هۆشداری توند بە وەزارەتی خوێندنی باڵای كوردستان دەدرێ

:: PM:01:33:15/10/2018 ‌
ڕێكخراوێكی تایبەت بە بەرگری لە مافی قوتابیان هۆشداری بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەدات لەسەر وەرنەگرتنی ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە زانكۆكان.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەندراوێكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان هاتووە، دوای راگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان كە گلەیی و ناڕەزایی زۆری قوتابیانی لێ كەوتەوە، ئێمە لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان هۆكاری كێشەكان بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێنینەوە.

ئەو ڕێكخراوە ئاماژەی داوە، بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كاتێكی نەگونجاو درا، كە لە دوای كۆتایی هاتنی تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی پۆلی (١٢)ـی ئامادەیی  بوو، هەروەها قوتابیان دەربارەی بڕیاری جیاوازی كردن لە وەرگرتنیان بە پێی خولەكانی دەرچوونیان، بە فەرمی لەلایەن دامەزراوەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە ئاگادار نەكراونەتەوە. 

جیاوازی لە نێوان كەمترین كۆنمرەی وەرگرتن لە بەشەكان لە نێوان دەرچووانی خولی یەكەم و دووەم ناكرێت لە (٣) كۆنمرەی گشتی (معدل) كە دەكاتە (٢١) نمرە زیاتر بێت، ئەوە لە ڕاگەیەندراوەكەی یەكێتی قوتابیان هاتووە.

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، ئێمە لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرانبەر توێژی قوتابیان داواكارین بە زووترین كات پێداچوونەوە بە كۆی سیستەمی وەرگرتن بكرێتەوە، و مافی خوێندن بۆ هەموو قوتابیانی دەرچووی پۆلی (١٢)ـی ئامادەیی لە چوارچێوەی توانای زانكۆ و پەیمانگەكان زامن بكرێت و چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەكانی قوتابیان بدۆزرێتەوە، بە پێچەوانەوە هەڵوێستی ترمان دەبێت.



وشە - رامیار جەواد