وێنە.. لەم ناوچەیە دەست بە دابەشكردنی نەوت كرا

:: PM:01:15:15/10/2018 ‌
 لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری شارۆكەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان كرا و سەرەتا لە شارەدیێ كانی ماسی و دەڤەری بەرواری باڵا دەستی پێ كرد و هەر خێزانێك 200 لیتر نەوتی سپی وەردەگرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی تشرینی یەكەم، سەربەست ئاكرەیی بەرێوەبەری شارەدیێ كانی ماسی سەر بە شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ـی راگەیاند، بەیانی ئەمرۆ لەگەڵ دەست پێ كردنی دەوامی ئاسایی دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان لە گوندەكانی سنووری شارەدێی كانی ماسی و دەڤەری بەرواری باڵایان كرا.

بەڕێوەبەری شارەدێی كانی ماسی گوتی، دەڤەری بەرواری باڵا و شارەدێََی كانی ماسی بە یەكێك لە سەخترین ناوچەكانی كوردستان دادەنرێت بەبوونی سەرما و سۆڵێكی لە رادەبەردەر  و دژوار، هەروەها كاریگەری نەرێنی لەسەر هاووڵاتیان هەیە بۆیە لە هەموو پارێزگای دهۆك سەرەتا لە كانی ماسی دەست بە دابەشكردنی نەوت كرا و بو هەر خێزانێك 200 لیتر نەوتی سپی دابەشكرا و لە بەرانبەریشدا  بری 45 هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەرگیراوە.

بەرێوەبەری شارەدێی كانی ماسی ئاشكرای كرد، دەڤەری بەرواری باڵا و كانی ماسی لە 78 گوند پێك دێت و هەزار و 532 خێزان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی نەوتی ماڵان و ئەگەر ئەمرۆ پرۆسەكە تەواو نەبوو ئەوا ڕۆژانی داهاتووش دابەش دەكرێت و بە دابەشكردنی نەوت جارێكی تر ژینگەی ناوچەكە لە داربرین و كارەساتی ژینگەی پارێزڕاو دەبێت.

كانی ماسی دەكەوێتە سەر سنووری نێوان باكوور و باشووری كوردستان و ساڵانە نزیكەی دوو مەتر بەفر دەبارێت و لە وەرزی زستان بەهۆی سەرما و سۆڵە چەندین جار دەوام پەكی دەكەوێت.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری









وشە - رامیار جەواد