلكاری یاسایی كردووە، یەكەمیان دانانی ناوی خۆی و دووەمیان دەستكاریكردنی ناوەڕۆكی دراوەكە، كە بەپێی مادەی 32 و 33ی یاسای بانكی ناوەندی ساڵی 2004، دەبێ بانك لە هەر گۆڕانكارییەك وەزارەتی دارایی و پەرلەمان ئاگادار بكاتەوە، دوای رێككەوتن لەسەر گۆڕانكارییەكە ئینجا بڕیار وەربگرێ و جێبەجێ بكرێت.

هاوكات عالیە نسەیف پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی بە شێوەی كاتی، دەڵێ یاسایەك هەیە دەبێت پارێزگار و بانكی ناوەندی پێیەوە پابەند بن، هیچ مادەیەكی یاسایی نییە كە دەسەڵات بدات بە پارێزگار بە ئارەزووی خۆی دەستكاری دراو بكات.
 
لای خۆیەوە رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری هاوپەمیانی نیشتمانی دەڵێ، ئەگەر دامەزراوەی دەوڵەتی لە عێراق هەبووایە، ئەوا گفتوگۆیەكی بێ پێچ وپەنا لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ كەسانی تایبەتمەند دەكرا بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو دۆخە نەبینەوە. گوتی "پەرلەمان بڕیارێكی روون و ئاشكرا لەسەر ئەو پرسە دەردەكات بۆ چارەسەركردنی".

رەتكردنەوەی زیانێكی زۆر لە عێراق دەدات
بانكی ناوەندی دەڵێ دراوی عێراقی لە باشترین كۆمپانیاكانی چاپەمەنی سویسڕی چاپ دەكرێت، وەك زانراوە دراوی عێراقی لە لۆكە دروست دەكرێت، بانكی ناوەندیش دەڵێت تێچووی چاپكردنی هەر 25 هەزارییەكیش تەنیا شەش سەنتە واتە 71 دینارە، بەڵام زانیاری لەسەر تێچووی چاپكردنی دراوی جۆری 250 دیناری و 500 و 1000 دیناری نەداوە، خۆ ئەگەر تێچووی ئەوان بە سێ سەنت هەژمار بكرێت بەهۆی بچووكی قەبارەكەیان، ئەوا رەت كردنەوەی 40 ملیار دیناری ئەگەر هەر هەمووی لە جۆری 1000 دیناری بێت، ئەوا تێچووەكەی دەكاتە ملیۆنێك و 200 هەزار دۆلار، خۆ ئەگەر هەمووی لە جۆری 500 دیناری بێت، ئەوا تێچووەكەی دەكاتە دوو ملیۆن و 400 هەزار دۆلار، ئەگەریش لە جۆری 250 دیناری بێت، ئەوا تێچووەكەی دەكاتە چوار ملیۆن و 800 هەزار دۆلار.

ئەحمەد حەمدانی شارەزای دارایی دەڵێ، رەتكردنەوەی ئەو پارەیە لە بازاڕ قورسە، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی، بۆیە كۆكردنەوەی تێچوویەكی زۆری لەسەر حكوومەت دەكەوێت.

ئەوەشی خستەڕوو كە دراوی عێراقی لە سویسڕا چاپ دەكرێت، بۆیە تێچووی چاپەكەشی زیانێكی زۆر بە عێراق دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە لەسەر ئەو پرسە پارێزگاری بانكی ناوەندی و ئەنجوومەنی كارگێڕی بانكی ناوەندی سزا بدرێن بە تۆمەتی كەمتەرخەمی.



وشە - فه‌رمان سادق